لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جەنگ شتێکی نۆرماڵە
ئاری محهمهد ههرسین
لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جەنگ شتێکی نۆرماڵە
ئاری محهمهد ههرسین
لە دوا جەنگی عوسمانیەکانەوە (١٨٧٧- ١٨٧٨) هەتا ئێستا، دەکاتە ١٤٨ ساڵ. لەماوەی ئەم ١٤٨ ساڵەدا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی درێژخایەنی بەخۆیەوە نەبینیوە. مەبەست قۆناغێکی ئاشتیە کە تێیدا ئینسانەکانی ئەم ناوچەیە بیرکردنەوە و هەستیان لە ئارامیدا پەرە بسێنێت و داهێنان بکەن.
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لانکەی شارستانیەتە. جێدە ستی ئەم ناوچەیە هەر لە زانستی ئستێرە ناسی، کیمیاو بیرکاریەوە بگرە هەتا دەگاتە شیعر، ئەدەبیات، هونەری تەلارسازی و فەلسەفە لە مێژوی مرۆڤایەتی بەڕونی دیارە و، کەس ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات. سێ ئایینی خاوەن کتێب (جودایزم، مەسیحیەت و ئیسلام) لەم ناوچەیە سەریان هەڵداوە. لەڕوی ەوە سەرزەمینێکی بەپیتە بۆ کشتوکاڵ. دەریچە دەریاییەکانیشی لە ڕێی (دەریای سپی ناوە ڕاست – دەریای سور لە لایەک و، خلیجی فارس لە لایەکی ترەوە) ناوچەکە بە هەردو ئوقیانوسی ئەتڵەس و ئۆقیانوسی هیند دەبەستێتەوە. بناغەی ڕێگای ئاوریشم کە زیاد لە (٢٠٠٠) ساڵ بەر لە ئێستا داڕێژراوە، شادە ماری بازرگانی نێوان خۆرهەڵات (چین و هیندستان) بە خۆرئاواوە بوە (ئەوروپا). ئەمە پێناسەیەکی سادە و سەرپێیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە. بە واتایەکیتر هەمو ئەو توخمانەی بونە هۆکاری نوێ بونەوە، چاکسازی و ڕۆشنگەری (Renaissance-Reformatio-Enlightenment) لە ئەوروپا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش هەبون. بەڵگە زۆرن بۆ ئەم ڕاستیە، بەڵام لەبەر ئەوەی گەکە لەمەزیادتر درێژ نەکەمەوە لێرەدا باسیان لێ ناکەم.
ئەگەر بە دیدێکی ڕاگوزاری سەیری هەردو باری (سەقامگیری \ شەڕ) لەم خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەدا بکەین، ئاشکرایە کە ڕەوتی ژیانی ئینسان لە کۆمەڵگەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بریتی بوە لە جوتەیەکی (پێشکەوتن و داهێنان) لە لایەک و، (جەنگ) لە لایەکیتر. بە جۆرێک کە (جەنک) هەمیشە حوزوری هەبوە. لە جێی خۆیەتی ئەو تێبینیە تۆمار بکەین کە جەنگ لەزۆر شوێنیتری جیهان هەبوە، بەڵام تەرکیزی ئەم گە لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە.
وەک هەمو جەنگەکانی تری جیهان، جەنگەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش چەند جۆر بون: یان هێرشی دەرەکی بون، وەک لەشکرکێشیەکانی ئەسکەندەری مەقدۆنی (زیاد لە ٢٠٠٠ بەر لە ئێستا)، یان جەنگی ناوخۆیی ناوچەکە بون وەک ئەوەی نێوان سەفەوی و عوسمانی، یان تێکەڵەیەکی ئەم دوانە، یانیش جەنگی بە وەکالەت. ئەگەر تەرکیز سنوردار بکەین و تانیا سەیری (١٤٨) ساڵی ڕابوردو بکەین، دەبینین. کە لەم قۆناغەدا ئەم ناوچەیە (٢٢) جەنگی بە خۆیەوە بینیوە کە هەندێکیان زیاد لە نیو سەدەیە بەردەوامە (شەڕی ئیسڕائیل و فەلەستین).
سەرهەڵدانی سیستەمی داگیرکاری ئەوروپی (ئیستیعمار- Colonialisme ) بۆ ناوچەکە هەر لە سەرەتای سەدەی (١٧) بەدواوە بەرنامەی جەنگێکی درێژخایەنی کردە چارەنوسی خەڵکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی پاش دۆزینەوەی سامانی نەوتی ژێر زەوی لە لایەن ئەوروپیەکانەوە. لەو کاتەوە ئەم سامانی ژێر زەویە بوە بەڵایەکی کوشندە و، بوە پێوەری سەقامگیری و جەنگ. لەجیاتی ئەوەی نەوت ببێتە مایەی سەقامگیری، خۆشبەختی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتن، بوە هۆکاری جەنگ و دواکەوتن و وابەستگی . وەک دەبینین کە ئاسەواری ئەو سیستەمە داگیرکاریەو لێکەوتەکانی هەتا ئێستاش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دیارە، کە هەندێک کەس بە واقیعی پاش داگیرکاری (Post-Colonialisme) ناوی دە بەن. نەگبەتی و نەهامەتی کورد لەوەدایە کە هەم ئەو عەقڵەی کە داڕێژەری سیستەمی داگیرکاری ئەوروپی داڕشتوە و، هەم دەسەڵاتدارانی میللەتانی سەردەستە لە ناوچەکە، لەسەر داگیرکردن و پارچە پارچە کردنی نیشتیمانمان هاوڕابون.
ئەوە ی لەسەرەوە باسمانکرد هەوێنی ئەو شێوازی بیرکردنەوەو هەڵس و کەوتەیە کە خەڵکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەتا سەرو ئەژنۆ تێیدا چەقیون. ئەم ڕابوردوە پڕ لە توندوتیژی و داگیرکاریەیە کە سایکۆلۆژی ئێستای ئینسانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دروست کردوە. ئەگەر سایکۆلۆژی بریتی بێت لە لێکۆڵینەوە لە هەست و سۆزی ئینسان لە لایەک و، شێوازی بیرکردنەوەکەی لەلایەکی تر، ئەوا ڕونە کە ئەم جوتەیە (هەست وسۆز-بیرکردنەوە) لەژێر کاریگەری جەنگدا فۆڕمی گرتوە. دواجار سایکۆلۆجی تێڕوانین و خوێندنەوەیە بۆ هەڵس و کەوتی ئینسان و هۆکارەکانی، کە لە ئەنجامی لێکدانی ئەو جوتەیە (هەست و سۆز-بیرکردنەوە) دروست دەبن. وەک نمونەیەک: پێمان دەڵێن کورد میللەتێکی شەڕکەرە یان شەڕکەری باشە، بەڵام هەرگیز پێمان ناڵێن کورد میلەتێکی داهێنەرە، هونەرمەندە یانیش ئاشتیخوازە. لە کاتێکا کورد وەک میللەتێکی سەربەخۆ لەم ناوچەیە، بەدە ر نیە لە فۆڕمگرتنی سایکۆلۆژی شەڕ، بگرە کاریگەریەکە لەسەر ئێمە زۆر قورسترە، چونکە دەوڵەتمان نیە.
زۆر جار لە مێژودا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاوی بەرەوە نوێ بونەوە، چاکسازی و ڕۆشنگەری ناوە. بەڵام هیچ کات ئەو هەل و مەرجەی بۆ نەڕە خساوە کە وەک ئەوروپا لە سەقامگیریدا (مەبەست بە بێ هێرشی دەرەکی و چاوچنۆکی داگیرکار لەسەری) بتوانێت (تەسفیە حساب) لەگەڵ خۆیدا بکات. هەر ئینسانێک تەسفیە حسابی لەگەڵ خۆیدا نەکردبێت و نەگەیشتبێتە ئارامی و سەقمگیریەکی دەرونی، ناتوانێت پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ ئینسانێکی تردا واژو بکات. ئەمە بۆ کۆمەڵگە ش ڕاستە. ناوچەیەک، وڵاتێک یان میللەتێک تەنیا ئەزمونی خۆپاراستن و شەڕی لەسەر خۆ کردنەوەی هەبێت و، لە لایەکی ترەوە سەقامگیری ، سیاسی و کۆمەڵایەتی نەبێت، چۆن دەتوانێت پەیمانی ئاشتی واژو بکات. هەندێک جار جەنگ تەنیا چارەسەرە لە ناچاریدا، بەڵام لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست جەنگ دیاردەیەکی نۆرماڵە.
هەموو ەکان کاتێک لەبڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی














Post Comment