کێ بەرپرسیارە؟
دیاکۆ عدنان عبدلخالق – چالاکوان
کوردستان ئەمڕۆ لە قەیرانێکی ئاساییدا نییە، بەڵکو لە قەیرانی بەرپرسیارێتیدایە.
پەرلەمان پەکخراوە، حکومەتی نوێ پێک نەهاتووە، مووچە بووەتە نیگەرانیی بەردەوامی خەڵک و قەیرانی سیاسی و دارایی کۆتایی نایەت. بەڵام لەنێو ئەم هەموو قەیرانەدا، ئەوەی هەرگیز قەیرانی بەسەر نایەت دەسەڵاتە.
پارتی و یەکێتی ساڵانێکە بە هاوبەشی بەڕێوەبەری هەرێمی کوردستانن. ئەگەر خاوەنی دەسەڵاتن، دەبێت خاوەنی بەرپرسیارییەکەشی بن. نابێت سەرکەوتن بۆ حیزبەکان و شکست بۆ خەڵک بێت.
لە دیموکراسیدا کاتێک حکومەت شکستی دەهێنێت، پەرلەمان لێی دەپرسێتەوە، بەڵام کاتێک پەرلەمان خۆی پەکخراوە، کێ لە حکومەت دەپرسێتەوە؟
کاتێک خەڵکیش بۆ مووچە و ماف و ژیانێکی باشتر دەنگ هەڵدەبڕن و دێنەسەر شەقامەکان توشی زیندان و گرتن ئەبنەوە، حکومەتێک کە خەڵک دەسەڵاتی پێداوە پێویستە گوێ لە خەڵک بگرێت، نەک لە دەنگیان بترسێت.
چونکە دەسەڵات مافێکی هەمیشەیی نییە. ئەگەر ناتوانیت قەیرانەکان چارەسەر بکەیت، ئەگەر ناتوانیت دامەزراوەکان کارا بکەیت و ئەگەر ناتوانیت متمانەی خەڵک بپارێزیت، پرسیارێکی سادە دەمێنێتەوە:
بۆچی هێشتا بە دەسەڵات و کورسیەکانەوە نووساون؟















Post Comment