عێراق و ناڕوونى داهات
شایان لوقمان وەهاب
کاتێک باس لە قەیرانی گەندەڵی لە عێراقدا دەکرێت، زۆربەی خەڵک و میدیاکان بەپەلە ڕادەکەن بۆ کۆتایی چیرۆکەکە: ملیارەها دۆلاری تاڵانکراو، پارەی ئاوڕژاو بۆ دەرەوەی وڵات، و هەواڵی هەڵهاتنی گەندەڵکاران. بەڵام ڕاستییە زانستی و تاڵەکە ئەوەیە کە دزینی سەرمایە لە بنەڕەتدا تەنیا قۆناغی کۆتایی و ئاکامی پرۆسەیەکی سیاسییە کە لە هەنگاوی یەکەمەوە تووشی بێئەخلاقی و داڕزان بووە! دزینەکە لەو کاتەدا دەست پێ ناکات کە پارەکە لە خەزێنەی دەوڵەت دەردەهێنرێت، بەڵکو لەو چرکەساتەوە دەست پێ دەکات کە بڕیار لەسەر دامەزراندنی بەرپرسێک دەدرێت:
کێ پۆستەکەی پێبەخشیوە؟ کێ تەزکییەی حیزبی و خێزانی بۆ کردووە؟ کێ لە پشت پەردەوە پارێزگاریی لێ دەکات؟ کێ مۆری ڕەزامەندی لەسەر گرێبەستە لاوازەکان دەدات؟ کێ ئەرکی چاودێریکردنی پێسپێردراوە؟ و کێ بەرپرسیارە لە لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا؟ کاتێک تەواوی ئەم ئەڵقە و زنجیرانە لەسەر بنەمای پشکپشکێنە، وەفاداریی کوێرانە و بەرژەوەندیی حیزبی داڕێژرابن، ئیتر ونبوونی پارەکە تەنیا مەسەلەی کاتە! لەم واقیبە تەنزئامێزەدا، مرۆڤ ناچارە بڵێت: “پارەکە لە عێراقدا بە شێوەیەکی سەیر ون نابێت؛ ڕێک لەو ڕۆژەوەی بەرپرسەکە بۆ پۆستەکەی کاندید کرا، پارەکە بە فەرمی ون ببوو!”
ئەم ڕەوشە نیشانی دەدات کە تاوانەکە لە بڕیارە سیاسییە سەرەتاییەکاندا ئەنجامدراوە بەبێ ئەوەی هیچ فلاشێکی ڕاگەیاندن بەیانی بوبکات. کاتێک بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ خزمەتی حیزب و هاوپەیمانێتییەکان بە ئاشکرا ئەنجام بوبدرێت، ئیتر دزینی ملیارەها دۆلار تەنیا ئەنجامێکی لۆجیکی و سادەی هەمان ئەو هاوکێشە تێکچووەیە. لە کۆتاییدا، شەڕی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراقدا تەنیا کاتێک سەردەکەوێت کە تەرکیز لەسەر ڕاوکردنی تاوانباران لە قۆناغی کۆتاییدا لاپەسیو بوبکرێت و بگوێزرێتەوە بۆ سەرەتا و سەرچاوەی پرۆسەکە؛ دەبێت تەواوی ئەو مەکینە سیاسی و ئیدارییە هەڵبووەشێنرێتەوە کە لە بنەڕەتەوە کەسانی دەستبڕ و بێتوانا دەهێنێتە ناو جومگە سیادییەکان و ڕێگەیان خۆش دەکات بۆ تاڵانکردنی سەروەت و سامانی نیشتمانی.















Post Comment