ئەپڵیکەیشنی تێلیگرام قەدەغە کرا

ئەپڵیکەیشنی تێلیگرام قەدەغە کرا

جار بینراوە: (5)

- بابان عومەر

ئەمڕۆ دووشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی ئوردن بە فەرمی بلۆککردنی ئەپڵیکەیشنی نامەگۆڕینەوەی “تێلێگرام”ی لەسەر ئاستی تەواوی شانشینی ئوردن راگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا کە میدیاکانی ئوردن بڵاویان کردووەتەوە، روونی کردەوە کە بڕیارەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی پاراستنی بەکارهێنەران، بەهێزکردنی ئاسایشی دیجیتاڵی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، هەڕەشە، باجستاندن و ناچارکردن، هەروەها بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی دژ بە یاسادا دێت، ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەندێک پانتایی لەسەر ئەپەکە بۆ بانگەشەکردن و بڵاوکردنەوەی توندڕەوی و توندگیری بەکارهێنراون، کە ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵگە و ئاسایشی نیشتمانی دروست دەکات، جەختیشی کردووەتەوە کە رێکارەکە لەگەڵ یاسا بەرکارەکاندا دەگونجێت.

بڕیارە فەرمییەکە دوای پەککەوتن و تێکچوونێکی بەرفراوانی ئەپەکە هات کە لە رۆژی یەکشەممەوە لای بەکارهێنەرانی ئوردن لە رێگەی چەند تۆڕێکی ناوخۆییەوە دەرکەوتبوو، بە وتەی بەکارهێنەران و بەپێی ئەو زانیارییانەی “ئەلوەکیل ئەلئیخباری” بڵاوی کردووەتەوە، ئەپەکە نەیدەتوانی نامە بنێرێت یان وەربگرێت، گفتوگۆ و وێنە و کان بار نەدەکران و بەردەوام لە دۆخی پەیوەستبوون یان نوێبوونەوەدا دەمایەوە، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵ سەبارەت بە ترسەکان لە بەکارهێنانی هەندێک کەناڵ و گرووپ بۆ برەودان بە بیرۆکە توندڕەوەکان و ناوەڕۆکی هاندەرانە، پێش ئەوەی دەسەڵاتداران پشتڕاستی بکەنەوە کە بلۆککردنەکە رێکارێکی بەمەبەستە.

لە راگەیەندراوە فەرمییەکەدا هیچ ماوەیەکی دیاریکراو بۆ بەردەوامبوونی بلۆککردنەکە، خشتەیەکی کاتی بۆ پێداچوونەوە، مەرجەکانی گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکە یان بەدەرکردنی هیچ توێژێک دیاری نەکراوە؛ هەروەها روون نەکراوەتەوە کە ئایا پێش دەرکردنی بڕیارەکە داوای رێکاری دیاریکراو لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەپەکە کراوە یان نا. بەم هۆیەشەوە بەکارهێنەران لە رێگەی تۆڕە ناوخۆییەکانەوە دەستگەیشتنی ئاساییان بە گفتوگۆ، کەناڵ، فایل و رۆبۆتەکان لەدەست داوە، لە کاتێکدا جەخت کراوەتەوە کە ئەو بەکارهێنەرانەی داتای هەستیار هەڵدەگرن دەتوانن پێداچوونەوە بە رێکخستنەکانی پشتڕاستکردنەوەی دوو هەنگاوی، دانیشتنە چالاکەکان و تایبەتێتیدا بکەن لە ژێر رۆشنایی کێشەکانی پێشووی تایبەتمەندییەکانی وەک (Nearby People).

ئاسایشی گشتیی ئوردن داوای لە هاووڵاتییان و بەکارهێنەران کرد لە کاتی بەکارهێنانی ئەپەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، کارلێک لەگەڵ هەژمار و لینک و لایەنە نەناسراوەکان نەکەن و لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە لایەنە دارەکان لە هەر رەفتار و ناوەڕۆکێکی نایاسایی ئاگادار بکەنەوە. هاوکات جەختی لە رۆڵی خێزان و دایکان و باوکان کردەوە لە چاودێریکردنی منداڵەکانیان و سوودوەرگرتن لە ئامرازەکانی چاودێریی دایکوباوکانە بۆ پاراستنی منداڵان و نەوجەوانان لە مەترسییەکانی ئینتەرنێت، دووپاتیشی کردەوە کە لە گرتنەبەری رێکارەکان دژی تاوانە دیجیتاڵییەکان بەردەوام دەبن بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە و سەلامەتیی تاکەکانی.

پێشتریش دەستەی رێکخستنی کەرتی یەکان لە ئوردن بەمەبەستی رێگری لە گزی و دزەپێکردنی پرسیارەکان، ئەپەکانی نامەگۆڕینەوەی بەشێوەی کاتی لە دەوروبەری قوتابخانەکانی تاقیکردنەوەکانی ئامادەیی گشتیدا بلۆک کردبوو، بەڵام بڕیارە نوێیەکە لە رووی مەودا و هۆکارەوە جیاوازە و تەواوی شانشینەکە دەگرێتەوە. ئەم هەنگاوەی ئوردن چەند مانگێک دوای نوێکردنەوەی سیاسەتەکانی تێلێگرام دێت کە رێگە بە ئاشکراکردنی ژمارەی تەلەفۆن و ناونیشانی (IP) دەدات لە دۆسیە تاوانکارییەکاندا، هاوکات دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو کۆتوبەندانەی ئەپەکە لە ساڵی 2026دا لە بازاڕەکانی دیکە رووبەڕووی بووەتەوە؛ لەوانە بلۆککردنی کاتی لە هیندستان بەهۆی دزەپێکردنی تاقیکردنەوەکان و فشارەکانی رووسیا و راوەدوونانی دامەزرێنەری ئەپەکە (پاڤێل دورۆڤ) بە تۆمەتی هەبوونی کەناڵی چالاکیی قەدەغەکراو و ناوەڕۆکی توندڕەو یان نایاسایی.

بابەتى تر