سەرکردەکان وێنەی مێژوویی دەگرن لە کاتێکدا نەتەوەیەک لە تاریکیدا دەمرێت

سەرکردەکان وێنەی مێژوویی دەگرن لە کاتێکدا نەتەوەیەک لە تاریکیدا دەمرێت

جار بینراوە: (1.3K)

بەختیار جەزا جەلال

کامێراکان پێدەکرێن، بۆینباخەکان ڕێکدەخرێنەوە، و بۆ نۆسەد و چل و حەوتەمین جار هەمان دوو دەست لەناو یەکتردا دەگوشرێن و زەردەخەنەیەک بۆ مێژوو تۆمار دەکرێت. شاشەکان دەستبەجێ مژدەی “کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز و مێژوویی” بڵاو دەکەنەوە، بەڵام هەر کە فلاشەکان دەکوژێنەوە، ئەکتەرەکان دەگەڕێنەوە ناو ئۆتۆمبێلە قورسیەکانیان و وڵاتیش دەگەڕێتەوە ناو هەمان ئیفلیجیی پێشوو. لە هەرێمی کوردستان، سیاسەت لە بەڕێوەبردنی وڵاتەوە بچووک بووەتەوە بۆ بەڕێوەبردنی وێنەکان؛ لێرە سەرکەوتنی سیاسی و ڕێککەوتنەکان بە ژمارەی خزمەتگوزارییەکان و گۆڕانی ژیانی خەڵک ناپێورێت، بەڵکو بە کوالێتیی لێنزی کامێراکان و ڕەنگی فەرشی ژێر پێی سەرکردەکان دەپێورێت.

گی دیبۆر، فەیلەسوفی فەرەنسی لە پەڕتووکی “کۆمەڵگەی نمایش”دا دەڵێت: “لەو شوێنەی نمایش دەبێتە باڵادەست، خودی نمایشەکە دەبێتە واقیع و واقیعیش دەبێتە تەنها سێبەرێک؛ ئەوەی سەردەمانێک بە کردار دەژیا، ئێستا گۆڕاوە بۆ تەنها نواندنێک.” ئەمە ڕێک وەسفی ئەو شانۆگەرییەیە کە حیزبەکانی ئێمە ڕۆژانە نمایشی دەکەن. ڕێک وەک ساڵانی کۆتاییی یەکێتیی سۆڤیەت لە سەردەمی برێژنێڤدا، کە تێیدا سەرکردە پیرەکان بەردەوام کۆبوونەوەی لوتکەیان دەکرد، ماچ و مەدالیایان بەسەر یەکتردا دابەش دەکرد و وێنەیان دەگرت لە کاتێکدا ئابووریی وڵات لەناو دەڕزا، لێرەش نوخبەی دەسەڵاتدار کۆبوونەوەی بێبەرهەم دەکەنە جێگرەوەی حوکمڕانی. بۆ ئەوان، گرنگ نییە کە هیچ کێشەیەک لە ڕەگەوە چارەسەر نابێت، گرنگ ئەوەیە وێنەی لێکتێگەیشتنێکی ساختە لە شاشەکانەوە بفرۆشرێت بە خەڵک تا وەهمی ئارامی بەردەوام بێت.

ئەم پیشەسازییەی دروستکردنی وێنە، گەورەترین سووکایەتییە بە ئازار و کەرامەتی شەقام. ئەگەر ئەمە کۆبوونەوەی مێژوویی و چارەنووسسازە، ئەی بۆچی دوای ٩٤٧ کۆبوونەوە هێشتا مامۆستایەک نازانێت کەی مووچەی مانگەکەی وەردەگرێت؟ ئەو سوپا زەبەلاحە لە وەزیر و وتەبێژ و ڕاوێژکارە ملیۆنێرە کاریان چییە، ئەگەر نەتوانن لە دەرەوەی ستۆدیۆکانی وێنەگرتن یەک بڕیاری بوێر بۆ دابینکردنی کارەبای ماڵەکان یان ئاوی گەڕەکەکان بدەن؟ پارەی باج، نەوتی دزراو و خاڵە سنوورییەکان دەچێتە کام خەزێنەوە، لە کاتێکدا گەنجان لە بێکاریدا دەپوکێنەوە و سەرکردەکانیش تەنها خەریکی گۆڕینی دیزاینی هۆڵی کۆبوونەوەکانیانن؟ دەسەڵاتێک کە لەبری دروستکردنی نەخۆشخانە و دامەزراوەی نیشتمانی، تەنها وێنەی زەردەخەنەی پڕ لە درۆ بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرهەم دەهێنێت، چۆن شەرم ناکات باس لە پێشکەوتن و خەمی گشتی بکات؟

👤
Live: 74 Today: 2,265 📊 Click Here