حکومەت باسی ئاسایش دەکات بەڵام کێ هاوڵاتی لە هێزە ئەمنییەکان دەپارێزێت؟
ئەحمەد خالید
لە فەرهەنگی حوکمڕانیی کابینەکەی مەسرور بارزانی و دەسەڵاتدارانی زۆنی زەرد و سەوزدا، هەمیشە یەک تێڕوانینی بێڕکابەر بەسەر شاشەکاندا دەنگ دەداتەوە: «بوونی هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی ژیان و سەقامگیریی هاوڵاتییانە.» بەڵام کاتێک مرۆڤ لە ناو دڵی ئەم مۆدێلە ئەمنییەدا دەژێت، پرسیارێکی جەرگبڕ سەری هەڵدەدات کە دەسەڵاتداران هەمیشە خۆی لێ دەدزنەوە: کاتێک مەترسی، پێشێلکاری و دەستدرێژی ڕاستەوخۆ لە خودی «دەزگا ئەمنییەکان»ەوە سەرچاوە دەگرێت، کێ هەیە ببێتە پەناگەی هاوڵاتی و پارێزگاریی لە کەرامەتی بکات؟
لە ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا، هێزە ئەمنییەکان لە «ئامرازی پاراستن»ەوە گۆڕدراون بۆ «ئامرازی ترساندن و سەرکوتکردن». ڕاپۆرتە بەڵگەکراوەکانی ڕێکخراوە یەکانی وەک «چاودێریی مافەکانی مرۆڤ» چەندین جار ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەرێمی کوردستان لە ژێر چنگی کەشێکی مەترسیداری «بێسزایی و لێپرسینەنەکردن دا دەناڵێنێت. لە کاتێکدا دەزگا ئەمنییەکان هەڵدەستن بە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، ئەشکەنجەدان و پێشێلکردنی ئاشکرای مافە مەدەنییەکان، هیچ بەرپرس یان کارمەندێکی ئەمنی کە لە دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕیوە، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی دادوەری یان دادگاییکردن نەبووەتەوە. پاراستنی ڕەهای کارمەندانی ئەمنی لەلایەن دەسەڵاتەوە، زەمینەی بۆ دروستکردنی دیکتاتۆرێکی ناوخۆیی ڕەخساندووە کە تێیدا هاوڵاتی هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر پاراستنی مافەکانی خۆیدا نییە.
ئەم مۆدێلە پێچەوانەیە، واتای ڕاستەقینەی ئاسایشی سەرەژێر کردووەتەوە. کاتێک هاوڵاتی لە شەقامدا یان لە هۆڵەکانی لێکۆڵینەوەدا نەک هەر هەستی بە پاراستن نەکردووە، بەڵکو بووەتە قوربانیی دەستی ئەو کەسانەی سوێندیان خواردووە پاسەوانی بن، ئەوا چەمکی «ئاسایش» مانای خۆی لە دەست دەدات و دەبێتە زیندانێکی گەورە. دەسەڵاتداران ترسیان خستووەتە دڵی کۆمەڵگەوە بە ناوی پاراستنەوە، لە کاتێکدا گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئازادی و سەلامەتیی هاوڵاتییان، خودی ئەو ئامێرە ئەمنییەیە کە بێباکانە لە سەرووی یاساوە ڕاگیراوە.
کۆتایی ئەم تێڕوانینە پێچەوانەیە، حەقیقەتێکی زۆر تاڵمان بەڕوودا دەپەکێنێتەوە کە هیچ دروشمێکی فەرمی ناتوانێت پەردەپۆشی بکات: ئاسایش تەنها دروشمێکە بۆ بێدەنگکردن؛ کاتێک هێزە ئەمنییەکان خۆیان دەبنە سەرچاوەی پێشێلکاری و مەترسی، پرسیاری ئەوە نییە کە کێ هاوڵاتی دەپارێزێت، بەڵکو ئەوەیە کە کێ دەتوانێت هاوڵاتی لە خودی «پارێزەرەکانی» دەستدرێژکار ڕزگار بکات؟















Post Comment