سروشت هانا بۆ ماندوێتی مرۆڤ دێنێت، ئەویش لەپاداشتدا زبڵخانەیەک لەخاشاک بەجێدێڵێ…

سروشت هانا بۆ ماندوێتی مرۆڤ دێنێت، ئەویش لەپاداشتدا زبڵخانەیەک لەخاشاک بەجێدێڵێ…

جار بینراوە: (459)

سەیران لە جەوهەری خۆیدا، گەڕانە بەدوای باوەشی سەوزی سروشت و بەهەشتێکی ونبوودا. تەنیا گۆڕینی جوگرافیایەکی تەسک نییە بۆ جوگرافیایەکی فراوانتر، بەڵکو کۆچێکی ڕۆحییە لە قەرەباڵغی و جەنجاڵی شارەوە بەرەو حەرەمی ئارامی سروشت.

مرۆڤ لە ژێر فشاری تاقەت پڕوکێنی ژیانی مۆدێرندا، پێویستی بەوەیە کاتژمێری ناوەوەی خۆی ڕێکبخاتەوە، بچێتەوە ناو فێنکی چیاکان و گوێ لە چرپەی ڕووبارەکان بگرێت، لە سێبەری دارستانەکاندا پشوو بە دەروونە شەکەتەکەی بدات.

لێرەوە گەشت و سەیران دەبێتە پردێک بۆ توندوتۆڵکردنی تانوپۆی یە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان و وەرگرتنی وزەیەکی نوێ بۆ بەردەوامیی ژیان. بەڵام ئەفسوس، کاتێک وورد دەبینەوە لە شێوازی باوی گەشت و سەیران لە کۆمەڵگەی خۆماندا، دەبینین غەدرێکی گەورەیان لێکراوە.

سەیران لە ئامانجە جوانەکەی خۆی لایداوە و گۆڕاوە بۆ جۆرێک لە (ئەرکی کۆمەڵایەتیی پڕ لە سترێس). لەیەکەم چرکەی ئامادەکارییەوە تا دوا چرکەی گەڕانەوە، مرۆڤی ئێمە لەبری حەوانەوە، لەناو بازنەیەکی تاقەتپڕوکێنی ڕکابەری، بەکاربردن و ماندوێتیی دەروونیدا دەخولێتەوە.

دراما ئاڵۆزەکە لە شەوی پێش گەشتەکەوە دەستپێدەکات. ماڵەکان لەبری ئەوەی ببنە مەکۆی هێوربوونەوە بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ ناو سروشت، دەبنە کۆگایەکی گەورەی کەرەستەی خۆراک. کۆڵبۆکسەکان پڕ دەکرێن لە هەمەجۆریی خواردن و خواردنەوە، بەڵام ئەمە نەک لەبەر چێژ، بەڵکو لەبەر ترسێکی دەروونیی قووڵ، لە کەمھێنانی خواردن لەبەردەم چاوی ئەوانی تردا، یان دڵەڕاوکێی ترسی لەبیرچوونی شتێک.

هێشتا سپیدە سڵاوی نەکردووە و سروشت خەبەری نەبۆتەوە، خێزانەکان بە جەستەیەکی ماندوو چاوی خەواڵووەو دەروونێکی شڵەژاوەوە دەخزێنە ناو ئۆتۆمبێلەکان. ئیدی گەشتەکە پێش ئەوەی بگاتە شوێنی مەبەست، لەسەر شەقامەکان دەبێتە [پێشبڕکێی تیژ ڕەوی] تەنها بۆ ڕاوکردنی پێشوەختی “شوێنێکی باش”. ئەم غاردانە بەدوای جێگایەکدا، یەکەم چرکەساتی ئارامیی ناوەوەی مرۆڤ لە ڕەگەوە هەڵدەکەنێت.

ساتێک کە خەڵکەکە لەو ڕووبەرە سروشتییە تەسکانەدا جێگیر دەبن، جەنجاڵی و پێکدادان دەستپێدەکات. لە نێوان ماڵێک بۆ ماڵێکی تر تەنها پەردەیەک یان چەند مەترێک دووری هەیە، لێرەدا چەند جیهانبینیی تەواو دژبەیەک دەبنە هاوسێی زۆرەملێی یەکتر، بەرەیەک خەریکی گێڕانەوەی نوێژی بەیانییە بەقەزاو، نیوەڕۆش هەموو کەس وکار لەسەر ڕاخەرێک کۆدەبنەوەو یەکێک پێش نوێژیان بۆ دەکات و نوێژی هەینی لەوێ تەواو دەکەن، لە لایەکی ترەوە لەهەمان چرکەساتدا کۆمەڵێکی کە خەریکی هەڵدانی پێکن و مێزیان ڕازاندۆتەوە، لەولاشەوە کۆمەڵێکی کە بەدیجەی مۆسیقاو گۆرانیان بەدەنگێکی بەرز خستۆتە سەرو هەڵپەڕکێ و سەرچۆپیان گرتووە.

نەبوونی “پانتایی تایبەتی” و بەرزکردنەوەی دەنگی گۆرانییەکان، سنوورە دەروونییەکانی ئەوانی تر دەبەزێنێت. ئەمەش ژینگەی ئارام و جوانیی سروشت دەگۆڕێت بۆ گۆڕەپانی دەمەقاڵێ و شەڕ و تەنانەت هەندێ جاریش کارەساتی لێ دەکەوێتەوە.

سەیران لای ئێمە، لە جیاتی ئەوەی گەشتێک بێت بۆ بینین و تێڕامان لە سروشت، گۆڕاوە بۆ (تەقینەوەی ئیشتیهای خواردن). لە بەرەبەیانەوە تا ئێوارە دەمەکان ناحەوێنەوە، لەو بەیانییە زووەوە دەستدەکرێت بەخواردن، چەرەس، میوە، کەباب و گۆشتی برژاو، تا دەگاتە مەنجەڵە یاپراخ و بریانی. لێرەدا جەستە لەبری ئەوەی لە هەوای پاکدا ببوژێتەوە، دەکەوێتە ژێر شۆکێکی قورسی هەرسکردنەوە. ئەو تەمبەڵی و ڕاکشانە گشتییەی دوای نانخواردن ڕوودەدات، نیشانەی حەوانەوەی ڕۆحی نییە، بەڵکو هاواری ماندوێتیی جەستەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هەموو خۆراکەی دەکرێتە گەدەوە، لەو کاتەدا مرۆڤ هەست بە قورسی و شەکەتی جەستەی دەکات.

یەکێک لە دیمەنە هەرە تراژیدی و پڕ لە ئازارەکانی ئەم پرۆسەیە، کێشەی “دەستبەئاودا گەیاندنە”. نەبوونی ژێرخانی گەشتیاری و نەبوونی ئاودەستی گشتی، دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان (بەتایبەت ئافرەتان) بکەونە دۆخێکی یەکجار شەرمەزارکەر و ناڕەحەتەوە. لە دیمەنێکی نامۆدا، منداڵەکان لەباتی ئەوەی یاری بکەن، دەبن بە پاسەوان و دووربینی چاودێری کردنی دایک و خوشکەکانیان. ئەم ترس و دڵەڕاوکێیە، تامی هەموو جوانییەکانی گەشتەکە لە ناخدا تاڵ دەکات.

لەکاتێکدا، دابەشکردنی ئەرکەکانیش کێشەیەکی ترە. ئافرەتی ماڵەوە لە چواردیواری چێشتخانەکەی ماڵەوەی ڕادەکات، بۆ ئەوەی لە باوەشی سروشتدا بحەسێتەوەو تۆزێ هەوای پاک هەڵمژێت. کەچی لێرەش کارێکی قورستر و ماندووکەرتر دەکات. لە گەڕانەوەشدا، شاخێک لە قاپ و قاچاغ و پاککردنەوە چاوەڕوانی دەکات، لە کاتێکدا پیاوان ئەوانەی نوێژدەکەن ڕاستەوخۆ دەخەون، بۆ ئەوەی بۆ نوێژی بەیانی بەخەبەربێن. یان خەریکی پشوودان و گەرماوکردنن، هەندێکیشیان جارێکی کە دەستدەکەنەوە بە مێز ڕازاننەوەو پێک هەڵدان.

کارەساتی گەورە لە ئێوارەدا دەستپێدەکات. ئەو گەشتیارەی بەیانی بەدوای جوانیی سروشتدا ڕایدەکرد، ئێوارە بەبێ هیچ بەهایەکی ئەخلاقی و ژینگەپارێزی، ئەو بەهەشتە کاتییە وەک “زبڵخانەیەک” جێدەهێڵێت و دەڕوات.

گەڕانەوەکەش درێژکراوەی جەنگەکەی بەیانییە، لێخورینی شێتانە، لادان بۆ ڕێگە خۆڵەکان بۆ پێشکەوتنی چەند چرکەیەک، ڕۆنساید ڕۆیشتن و دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی ئەوانی تر.

جوانترین و قووڵترین بەشی ئەم دیاردەیە لە ڕۆژی دواییدا لە فەرمانگە و شوێنەکانی کارو بەردەرگا دەردەکەوێت، کاتێک مرۆڤ تووشی جۆرێک لە “دوانەیی دەروونی”دەبێت، دوو جۆر دەیگێڕنەوە:

-جۆرێکیان …مرۆڤەکە بە دەموچاوێکی گەش و شانازییەوە بۆ هاوکارەکانی باس دەکات کە گەشتەکەیان شاهانە بووە، خواردنی بێوێنە و کاتێکی خۆش و ئاسودەیان بردۆتە سەر، چونکە کۆمەڵگەی ئێمە تەنها دان بە کەسانی دڵخۆش و سەرکەوتوودا دەنێت.

– بەڵام جۆرێکی کەیان لە ناخی خۆیدا و لە گەڵ کەسە نێزیکەکانیدا بە ئاهێکەوە دەڵێت “خوا بیبڕێ” هێندە ماندوو بووین وەک مردوومان لێهاتووە، مێشکی سەرمان چوو، لەبەر دەهۆڵ و زوڕنا.

لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، سەیران لای ئێمە، زیاتر لەوەی پرۆسەیەکی ڕۆحی تەندروست و ئارامکەرەوە بێت، جۆرێکە لە (ڕاکردن لە قەفەسی ماڵەوە بەرەو جەنجاڵییەکی گەورەتر لە دەرەوە). تا ئەو کاتەی تێگەیشتنی ئێمە بۆ گەشت لە چەمکی [خواردن و خواردنەوەو کێبڕکێ و دەمارگیرییەوە نەگۆڕدرێت بۆ ئارامی و کڕنۆشبردن بۆ سروشت و پشوودانی دەروونی] سەیرانەکانمان تەنیا بەرهەمهێنانەوەی ماندوێتی و سترێس دەبن لە قالبێکی نوێدا.

بابەتى تر

👤
Live: 102 Today: 767 📊 Click Here