خەنجەری دوو ئیدارەیی لە پشتی نیشتمان؛ کۆتایی سەردەمی خۆڵکردنە چاوی خەڵک

خەنجەری دوو ئیدارەیی لە پشتی نیشتمان؛ کۆتایی سەردەمی خۆڵکردنە چاوی خەڵک

جار بینراوە: (1)

ئارام فقێ عبدللە

ئیتر کاتی ئەوە هاتووە پەردە لەسەر گەورەترین درۆی سیاسی هەردوو حیزبی مافیای خوێنڕێژی (یەکێتی و پارتی) لە سێ دەیەی ڕابردوو هەڵبدرێتەوە. ئەو درۆ کوشندە و کارەساتبارەی بە ناوی “حکومەتی هەرێمی کوردستان” ئەم میللەتە داماو و چەوساوەی پێ هەڵدەخەڵەتێنرێت، لە ڕاستیدا تەنها دوو کۆمپانیای قۆرخکاری حزبی و بنەماڵەیین کە نیشتمان و خاک و وڵات و میلەتیان وەک دەستکەوتی شەڕ لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە. هەر دوو حیزبی زاڵم و خوێنمژ (یەکێتی و پارتی) بە کردەوە ان کردووەتە دوو زیندانی گەورە؛ زۆنی سەوز کە بنەماڵەی تاڵەبانی بە تایبەت بافڵ تاڵەبانی و قوبادی برای مافیا و دەسەڵات دارن و زۆنی زەردیش بنەماڵەی بارزانی بەتایبەت مسعود بارزانی و مسروری کوڕی هاوشێوەی فیرعەونەکان دەسەڵات دارن و میلەت بە کۆیلە دەبینن، کە تێیدا یاسا لەژێر پێی حیزبی مافیایی ستەمکار (یەکێتی و پارتی) دایە و جێبەجێکردن بەسەر بەرپرسان و زاڵمان و مافیاکانی حیزب بڤەیە و تەنها بەسەر هەژاراندا جێبەجێ دەکرێت، دەسەڵات و سامانیش بۆ نەوەکانی ناو دیوەخان و مەکتەب سیاسییەکان پاوان کراوە و میلەتی بەش مەینەت و داماویش ژیانی ئەمڕۆی دەفرۆشێت بۆ کڕینی نانی سبەی…

لەتکردنی کوردستان تەنها هێڵێکی سوور نییە لە دێگەڵە، بەڵکو خەنجەرێکی ژەهراوییە کە ڕۆژانە لە پشتی ئیرادە و شکۆی تاکی کورد دەدرێت. ئەو دوو هێزە مافیایە (یەکێتی و پارتی) کە لە شەڕی ناوخۆدا خوێنی هەزاران گەنجی ئەم وڵاتەیان لە پێناو پارە و نەوت و گومرگ و کورسی دەسەڵات ڕشت، ئەمڕۆش بە هەمان عەقڵییەتی خێڵەکی و مافیا و میلیشیاییەوە حوکم دەکەن. کاتێک داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکان و هەرچی خێر و بێرە دەچێتە گیرفانی چەند کەسێکی مافیای حیزبی (یەکێتی و پارتی)، لەولاشەوە مووچەخۆران مانگانە لەبەردەم بانکەکاندا سوکایەتییان پێ دەکرێت و بەم سەرمای زستانە خەڵک ناتوانێ دەبە نەوتێک بکڕێت بۆ خۆ گەرمکردنەوە چونکە لە سایەی ئەم خائین و خۆفرۆشانە نەوتی سپی لە زێڕ بە نرخترە و کارەبا و غاز بەو هەموو خراپیەیەوە نرخەکەی وەها گرانە هاوڵاتی ناچارە مووچەکەی هەموو بداتە کارەبا و نەوت و غاز و هەزاران بەدبەختی و نەهامەتی تر، ئیتر باسکردن لە “نیشتمانپەروەری” جگە لە گاڵتەجاڕییەکی بێشەرمانە هیچی تر نییە، کە هەمیشە ئەم دوو حیزبە مافیایە کردویانە بە قەڵغان بۆ زوڵم و نا دادیان و هەرکەس دەنگی ناڕەزایی لێوەبێت تۆمەتباری دەکەن بە کەسێکی “نا نیشتمان پەروەر”!

نەهامەتییەکانی ئەم دەسەڵاتە شکستخواردووە گەیشتووەتە ئاستێک کە گەنجانی ئەم وڵاتە مەرگ لە دەریا و بیابان هەڵدەبژێرن و کۆچ دەکەن بۆ دورگەی هیواکانیان، نەک ژیان لە ژێر سایەی حوکمڕانیی ئەم خائین و خۆفرۆش و زاڵم و خوێنمژانەدا. پەرلەمانیان پەکخستووە، دادگاکانیان کردووەتە لق و کۆمیتە و تەویلەی حزبی، هێزی پێشمەرگەشیان لە جیاتی سوپایەکی نیشتمانی کردویانە بە پاسەوانی بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیان و ئاگری برا کوژیان. هەموو شکۆی کوردیان لە بەغدا و لای وڵاتانی ناوچەکە هەرزانفرۆش کردووە، تەنها بۆ ئەوەی کورسیی دەسەڵاتی خۆیان لە هەولێر و سلێمانی بپارێزن.

مێژوو زبڵدانێکی گەورەی هەیە بۆ ئەو دەسەڵاتدارانەی کە میللەتەکەیان برسی دەکەن و خاکەکەیان لەت دەکەن. ئەم دەسەڵاتە خوێنمژ و مافیایە چیتر ناتوانێت بە دروشمی سواو و ترساندنی خەڵک درێژە بەم تاڵانکارییە بدات. ڕۆژی لێپرسینەوە و تووڕەیی جەماوەر زۆر نزیکترە لەوەی کە لە کۆشکە بڵندەکانیانەوە بیری لێ دەکەنەوە.

بابەتى تر