حکومەت بەردەوام سەرکەوتن ڕادەگەیەنێت، لە کاتێکدا هاوڵاتییان هێشتا چاوەڕێی ئەنجامن!

حکومەت بەردەوام سەرکەوتن ڕادەگەیەنێت، لە کاتێکدا هاوڵاتییان هێشتا چاوەڕێی ئەنجامن!

جار بینراوە: (5.0K)

ڕامیار یەحیا

سەرکردە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکومەت بەردەوام لەسەر شاشە گەورەکان و لە پشتی مایکرۆفۆنەکانەوە بە دەنگێکی بەرز و حەماسییەوە ئاهەنگی “سەرکەوتنی گەورە” و “پێشکەوتنی بێوێنە” دەگێڕن، لە کاتێکدا هاوڵاتیی سادە و ماندووی ئەم نیشتمانە لەسەر شەقامە شکاوەکان و لەناو ماڵە تاریکەکانیدا هێشتا بە بێهیواییەوە چاوەڕێی بچووکترین ئەنجامی ئەو دروشمە بریقەدارانە دەکات . ئەگەر گوێ لە ە ئاگرینەکانی بەرپرسان بگریت، پێت وایە ئێمە لە لوتکەی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و ئابووریداین و حکومەت هەموو قەیرانەکانی تێپەڕاندووە، بەڵام کاتێک سەیری واقیعی ژیانی کرێکارێک، مامۆستایەک یان دایکێک دەکەیت کە چۆن ڕۆژانە شەڕی مانەوە دەکات بۆ پەیداکردنی بژێوی و دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی وەک ئاو و کارەبا، یەکسەر تێدەگەیت کە ئەو “سەرکەوتنە”ی دەسەڵات باسی دەکات، تەنیا لەناو وەهم و خەیاڵدانی سەرکردەکان و بڵاوکراوەکانی پڕوپاگەندەی حزبییدا بوونی هەیە نەک لەسەر زەوی .

ڕاستییەکی زۆر تاڵ و گاڵتەجاڕانە هەیە؛ دەسەڵاتداران پێیان وایە کە تەنیا بە ڕاگەیاندنی سەرکەوتن و بڕینی شریتی پڕۆژەی وەهمی، دەتوانن واقیع بگۆڕن و سکی برسیی خەڵک تێر بکەن، بێئاگا لەوەی کە هیچ دروشمێک ناتوانێت ئازاری باوکێک کەم بکاتەوە کە لە کۆتایی مانگدا ناتوانێت کرێی مۆەلیدەی ماڵەکەی بدات، یان شەرمەزاریی حکومەتێک بشارێتەوە کە دوای دەیان ساڵ هێشتا نەیتوانیوە کێشە بنەڕەتییەکان چارەسەر بکات . ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە نێوان “سەرکەوتنە ڕاگەیەندراوەکان”ی حکومەت و “نەهامەتییە بەردەوامەکان”ی خەڵکدا هەیە، گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئیفلیجیی سیستەمێکی حوکمڕانی کە فێربووە تەنیا قسە بفرۆشێت و لەبری دابینکردنی خزمەتگوزاری، نمایشی سیاسی پێشکەش بکات؛ چونکە کاتێک بەرپرسێک بە ئۆتۆمبێلە قەمەرە گرانبەهاکەی و لەژێر سێبەری پاسەوانەکانیدا مژدەی خۆشگوزەرانی دەدات، هەرگیز ناتوانێت لەو ئازارە تێبگات کە هاوڵاتییەک لە چاوەڕوانیی نەبڕاوەی مووچە یان هیوایەکی بچووک بۆ باشبوونی ژیانیدا دەیچێژێت .

ئەم یارییە بێزارکەرەی ڕاگەیاندنی سەرکەوتن لە کاتی قەیرانەکاندا، نەک هەر نیشانەی بێباکی و بێڕێزییە بە عەقڵی کۆمەڵگا، بەڵکو دەیسەلمێنێت کە حکومەت لەناو بڵقێکی گەورەی وەهمدا دەژی و بە تەواوی لە هاوڵاتییەکانی دابڕاوە، بە جۆرێک کە ئیتر خەڵک نەک هەر بڕوا بە مژدە و بەڵێنەکانیان ناکات، بەڵکو تەنانەت ڕاگەیاندنی سەرکەوتنەکانیشیان وەک گاڵتەجاڕییەک و سووکایەتییەک بە ئازارەکانیان دەبینێت و دەزانێت کە هەموو ئەمانە تەنیا بۆ داپۆشینی شکستە یەک لە دوای یەکەکانیانە . لە کۆتاییدا، تا ئەو کاتەی هاوڵاتی نەتوانێت بە چاوی خۆی گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە ژیانی ڕۆژانەیدا ببینێت، هەموو ئەو ئاهەنگ و سەرکەوتنانەی حکومەت تەنیا دەنگی دەهۆڵێکی بەتاڵن کە خەڵک ناچارە گوێی لێ بگرێت، بەبێ ئەوەی یەک هەنگاو لە واقیعی تاڵی پڕ لە نەهامەتی و تاریکی ڕزگاری بکات .

بابەتى تر

👤
Live: 64 Today: 1,836 📊 Click Here