له‌ نێوان دانایی سیاسی و پۆپۆلیزمی نه‌ته‌وه‌ییدا

له‌ نێوان دانایی سیاسی و پۆپۆلیزمی نه‌ته‌وه‌ییدا

جار بینراوە: (1.3K)

ههستی نهتهوهیی هاوبهش له نێو ڕۆڵهكانی ههر نهتهوهیهكدا، تهنها ههستێكی سۆزدارانه نییه، بهڵكو گوزارشتیشه له هۆشیاری نهتهوهیی. لهم سۆنگهیهوه هاوسۆزی كوردان لهگهڵ مهینهتی خوشك و براكانیان له سوریا، ئاماژهی زیندوویی ههستی نهتهوهییه و مایهی شانازی و سهربڵندییه، بهڵام ئهم ههسته پیرۆزه به تهنها بهس نییه بۆ داڕشتنی سیاسهت و سیاسهتكردن لهم ڕهوشه یهكجار ئاڵۆز وههستیار و ڕوولهههورازهدا كه دۆزی كوردی پێدا تێدهپهڕێ. شوكری فهزڵی گووتهنی:

ئیش كه ئێستا ڕوو له ههورازه، سهرهو لێژی نهكهی

بیری ووردیشی دهوێ، ههر به دوعا و نوێژی نهكهی.

ههست و سۆزو ههڵچوون وكاردانهوه گهر گوزارشتیش بێت له كوردایهتیی پاك نهك دروشمبازی و پۆپۆلیزمی نهتهوهیی، به بێ دانایی وعهقڵانییهت وحیكمهتی سیاسی، دوور له ههڵسهنگاندنی واقیعبیانهی ههلومهرج و پارسهنگی هێز، نهك ههر سودێكی تێدا نییه، بهڵكو خۆكوژیی سیاسییه و دواجار دهرفهت و دهستكهوت له كوردانی بێ پشتیوانی رۆژئاوا دهردێنێ و زۆر لهوه خراپتر دهقهوێ كه ڕۆژانی ڕابردوو قهوما.

ئهوهی له حهڵهب ڕویدا و ڕهنگه لهوه خراپتریش ڕووبدات، فلیمێكی ئهكشن و گهمهیهكی كلاسیكۆ نییه تا له ژووره گهرمهكاندا به دیاریهوه دانیشین و بهدهم چاخواردنهوهوه دروشم و شیعر و پهخشانی بهسهردا بڵیین، بابهتێك نییه ئهم بێژهر و ئهوسیاسهتكاری پۆپۆلیست موزایهده و دروشمبازی پێوه بكهن و پێی ببن به ترێند. ئهوهی ڕوو دهدات شهڕێكی نابهرابهر و خوێناوییه، ئهوه كوڕان و كچانی كوردن بێ كهسكوژ دهكرێن و داعشفكرهكان لهسهر تهرمی بێ نازیان ههڵدهپهڕن، ئهوهی ڕوو دهدات خوێنپژانی كورده و دهبێ ئهو چۆمی خوێنه ڕابگیرێ، له ئیستاشدا هیچ ئهركێك لهوه پیرۆزتر و لهپێشترنییه.

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی به دهوری خۆی وهك سهرۆكی ههرێمی كوردستان، وهك چۆن له قۆناغهكانی پێشوودا و له سۆنگهی پهرۆشیی بۆ پاراستنی خوشك و برا كوردهكانمان له سوریا و پاراستنیان له پەراوێزخستن و ستەمکاری، له نزیكهوه پشتیوانیی كردن و پێگه و هێز و ئیعتباری خۆی و ههرێمی كوردستانی له قازانجی ئهوان بهكارهێنا، له پیشهاته مهترسیدارهكانی ئهمدواییشهدا به ههمان دبلۆماسییهتی بێ دهنگ و كاریگهر، بێ هات و هاوار و دوور له دروشمی بێ كردار، ههموو ههوڵهكان و ههموو لایهنه كاریگهرهكان و كهناڵه دیبلۆماسییهكانی بۆ ڕاگرتنی شهڕ له دژیان كۆكردهوه تا روداوهكان به كهمترین زیان و قوربانی هێورببنهوه و هیچ بههانهیهك بۆ بهرپابوونی شهڕی سڕینهوه و به قوربانیكردنیان سهرنهگرێت. ئاخر ئەو باش دەزانێت کە لە شەڕی نابەرابەردا، ئەوەی میللەت دەپارێزێت چەک نییە، بەڵکو ئەو چەترە سیاسییەیە کە دەتوانێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا شەرعییەت بە مانەوە و مافهكانی بدات و ڕێگری لە سڕینەوەی بکات.

پێشوازیی به مهرجی سهرۆك نێچیرڤان بارزانی له مهرسومهكهی ئهحمهد شهرع( جۆلانی) كه دانپێدانانی كۆمهلێ مافی سهرهتایی كوردانی سوریا له خۆدهگرێت بهو مهرجهی تەنها لە چوارچێوەی “مەرسووم” و بەڵێنی کاتیدا نهمێننەوە و ببنه مافی چهسپاو له دهستوری نوێی وڵاتهكهدا، بوێری و واقیعبینیی سیاسییه، سهرخستنی لۆژیكی دانایی سیاسییه بهسهر پۆپۆلیزمی نهتهوهییدا.

پێشوازیی سەرۆک نێچیرڤان له ههر هەنگاوێک کە ببێتە مایهی ڕاگرتنی شهڕی سهربازیی بێ ئاسۆ و سهرهتای دانپێدانانی مافهكانی كورد له سوریا گهر به مافه كولتورییهكانیش دهستپێبكات، ڕوانگایهكه لەسەر بنەمای پاراستنی مرۆیی و واقیعبینیی سیاسی و قۆناغبهندیی خهبات داڕێژراوە، له بیریشمان نهچێ ئهو قهواره فیدرالییهی ئێستا لهكوردستانی عێراقدا بهرقهراوه، سهرهتا به بهدهستهێنانی مافه كولتورییهكان دهستی پێ كرد.

ههوڵهكانی سهرۆك بۆ هێوركردنهوهی دۆخهكه و ههروهها هەڵوێستی بەرامبەر مەرسوومهكهی ئەحمەد ئەلشەرع، خوێندنەوەیەکی وردی ڕاستییهكانی سهرزهوییه. بهردیدهگرتنی ئهو گۆڕانكارییهیه كه له دیمهشق ڕویداوه و (جۆلانی) كردووه به(ئهلشهرع)، گهڕانه بهدوای زمانێكدا بۆ ئهم قۆناغه نوێیه دهستبدات، زمانێک مافە نەتەوەییەکانی کورد وەک “بەشێک لە چارەسەری نیشتمانی له سوریا” پێناسە بکات و لەو سووریا نوێیهدا جێیان بكاتهوه، نەک کورد بكاته دوژمنی ” لایەنی سەرکەوتوو” و سوتهمهنیی شهڕێكی بێ هوده و قوربانیی ڕێكهوتنه ژێربهژێرهكانی ئهم و ئهو وڵات.

ستراتیژی نێچیرڤان بارزانی نهك ههر بۆ كوردانی رۆژئاوا، بهڵكو بۆ ههموو پارچهكانی دیكهش، گۆڕینی “خەمی نەتەوەیی” یه بۆ “دەستکەوتی سیاسی”. ستراتیژێكه لەسەر بنەمای “پاراستنی گیانی خهڵك” و “واقیعبینیی سیاسی” داڕێژراوە، داناییەكه کە نەتەوە لە کۆکوژی دەپارێزێت و دۆزه ڕەواكهی لە بازنەی سۆزەوە دەگوازێتەوە بۆ ناوەندی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان.

ڕوانگایهكه وا دهكات ههرێمی كوردستانی عێراق سیاسهتێكی سهنگین و بهرپرسیارانهی دوور له ههڵچوون و كاردانهوه و پۆپۆلیزم بگرێتهبهر تا ههمیشه مەرجەعێکی دیپلۆماسیی یارمهتیدهربێت بۆ ههموو كوردان. ڕوانگهیهكه وا دهكات لهههر گۆڕانكاریهك له سیستمه سیاسییهكانی ناوچهكهدا، كوردهكه سوودمهند بێت نهك ڕهنج بهخهسار.

بابەتى تر

👤
Live: 132 Today: 1,545 📊 Click Here