پەرلەمانێکی دەستەمۆ لە سایەی حوکمڕانیی پارتیدا!
ريبوار ياسين فتاح
لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا، دروشمێک لە نێو لایەنگرانی پارتی باو بوو کە دەیانگوت: پێشڕەوی کورد پارتییە، پەرلەمانمان بۆ چییە! ئەو کاتە ڕەنگە وەک دروشمێکی حیزبی دەبینرا، بەڵام ڕووداوەکانی دواتر نیشانیان دا کە لە عەقڵییەتی حوکمڕانیی پارتیدا، پەرلەمان زیاتر پاشکۆی دەسەڵاتە تا دامەزراوەیەکی سەربەخۆی تەشریعی و چاودێری.
مێژووی ئەم مامەڵەیە سێ ڕووداوی گرنگی لەخۆ گرتووە:
٣١ی ئابی ١٩٩٦: بە داوای پارتی، هێزەکانی سوپای بەعس هاتنە ناو پایتەخت و ئاڵای ڕژێمێک لەسەر باڵەخانەی پەرلەمان هەڵکرا کە گەلی کورد ساڵانێکی زۆری خەباتی دژی کردبوو.
ساڵی ٢٠١٥: کاتێک پەرلەمان ویستی ئەرکی خۆی لە بە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم جێبەجێ بکات، ڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمان کرا و دەرگای پەرلەمان بۆ ماوەی دوو ساڵ داخرا.
ساڵی ٢٠٢٢: درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بە شێوەیەک کە دادگای فیدراڵیی عێراق دواتر بڕیاری نادروستییەکەی دەرکرد و پەرلەمانی خستە دۆخێکی قەیراناوی.
لێرەدا پرسیارێکی دێتە پێشەوە: چۆن دەکرێت ئەو هەنگاوانە دژ بە پەرلەمان، بە ناوی گەڕاندنەوەی شەرعییەت پاساو بدرێن؟ شەرعییەتی پەرلەمان لە دەنگی هاوڵاتیانەوە دێت، نەک لە ڕەزامەندیی حیزبێک. بەڵام لەو عەقڵییەتەدا، پەرلەمان تەنها کاتێک شەرعییەتدارە کە لە خزمەتی ویستی حیزبدا بێت.
ئێستا پارتی لە قۆناغێکی نوێدا، بە بەکارهێنانی پارە، کڕینی کاندید، گوشاری سیاسی و هاوکێشەسازی لەگەڵ دوکانە سیاسیەکاندا ، هەوڵی دەستەبەرکردنی زۆرینەی ٥٠+١ی پەرلەمان دەدات؛ بۆ ئەوەی پەرلەمان ببێتە مۆری شەرعییەتدان بە بڕیارە حیزبییەکانی.
لە هەمان کاتدا، کەمکردنەوەی پشکی لایەنەکانی تر بۆ خوار ٤٩٪ و پاڵپێوەنانی یەکێتی، مەترسیی زیندووکردنەوەی بژاردەی دوو ئیدارەیی و دابەشبوونی زیاتر لە هەرێمدا لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
پارتی لەم یارییەدا دوو سیناریۆی لەبەردەمدایە: ئەگەر زۆرینەی ٥٠+١ بەدەست بهێنێت، پەرلەمان دەکاتە ئامرازی سەپاندنی ویستی خۆی؛ ئەگەر سەرنەکەوێت، ئەوا شکستی خۆی دەخاتە ئەستۆی لایەنەکانی تر، بە تایبەتی یەکێتی، و بانگەشە دەکات کە ئەوان ڕێگرییان لە کاراکردنەوەی دامەزراوەکان کردووە.
بەکورتی و کرمانجیی، لەم عەقڵییەتەدا پەرلەمان تەنها کاتێک پیرۆزە کە لە خزمەتی دەسەڵاتی پارتیدا بێت. بەڵام پەرلەمان موڵکی هیچ حیزبێک نییە؛ موڵکی گەلە. شەرعییەتی لە دەنگی هاوڵاتیان و پابەندبوون بە یاساوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە ویستی سەرکردە و حیزبەکان.
پەرلەمانێک کە لە خزمەتی حیزبێکدا بێت، نوێنەری گەل نییە؛ بەڵکوو درێژکراوەی دەسەڵاتی ئەو حیزبەیە.















Post Comment