سەرکەوتن چیە؟

سەرکەوتن چیە؟

جار بینراوە: (587)

بەپێی تەرازوی هێز بێت، ئەگەر ئەمریکا سبەی لەگەڵ ئەم ٩ وڵاتە، بچێتە شەڕەوە: (ڕوسیا، چین، هیندستان،کۆریای باشور، فەڕەنسا، ژاپۆن، بەریتانیا، تورکیا و ئیتاڵیا) بەیەکەوە،- کە بەهێزترین وڵاتەکانی دنیان -، ئەمریکا براوەیە!! کەچی دەرەقەتی ئێران نایە!! بۆچی؟

لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، ئەمریکا چۆن مەیلی بوبێ، بە ڕیز وڵاتی بەزاندوە. کێی ویستوە لای بردوە. عێراق، ئەفگانستان، لیبیا، سوریا و کۆڵۆمبیا.

لە پارەوە ئەمریکا دوو جار بە قورسی پەلاماری ئێرانی داوە. ڕابەری گشتی و زیاد لە ٤٠ دانە لە سەرکردە هەرە باڵاکانی سەربازی و ڕوحانی کوشتوە. بەشێکی زۆری چەک و جبەخانە و کارگە و مەڵبەندەکانی سەرکردایەتیی جەنگی بۆردومان کردوە. ٤٧ ساڵیشە لە ژێر ئابڵوقەیەکی تۆکمەی گشت لایەنانەی خنکێنەردا هێشتویەتیەوە. بەهای تمەن هەزاران قات دابەزیوە. بە حسابی تەرازوی هێز بێت، ئێران دەبوو ڕوخابایە.

باڵادەستیی سەربازی، تەکنەلۆژی و ئەمریکا بێشومارە؛ لە ٢٠٢٥ بودجەی ساڵانەی ئێران ١١١ ملیار بوو، هی ئەمریکا، لە ساڵی ٢٠٢٦، ٧٤٠٠ ملیار دۆلارە، (٦٦ قات). بێگومان ئەگەر خشتەیەک، بۆ بەراوردی توانای هێزی ئاسمانی، زەمینی و دەریایی هەردولا بکەین، ئەوا ئێران زۆر لە دواوەیە. بۆ نمونە ئێران نزیکەی ٢٥٠ فڕۆکەی شەرکەری هەیە، کە هی پێش ساڵی ١٩٧٩ ن، بەرزترین مۆدێلیان F5 ی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوە. زیاد لە ١٠٠ دانەشیان ئەوانەن کە کاتی خۆی سەدام لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، لە ترسی بۆمببارانی ئەمریکا، بە ئەمانەت، ناردنیە ئێران! هەموی بێ پارچەی یەدەگن. ئەمریکا ١٣٠٠٠ فڕۆکەی شەڕکەری هاوچەرخی وەک F36 ی هەیە. خشتەی بەراوردی توانا و سەربازیەکانی ئەمریکا و ئێران زۆر بە لای ئەمریکادا، لاسەنگە. ئەی بۆچی ئەمریکا سەرنەکەوتوە؟ بۆ دەبێ ئەمریکا بچەقێت؟

ئەم نوسینە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیە.

١. دوو پاڵنەری جیاوازی شەڕ

ئەمریکا شەڕی ئێران دەکات، چونکە دەیبوغزێنێ، ئێران شەڕدەکات، چونکە ئەگەر نەیکات لەناو دەچێت.

هەرکاتێک پرسی ئێران چوبیێتە کۆنگرێسەوە، ڕای زۆرینە ئەوە بوە کە؛ ڕژێمی ئێران هەڕەشەیەکی حەیاتی نیە بۆ سەر ئەمریکا. هەتا ئەگەر ببێ بە ئەتۆمیش. ئەوەتا لە سەرەتای دووهەزارەکانەوە ( کۆریای باکور) بوەتە ئەتۆمی و ئەمریکاشی کاول نەکردوە.

بۆ تڕەمپ، ڕژێمی ئێران سەرئێشەیە، ڕقێکی لاوەکیە، مەترسیەکی حەیاتی نیە. بە مانەوەی ئێرانیش ئەمریکا هەر دەمێنێ. بەڵام بۆ ئێران ئەمە شەڕی مان و نەمانە. دەبێ نەدۆرێ.

٢. دوو پێناسەی جیاوازی سەرکەوتن

بۆ ئەمریکا، ئەگەر ئێران نەڕوخێنێت دۆڕاوە. بۆ ئێران، ئەگەر نەڕوخێ براوەیە!

سەرکەوتن بۆ ئەمریکا و ئێران دوو ئامانجی زۆر جیاوازن: ئەمریکا براوەیە ئەگەر بتوانێ؛ دەست بەسەر تەواوی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێراندا بگرێت، توانای ڕۆکێتی دوور مەودا و دڕۆنی لەناوبەرێ، پەلوپۆکانی لە ناوچەکە ببڕێتەوە و ڕژێمی ئێران بڕوخێنێ یا بیخاتە سەر چۆک.

ئێران براوەیە تەنها ئەگەر؛ نەڕوخێت.

هەر بەیانیەک تڕەمپ لەخەو هەڵسێت و ئێران نەڕوخابێت، دۆڕاوە. هەر ڕۆژێک دەسەڵاتی ئێران ڕۆژ بکەنەوە و نەڕوخابن، براوەن. دەتوانین ببینین کە؛ ئامانجی ئەمریکا ئاڵۆز و گرانە. ئامانجی ئێران سادە و هەرزانە.

٣. مەیدانی جەنگ و لۆجستیک

لەوەتەی مرۆڤ شەڕ دەکات ، سەرکردەکان سەرنجێکی وردیان خستۆتە سەر ئەوەی کوێ هەڵبژێرن بە مەیدانی پەلامار. بە هۆی سروشتی ئەم شەڕەوە، ئەمریکا ناچارە، لە ناو ماڵی ئێران شەڕ بکات. سوپاکەی ئەمریکا، پێش ئەوەی تەقەیەکی کردبێت، زیاد لە ٩٠٠٠ کیلۆمەتر ڕێگای بڕیوە. ئەم لۆجستیکە پارە و کاتێکی زۆری دەوێ. ئێران لە ناو ماڵی خۆی شەڕ دەکات. مەسرەف لە جوڵاندنی هێز ناکات. ئەم جۆرە شەڕەی ئەمریکا هەڵی بژاردوە، بۆ پەلاماری کتوپڕ ئیشدەکات، بەڵام بۆ شەڕی درێژخایەن، کوشندەیە. شارەزایان پێیان وایە، ترین هۆکاری دۆڕانی ئێمریکا لە ( ڤیێتنام) ئەم دوورەدەستیەبوو. ئێران ئەمە دەزانێ، بۆیە لەوە دەچێت شەڕەکە بە بەرژەوەندیی خۆی، بکات بە درێژخایەن.

٤. جیاوازیی دنیابینین لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا ( ژیان و مردن)

(ستیڤن ویتکۆف) وەفدی باڵای گفتوگۆی تڕەمپ لەگەڵ ئێران، پێش لێدانەکەی ئەمجارە، لە ٢٨/٢/٢٠٢٦ بە سەرسوڕمانەوە پرسی: « زۆرم پێ سەیرە. ئێران بەم هەمو هەڕەشەیە، بۆ ناتۆقێ، بۆ تەسلیم نابێ؟!! وشەی (Capituulate) ی بەکار هێنا. تڕەمپیش پێی وایە ئێران تۆقیوە، بەڵام نازانێ چۆن تەسلیم بێت. کێشەکە ئەوەیە کە تڕەمپ بەڕاستی وا بیردەکاتەوە. تێناگات لەوەی

ژیان و مردن لای خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ـ بەتایبەتی ڕوحانی و دیندارەکان -، سەفەرێکە لە دنیایەکی (فانی)یەوە بۆ ژیانێکی ئەبەدی. بۆیە – ئەگەر فەرمانی ڕابەری ڕوحانیی لەسەر بێت – بە سینگی فراوانەوە، وەک ڕزگاربون بۆی دەڕۆن. سەدامیش لە جەنگی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران لە کۆتایی ١٩٨٠ دا هەمان هەڵەی کرد. ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە مردن و ژیان لای خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کڕۆکی بڕیاردانە لەو مەسەلانەی مردن ئەگەرێکە تێیاندا.

هەڵە نیە ئەگەر بڵێین؛ بە درێژایی مێژووی زۆر پێشین، هیچ خەڵکێک هێندەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیر و لێکدانەوەی بۆ ژیان و مردن نەکردوە. فەلسەفە و لێکدانەوەی بۆدانەناوە. تەمەنی ئەندێشەی مردن و گەڕان بەدوای بەزاندنی، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەریەکان، زیاد لە ٥٠٠٠ ساڵی پێش. (گلگامش) تاجی پاشایەتیی جێهێشت و چەند ساڵ دایە دارستان و چۆڵەوانی تا لە مردن تێبگات. جێگای سەرنجە کە لە دنیا دا تەنها ٣ دیانەتی ئاسمانی هەن، ( جوو، دیان و ئیسلام)، هەرسێکیان لەم ناوچەیەی ئێمەوە ( ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) هەڵقەڵاون. تەوەری هەرسێکیشیان وەڵامی ئەو پرسیارەیە: دوای مردن بۆ کوێ دەچین؟ لە بەرامبەردا، ڕۆژئاوا زیاترین لێکدانەوەیان تەنها بۆ ژیان کردوە. هەندێک پێیانوایە، ( خامەنەیی) کە تەنها چەند ساڵێکی کەمی لە ژیاندا مابو، لە بە ئەنقەست خۆی نەشاردەوە، چونکە پێی وابو بە شەهیدی بڕواتە ئەو دنیا، مەرتەبەی بەهەشتی بڵندتر دەبێت. تڕەمپ لەوە تێناگات.

٥. زلهێزیش کەلەبەر و لاوازیی خۆی تێدایە

ئەمریکا لە ٨٠ دەوڵەتی دنیا ٧٥٠ بنکەی سەربازیی هەیە. ئەمە لەلایەکەوە نیشانەی باڵادەستیی ئەمریکایە، لە لایەکی ترەوە نیشانەی ئەوەیە کە؛ ئەگەر ویستت ئازاری ئەمریکا بدەیت، بە مسۆگەری، لە نزیک خۆت ئامانجێکت دەست دەکەوێت، ٧٥٠ شوێن هەیە. پێویست ناکات بگەیتە ئەمریکا. ئێران وای کرد. ئێستا دەردەکەوێت کە ڕۆکێتەکانی ئێران زەرەر زیانی بێشوماریان لە ٢٠ بنکەی سەربازی، لە کەنداو و عێراق داوە.

٦. ئەمریکا، ئەو ئەمریکایەی جاران نەماوە

چاوپێکەوتنێکی تڕامپ هەیە هی سەرەتای هەشتاکانە. هێشتا گەنجێکی سەرەتای سیەکانی تەمەنیەتی. داخی دڵ هەڵدەڕێژێ؛ «بۆچی عەرەبی کەنداو لە ئێمە پۆشتە و پەرداخ ترن؟ بە سایەی ئیمەوە لاف و گەزاف لێدەدەن؟…هەقە خەرجیی ئەو ڕوفاهیەتەیان لێبسەنین. » نزیکەی نیو سەدە دوای ئەمە، دنیا گۆڕا، بەڵام تڕەمپ نەگۆڕا. هێشتا پێی وایە هەمو دنیا بەسایەی ئەمریکاوە سەلامەتە. هەموی دەبێ خەرجیەکەی بدات. بەگژ تەواوی ( ناتۆ) دا هات. بە گژ (چین), کەنەدا، ڤەنزوێلا…. لیستەکە درێژە. تڕەمپ لەوە حاڵی نەبوە کە؛ ئەگەر ئەم بۆچوونەی پێش نیو سەدە ڕاست بووبێ، ئێستا ڕاست نیە. لەبەر دوو هۆ؛ نە ئەمریکا ئەو هێزەی جارانە، نە دنیاش ئاوا بێ وڵاتی بەتوانایە.

تەماشایەکی خێرا بە دۆخی ی، تەکنەلۆژی و سەربازیی ئەمریکا، وێنەیەکی کۆڵەوارە

ئەمریکا ٣٥ ترلیۆن دۆلار قەرزارە! ڕەنگە کەسێ بپرسێ؛ قەرزاری کێیە؟ قەرزاری هاوڵاتیان و داوودەزگاکانی خۆی و چەند دەوڵەتێکە. ئەی بۆ دۆلار چاپ ناکات تا قەرزەکان بداتەوە؟ چەنندین جار ئەمەی کردوە. بەڵام تا سەر ئەمە ناکرێ. چونکە دەبێتە مایەی هەڵاوسانی ئابووریەکەی و تەپینی تەواوی ەکەی. ڕوونکردنەوەی تەواوی ئەمە لە باسەکەمان لامان دەدات.بۆیە ئەمریکا پەنای بردۆتە بەر پەلاماردانی خێروبێری دەرەوە. وەک نەوتی ڤەنزوێلا، ئیران، عێراق. کانزای دەگمەنی (ئایسلاند)، گومرگی گەروی (هورمز)، گەروی (پەنەما) گەروی (مەلەگا). دەبێ چاوەڕوان بین هەتا تڕەمپ ماوە – ڕەنگە دوای تڕەمپیش- ، ئەمریکا پەلاماری چەند لەم شوێنانە بدات.

لە بەرامبەردا (چین، ڕوسیا وهیندوستان) گەشەیەکی ئابووری، تەکنەلۆژی و سەربازیی بەرچاویان تۆمار کردوە. بە ئاشکرا ڕکابەریی ئەمریکا دەکەن. خەریکە دراوی بەدیل بۆ دۆلار دەخەنە بازاڕەوە. تەکنەلۆژیایان مل بە ملی ئەمریکایە. بۆیە دەبێ ئەو ڕاستیە ببینین: نە ئەمریکا ئەو ئەمریکایەی جارانە، نە هێزەکانی تریش ئەو هێزانەی جارانن.

٧. گۆڕانی تەکنەلۆژیای چەک و ئامرازی جەنگ

ئەوانەی وەک من تەمەن یارمەتیدەریانە، بیریانە کاتێ لە ١٩٩١ ئەمریکا ڕۆکێتی ( تۆماهۆک ) ی بۆ یەکەمجار دژ بە سەدام بەکارهێنا، دنیا بە تەکنەلۆژیاکە حەپەسا. سەدام وەک باڵندەێکی باڵبەستراو بێچارە بوو. بەڵام لە ٢٠٢٦ کە ئەمریکا بە ڕۆکێتی زۆر بەهێزتر و گرانتر پەلاماری ئێرانی دا، یا ویستی ڕێگە لە دڕۆنەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بگرێت. فەشەلی هێنا. هەرچەندە نرخی یەک ڕۆکێت لە قوبەکەی ئیسرائیل ٢،٥ بۆ ٣ ملیۆن دۆلارە و نرخی دڕۆنێکی ئێرانی تەنها ٣٠٠٠٠$ (٣ دەفتەر دۆلارە)! – ٣٠٠ قات هەرزانتر – وە بۆ خستنی یەک دڕۆن پێویست بو دەیان ڕۆکێت بهاوێژرێ، واتە مەسرەفی زەرەردانی ٣ دەفتەر لە ئێران، دەیان ملیۆن دۆلار بوو – هەزاران قات – . لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمریکا نەیتوانی ڕێگە لە دڕۆن و ڕۆکێتەکانی ئێران بگرێت تا زیان بە ئیسرائیل و بنکە سەربازیەکانی لە کەنداو نەگەیەنن. ئاشکرایە؛ ئەم جۆرە شەڕە بۆ ئەمریکا، نابێ لە چەند ڕۆژێک زیاتر درێژە بخایەنێ. بەڵام ئێران باکی نیە. دەتوانێ چەندین ساڵ ئەم شەڕە بکات. ئەم گۆڕانە لە تەکنەلۆژیای جەنگ، نەک تەنها یاسای جەنگی بۆ هەتاهەتایە گۆڕیوە، بەڵکو جۆری قوربانینی شەڕی گۆڕی. چۆن؟

تاکو ئێستا، – بە گشتی- سوپا هێرشی دەکرد. کوژران لە سەربازانی هێڵی یەکەمی بەرەوە دەستی پێ دەکرد.کە زۆربەی جار سەربازی پیادەی بێ پلە و هەموکاتێکیش ڕۆڵەی چینە هەژارەکانی کۆمەڵگان. هەڵگری چەکی سوک و هەرزانن. کوژران و بەجێمانیان لە گۆڕەپانی شەڕا زەرەرێکی ماددی ئەوتۆی نەبو. کە شەڕ پەرەی دەسەند و لاسەنگیی هێز دەردەکەوت، سەرۆکی سوپا هەڵدەهات، پاشەکشەی دەکرد و خۆی بۆ شەڕێکی تر ئامادەدەکرد. ئێستا شەڕ- دەتوانرێ – لە سەری سەرەوە دەست پێ بکات؛ لە ڕۆژی یەکەمی پەلامار خامەنەئی ( ڕابەری ئەعلا) و پۆلێک لە پلەدارە تۆپەکان کرانە ئامانج و کوژران. پێش ئەو ( حەسەن نەسروڵا) ڕابەری (حیزبوڵا) و پۆلێک ڕابەری تۆپ کوژران, لێدانی مەجلیی وەزاری یەمەن و کوشتنی نزیکەی تەواوی کابینەکە، پاشان دەستگیرکردنی ( مەدۆرا) ی سەرۆکی کۆڵۆمبیا لەماڵەکەی خۆی. ڕەنگە ئەم دیاردەیە بە خێر بۆ گەلان بگەڕێتەوە، لەمەودوا ڕابەران بە سەرپێیی ناچنە شەڕەوە، چونکە یەکەم قوربانی بۆی هەیە خۆیان بن نەک کوڕە هەژار.

٨. ئێران وڵاتێکی زۆر جیاوازە

(لاریجانی) سەرۆکی پێشوی مەجلسی شورای ئێران، لە شوێنێکدا دەڵێ« لە ئەمریکا بووم، (کیسنگەر) داوای بینینی منی کرد. بینیم. پێی گوتم، ئەمریکا حسابی ئێوە – ئێران – جیا لە وڵاتانی دەوروپشتتان دەکات. چونکە ئێوە و(ڵاتی شارستانی)ن، پێتان وانەبێت هەوڵی ڕوخاندنتان دەدەین.». ئەمە ڕاستیەکە دەزگا ستراتیژی و توێژینەوەکانی پێنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تێیگەیشتبون. بەڵام تڕەمپ کە ئەم دەزگایانەی لەخۆی دوورخستۆتەوە، و خۆی دەورەداوە بە کەسانی ناپڕۆفێشناڵ، لەم ڕاستیە بێئاگایە کە، ئێران عێراق نیە، سوریا و لیبیا نیە.

تەواوی پسپۆڕانی جیۆپۆلیتیک دەزانن و دەڵێن: چەند دەوڵەتێک هەن لە ڕۆژهەڵاتی دنیا، (دەوڵەتی شارستانین Civilizational Nations ، حسابیان لەگەڵ وڵاتانی ترجیایە، ئەمانیش: چین، هیندستان، تورکیا و ئێران.

٩. ئەم شەڕە لە پێناو ئیسراێیلە

ئیسراێیل، ئێران بە هەڕەشەیەکی حەیاتی دەبینێ بۆ سەر خۆی. واشە. لەناو ئەمریکا باوەڕێکی وا توند بوەتەوە کە؛ ئەمریکا، نابێ چیتر خۆی بۆ ئیسراێیل بەکوشت بدات. پێیان وایە هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسراێیل دەبێ وابێ کە دوهەم خۆی بۆ یەکەم بکات بە قوربانیی، نەک بە پێچەوانەوە. ئەم بڕوایە لە ناو پێنتاگۆن، وەزارەتی دەرەوە، کۆنگرێس و زۆرێک لە کەسایەتیی ئەکادیمی و ڕاگەیاندنی ناسراوی ئەمریکا بۆ یەکەمجارە، بە ئاشکرا باس دەکرێت. کاری کردۆتە سەر ڕای گشتی و وورەی سەربازانی ئەمریکای دابەزاندوە. ژمارەیەک پلەداری باڵای حوکمەت وەک ( جۆ کێنت – سەرۆکی دژەتیرۆر، تولسی گاباردس – سەرۆکی دەزگای هەواڵگری) لەسەر ئەم مەسەلەیە دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.

دەرئەنجام

کورد دەبێ لە چی تێبگات؟

١. تەنها بەم جۆرە پەلامارە ڕژێمی ئێران ناڕوخێ. مەگەر لە ناوخۆوە، بە کۆدێتا یا ڕاپەڕینی جەماوەری. هەتا ئەم پەلامارەی ئەمریکا بەردەوام بێت، ئەم ئەگەرە لاوازترە.

٢. نە ئەمریکا ئەو هێزەی جارانە، نە دنیاش ئەو دنیایەی پێش ٢٠ ساڵ. وەک لە سەرەوە خرایە ڕوو.

٣. باشترین ستراتیژ بۆ کورد: ئەمریکا، ئەجرێکی زۆری بەسەر کوردی عێراقەوە هەیە. سەدامی ڕوخاند. کە مافی ڕەوای کورد لە دەستوری عێراق بە فیدراڵی بگات، پشتیوان بوو. ئەمە – دەستکەوتێکی بێ وێنەیە، نابێ کورد لەبیری بچێ-, هێشتا توانای سەپاندنی مەرجی بەسەر ناوچەکەدا ماوە. لە هەمانکاتدا، فارس، تورک و عەرەب، سێ نەتەوەی سنوورلکاون پێمانەوە. ئەمڕۆ دراوسێن، هەتاهەتایە هەر دراوسێن. بەپێی توانا، بە ئاشتی پێکەوە ژیان لەگەڵیاندا – بێ لەدەست دانی دۆستە دوورەدەستەکان- ستراتیژێکی پێویستە.

٤. کورد و شیعە و سوننە: حوکمی سوریا بو بە سوننە. هەموو کەنداو سوننەن تورکیا سوننەیە. لە ناوچەکە ئێران و عێراق شیعەن. پارسەنگیەک هەیە. ئەگەر حوکمی ئێران بەدەستی شیعە نەمێنێ عێراقیش نامێنێ. سوننە باڵادەست بێت. نەتەوەی کورد دەکەوێتەوە ناو بەرداشی ململانێ لەگەڵ ڕەگەزپەرستیی نەتەوەیی تێکەڵ بە تایەفەگەریی سوننە. ئەو گێژاوەی کە سەدەی ڕابردووما تێدا بەڕێکرد.

٥. هەموو سەرکەوتن و نوشستەکانی کورد لە سەدەی ڕابردوودا، لە ناو گێژاوی جهانیی گەورەوە سەریان هەڵداوە: بۆیە ئەم ساڵانەش چارەنوسساز دەبن:

* کۆماری مهاباد ١٩٤٦ لە کۆتایی جەنگی دوهەمی جهان

* فیدراڵی بۆ کوردی عێراق لە کۆتایی جەنگی عێراق ئێران

* دەستکەوتەدەستوریەکانی کوردانی ڕۆژاوا لە کۆتایی ڕژێمی بەعسی ئەسەد – لە دروستبووندایە -.

ئەم گێژاوەی ئێستا دەرفەت لەگەڵ خۆی دا دەهێنێ، ئەگەر ڕابەرانی کورد ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.

بابەتى تر

👤
Live: 102 Today: 767 📊 Click Here