کۆمپانیای نەوتی باکوور: لە دوێنێوە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێم گەیشتووەتە بەندەرى جەیهان

کۆمپانیای نەوتی باکوور: لە دوێنێوە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێم گەیشتووەتە بەندەرى جەیهان

جار بینراوە: (1.4K)

-

بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى نەوتى باکوور رایدەگەیەنێت، لە دوێنێوە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوتى هەرێم گەیشتووەتە بەندەرى جەیهانی تورکیا، ئاماژە بەوەشدەکات، ئەگەر هەیە لە داهاتوودا نەوتى کەرکوک هەناردەبکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی ئەیلولی 2025، عامر خەلیل، بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى نەوتى باکوور بە رووداوى راگەیاندووە، “هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان هیچ گرفتێکى تەکنیکى و دار بە هەناردەکردنەوەی بۆ دروست نەبووە”.

ئاماژەی بەوەکرد، “ئەو نەوتەى هەناردەکراوە بەگوێرەى ئەوبڕە بووە وەزارەتى نەوتى فیدراڵ و وەزارەتى سامانە سروشتییەکانی هەرێم لەسەرى رێککەوتبوون، ژمارەکان لە هەناردەکرنى نەوت دەگۆڕێن و پشت بە بڕی مانگانە دەبەستین”.

بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى نەوتى باکوور وتى، “ئەو نەوتەى لە هەرێمى کوردستان هەناردە دەکرێت، پێویستى بە کاتە بۆ ئەوەى بەشێوەیەکى تەواو بگاتە بەندەری جەیهان، بەڵام لە دوێنێوە نەوت گەیشتووەتە بەندەرى جەیهان و بڕەکەى زیاتر لە 200 هەزار بەرمیلە و ئەوەى دیکە لە بۆرییەکەدایە و هەناردەکردنیش بەردەوامە بۆ ئەوەى بچێتە نێو کۆگاکانى نەوت لە بەندەرەکە”.

بەپێی رێککەوتنى نێوان هەولێر و بەغدا، رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانى نەوت لە هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە هەناردە دەکرێت.

عامر خەلیل وتیشی، “ئێستا تەنیا نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردە دەکرێت و ئەگەر هەیە لە داهاتوودا نەوتى کەرکوک هەناردەبکرێت، ئەگەر پێویست بکات و ئەوەش بەندە بە سیاسەتەکانى وەزارەتى نەوتەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو، “کۆمپانیاکەمان حەوت گرێبەستى واژۆ کردووە بۆ پەرەپێدان بە کێڵگەکانى نەوت لە کەرکووک، سەلاحەدین و نەینەوا و وادەکات بەرهەمیان زیاد بێت و ئەوکات پێویستمان بە هەناردەکردنى دەبێت”.

کاتژمێر 6:50 خولەکی بەرەبەیانی دوێنێ شەممە 27ی ئەیلولی 2025 هەناردەکردنەوەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی نەوتی پێشخابوورەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستیپێکردەوە.

بابەتى تر

👤
Live: 11 Today: 28 📊 Click Here