رەنگە کابینەی داهاتوو لەلایەن مۆلیدەى گەڕەکانەوە دابمەزرێت

رەنگە کابینەی داهاتوو لەلایەن مۆلیدەى گەڕەکانەوە دابمەزرێت

جار بینراوە: (5.2K)

عەبدوباست عومەر حەمە

هیچ شتێک ئەوەندەی بەڵێنە جێبەجێ نەکراوەکانی دەسەڵاتداران جێگەی پێکەنین و حەپەسان نییە، بە تایبەتی کاتێک گی فەرمیی کابینەکەی مەسرور بارزانی ئیدیعای دابینکردنی «کارەبای ٢٤ کاتژمێری» یان پێکهێنانی «حکومەتی چاکسازی» دەکات؛ چونکە هەردوو بەڵێنەکە لەسەر هەمان وەرەقەی خەیاڵی نووسراونەتەوە کە ساڵانێکە هاوڵاتییان تەنها وەهمەکەی دەبینن. کاتێک بەڵێنی کارەبای بەردەوام دوای دەیان ساڵ و بەهەدەردانی ملیۆنان دۆلار،

هێشتا بە کۆمەڵێک لێدوانی ڕاگەیاندن و بەڵێنی بێپشتوبەست ماوەتەوە و هاوڵاتییان ناچار کراون پشت بە مۆلیدە ئەهلییەکان ببەستن، چۆن دەکرێت بڕوا بە دانوستانەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ بپڕسێنرێت کە تێیدا هەمان دەستە و هەمان عەقڵییەت خەریکی نەخشەڕێگەکێشانن؟ ئەم لێکچوونە سەیرەی نێوان پەککەوتنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و پەککەوتنی پرۆسەی سیاسی، پرسیارێکی طەنزاوی بەڵام بەئازار دەقوڵێنێتەوە: ئایا ڕەنگە کابینەی داهاتووی حکومەت لەلایەن هەمان ئەو کۆمیتە خەیاڵییەوە پێکبهێنرێت کە بەڵێنی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی دادبوو؟

کاتێک سیستمی حوکمڕانی ناتوانێت سەرەتاییترین پێداویستیی ژیانی هاوڵاتییان دابین بکات، بەڵام لە دروستکردنی کۆمیسیۆن، کۆمیتەی دانوستانکار و لیژنەی درێژخایەندا ڕێک وەک کاتژمێر کار دەکات، نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتداری لە کوردستاندا گۆڕدراوە بۆ یارییەکی بیڕۆکراسیی بێئەنجام کە ئامانجەکەی تەنها بەهەدەردانی کاتە. کۆتایی ئەم وەهمە بەردەوامە، ڕاستییەکی زەقمان دەخاتە بەردەست کە هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمی ناتوانێت پەردەپۆشی بکات: نەتەوەیەک کە ساڵانێکە لە تاریکیدا چاوەڕێی کارەبای بەردەوامە، باش دەزانێت ئەو دەستانەی نەیانتوانی ڕووناکی بۆ ماڵەکان بهێنن، هەرگیز ناتوانن حکومەتێک پێکبهێنن کە تاریکیی بێکاری، داڕمانی ئابووری و فەشەلی سیاسی بڕەوێنێتەوە.

بابەتى تر

👤
Live: 45 Today: 1,836 📊 Click Here