سودانی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ 4 سه‌ركرده‌ی پارتی و یه‌كێتی ئه‌نجام دا

–
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ 4 سه‌ركرده‌ی پارتی و یه‌كێتی ئه‌نجام دا و تیایاندا پێزانینی خۆی بۆ هه‌ڵوێستیان ده‌ربڕی كه به‌شداربوون له گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌م دواییه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاوی به‌رهه‌مهێنراو له هه‌رێم و ڕاده‌ستكردنی داهاته‌كه‌ی بۆ خه‌زێنه‌ی ناوه‌ندی.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئه‌مڕۆ شه‌ممه محه‌مه‌د شه‌یاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له؛ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراق و بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا ئه‌نجامدا.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه “له په‌یوه‌ندییه‌كاندا سودانی پێزانینی خۆی بۆ هه‌ڵوێستی سه‌ركرده و هێزه كوردییه‌كان ده‌ربڕی كه به‌شداربوون له گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌م دواییه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاوی به‌رهه‌م هێنراو له هه‌رێم و ڕاده‌ستكردنی داهاته‌كه‌ی بۆ خه‌زێنه‌ی ناوه‌ندی و پابه‌ندبوونیان به پاڵپشتیكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی عێراق له هه‌موو شوێنێك و یه‌كخستنی هه‌وڵه هاوبه‌شه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدراڵی و حكومه‌تی هه‌رێم، كه بووه هۆی ڕێككه‌وتنه‌كه به‌پێی بڕگه‌كانی ده‌ستوور و یاسای بودجه”.
“هه‌روه‌ها جه‌خت كرایه له گرنگی په‌یڕه‌وكردنی هه‌موو ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی، كه ده‌بێته هۆی پته‌وكردنی گه‌شه‌پێدانی نیشتیمانی و پێشخستنی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتگیری نیشتمانی و به‌رجه‌سته‌كردنی ئامانجه هاوبه‌شه‌كان له به‌دیهێنانی پێشكه‌وتنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی و پاراستنی سامان و دابه‌شكردنی به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه به‌سه‌ر هه‌موو ڕۆڵه‌كانی گه‌لی عێراقدا له سه‌رتاسه‌ری وڵات”، نووسینگه‌ی سودانی وا ده‌ڵێت.
راشگه‌یه‌ندراوه كه “له په‌یوه‌ندییه‌كاندا جه‌خت كرایه‌وه له‌سه‌ر پاڵپشتیكردنی وه‌به‌رهێنان له عێراق، به‌و پێیه‌ی بزوێنه‌ری سه‌ره‌كییه بۆ دروستكردنی گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌مه‌لایه‌ن له وڵات و هێنانه‌دی گۆڕانكاریی چۆنایه‌تی له ئابووری عێراقدا”.















Post Comment