پ ك ك لە حیزبەوە بۆ كەڵت (مەزهەب یان تایفە)

پ ك ك لە حیزبەوە بۆ كەڵت (مەزهەب یان تایفە)

جار بینراوە: (760)

بە گۆڕینی ناو پ ك ك لە حیزبێكی سیاسی و پێشەنگی گەلی گورد گۆڕدرا بۆ كەڵت (Cult)ێك، یانی تایفەیەكی كۆمەڵایەتی و دینی و سیاسی، وەك كاكەیی، عەلەوی، حەقە، بەهایی، درووز، ئیسماعیلی، سەلەفیەت و سازمانی مجاهیدینی خەلقی ئێرانی بەهۆی زیادەڕۆیی لە پیرۆز (تقدیس)كردنی كەسێك و لاساییكردنەوەی سونەت و كردار و قسە و نووسینەكانی و تەسلیم بوون بە ئیرادەی ئەو و ڕازیبوون بە كۆیلەبوونی بێ مەرج بە هالە و مەعسومیەتی لە هەڵە.

ئەمە كردەیەكی زۆر ناڕاست و تێكدەرە بۆ بزووتنەوەی نەتەوایەتی كورد و خودی پ ك كەش. تەڤگەری ئاپۆیی بوەتە بەشێكی گرنگی پڕۆژەی فراوانخوازی دەوڵەتی توركیا بێ گوێدانە دەستەبەركردنی مافی گەلی كورد و بوون و دواڕۆژی. بەداخەوەم پ ك ك بێ بەرهەڵستیكردن و پرسیاركردن چوونەتە ژێر باڵی ئەو چەمك و دورشمە چەواشەكاریانەی خاوەنی ڕێبازەكەیان كە زۆربەیان خەیاڵی (تەوباوی Utopian)ین، بەتاینەت لە كۆمەڵگاكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەك دیموكڕاتی گەلان، خوشكوبرایەتی گەلان و ئیسلامی دیموكراتی و كونفیدڕالیزمی دیموكڕاتی. ئەمانە دورشم و چەمكی قەبە و ناواقیعی و خەڵەتێنەرن، لە كۆمەڵگەی دواكەوتوو و دابەشبوو بەسەر چەندین مەزهەبی دژەبەر دەرفەتی جێبەجێكردنیان نییە. تەڤگەری ئازادیخوازی كوردستانی وا ئازا و خاوەن هەزاران شەهید چۆن دەبێ پەیڕەوكەرێكی دۆگماتیستانە و وابەستەی پیلانگێڕی تەسلیمبوون ببن.

مەترسیەكە هەر بۆ باكوور نییە، بۆ سەرجەم كوردستانە. هەر جولەیەك لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بكرێت، ئەگەر پژاك بەشێك بێت تێیدا، لە بەرژەوەندی توركیا دەبێت وەك ڕۆژاڤا فەشەل بە بە پڕۆژە نەتەوایەتیەكەی كورد دەهێندرێ. تەڤگەری ئاپۆیی بەشێكی دانەبڕاوە لە ستراتیج و پلانە فراوانخوازیەكانی توركیا و دژی وڵاتانی ڕۆژاڤا و ئەمریكا و ئیسڕائیلە. بێگومان ئەمە دەرفەتی مناوەرە و جولە بۆ كورد لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەیی زۆر سنووردار دەكات، لە خنكاندن و دامركاندنەوەی پەلهاویشتنی بۆ بەدیهێنانی مافە و داخوازیە سەرەتاییەكانی نزیك دەكاتەوە. مەرامی توركیا لەو مناوەراتانەی لەگەڵ دەم پارتی و ئیمڕالی دەیكات لەباربردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كورد لە سەرجەم كوردستان.

بەهۆشخۆهاتنەوەی پ ك ك زۆر گرنگە بۆ ڕێگریكردن لەو كارەساتانەی بەسەر گەلی كورد دێت لە داهایوودا.

👤
Live: 62 Today: 2,280 📊 Click Here