هەرێمی کوردستان لە ژێر هەڕەشە و مەترسیی گەورەدایه
کاروان محمد
بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان لە هەموو کاتێک خراپترە و خەڵک لە ژێر باری قەیرانەکاندا دەناڵێنێت بە هۆی حوکمڕانیی چەند ساڵەی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتییەوە هاوڵاتییان ڕووبەڕووی بێکاری و نەبوونی مووچە و ژیانێکی پڕ لە نەهامەتی بوونەتەوە مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و چین و توێژەکان دەکرێتە یاری دەستی دەسەڵات و مانگانە لە کاتی خۆیدا شایستە داراییەکانیان نادرێت و بژێوی خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو داڕمان دەچێت
جگە لەوەی ژیانی ئابووریی خەڵک لە لێواری داڕماندایە لە وەرزی زستاندا هاوڵاتییانی هەرێمەکەمان نەوتیان دەست ناکەوێت بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان و لە سەرەی درێژی بەنزیندا دەناڵێنن و داهاتی وڵات بە تاڵان بردراوە لە کاتێکدا لە سایەی ئەم دەسەڵاتە میلیشیاییەدا هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ هاوڵاتییان نەکراوە
ئەمڕۆ هەرێمەکەمان بە هۆی گەندەڵی و هەڵەی سیاسیی هەردوو دەسەڵاتەوە بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت و مەترسیی جدی لەسەر قەوارەکەی دروست بووە بۆیە لە سەر هەموومان پێویستە ڕووبەڕووی ئەم دۆخە نەخوازراوە ببینەوە و داواکارین کۆتایی به هەردوو دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بهێنرێت تاکو هاوڵاتییان و چین و توێژەکان لە ناوخۆی وڵاتدا بە ئازادی و سەربەستی بژین
لاوازکردنی ناوخۆ بێمتمانەی خەڵک کاتێک هاوڵاتی برسی دەکرێت و مافەکانی دەخورێت ئیتر خەڵک باوەڕی بە مانەوەی ئەم قەوارەیە نامێنێت و حوکمڕانی دەسەڵات بە جۆرێک کراوە کە خەڵک قەوارەکە بە هۆکاری نەهامەتییەکانی خۆی دەزانێت لە کاتێکدا قەوارەکە موڵکی گەلە نەک حزب















Post Comment