هەڵهاتن لە بەرپرسیارێتی
ئەیوب ئەحمەد
گڵۆپێکی سووری ترافیک لە یەکێک لە شەقامەکانی هەولێر لە کار دەکەوێت. لە جیاتی ئەوەی شارەوانی یەکسەر کرێکارێک بنێرێت بۆ گۆڕینی گڵۆپەکە، بەرپرسان و وتەبێژەکانی حکومەت دەچنە سەر شاشەکان و ڕادەگەیەنن کە “بەهۆی نەناردنی بەشە بودجە لەلایەن بەغداوە، سیستەمی هاتووچۆی پایتەخت کەوتووەتە مەترسییەوە!” پێش نانخواردنی نیوەڕۆ، شکانی ترافیکێکی سادە دەبێتە پیلانێکی نێودەوڵەتی و دەستووری کە ئامانج لێی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمە. ئەمە تەنها نوکتەیەک نییە؛ ئەمە کورتکراوەی فەلسەفەی حوکمڕانیی کابینەی مەسرور بارزانییە، کە تێیدا “بەغدا” بووەتە تەنەکەی خۆڵێک بۆ فڕێدانی تەواوی شکستە کارگێڕی و ئابوورییەکانی ناوخۆ.ئومبێرتۆ ئیکۆ، بیرمەندی ئیتاڵی لە کتێبی “دروستکردنی دوژمن”دا دەڵێت: “کاتێک دەسەڵاتێک ناتوانێت کێشەکانی ناوخۆی چارەسەر بکات، ناچارە دوژمنێک دروست بکات بۆ ئەوەی خەڵکەکەی لە دەوری کۆبکاتەوە و بیانوو بۆ شکستەکانی بهێنێتەوە.” ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێم بە تەواوی پشت بەم تیۆرییە دەبەستێت. کاتێک مووچە نییە، کاتێک کارەبا دەبڕێت، یان تەنانەت کاتێک ئاوی ماڵانیش وشک دەکات، یەکسەر پەنجەی تۆمەت بۆ بەغدا ڕادەکێشرێت. ئەوان وەهمێکیان دروست کردووە کە تێیدا دەسەڵاتدارانی ناوخۆ تەنها قوربانین و فریشتەی بێتاوانن، هەموو شەیتانەکانیش لە دەرەوەی بازگەکانی هەرێم نیشتەجێن.ئەم جۆرە لە پاساوهێنانەوە، سووکایەتیکردنە بە هۆشیاریی هاوڵاتی. ئەگەر بەغدا بەرپرسیارە لە شکانی ترافیکێک، لە نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەکان، و لە وێرانبوونی ڕێگاوبانەکان، ئەی کەواتە ئەم سوپایە لە وەزیر و بەڕێوەبەر و ڕاوێژکارە لە هەولێر کاریان چییە؟ پارەی باج و ڕسومات و داهاتی خاڵە سنوورییەکان بۆ کوێ دەچێت؟ کابینەیەک کە ناتوانێت بەرپرسیارێتیی یەک کێشەی بچووکی ناوخۆیی لە ئەستۆ بگرێت، چۆن دەتوانێت بانگەشەی بونیادنانی “کوردستانێکی بەهێز” بکات؟ ئەمە حوکمڕانی نییە؛ ئەمە تەنها بریکارایەتییەکی شکستخواردووە کە لەبەردەم هەر قەیرانێکدا دەڵێت: “ئێمە نین، ئەوانن.”















Post Comment