شەماڵی گۆڕانکاریەکان هەواڵی مەرگی پێیە

شەماڵی گۆڕانکاریەکان هەواڵی مەرگی پێیە

جار بینراوە: (20)

زۆربەی ئاماژە و خوێندنەوەکانی ئاوەز و
ئەقڵ وا دەڵین، کە سەردەم و مەنزیلی دوای شەڕی ئەمەریکا و ئێران وەک سەردەم و
کەتواری پێش شەڕ نابیت. بارودۆخی جیهان بە گشتی و خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەتی
ژانی لە دایکبوونیکی نوێ دەیگرێت. لەم سەکۆی گۆڕان و بونیادنانەوەیەدا نکۆڵی لەوە
ناکرێت، هیچ گریمانە هەڵناگرێت، کە عیراق و کوردستان دەبنە چەقی گۆڕانکاریەکانی
خۆرهەڵاتی ناوێن.

ئالێرەدا لە نزمەئاستی ئاوەزەدا مێشک زۆر بە هاسانی ئەو ڕاستیە
هەڵدەهەنجێنێت، کە دەسەڵاتی کوردی و خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان دوو خوێندنەوەو و
بۆچونی جیاواز و پێچەوانە، تابلۆی زەین و دەرونیان دەنەقشێنی. هەرچی دەسەڵاتی
کوردیە مەستی خەیاڵی ئەوەیە کۆتای گەمەکە بۆ ئەم بارەکە بە پیتر و مانەوە و
درێژەدان بە فەرمانرەوایەکەی مەیسەرتر، نینۆکی تیژتر و درێژتر بکات. وەک خەڵکی
ستەملێکراویش، کە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە لە خەیاڵی هاتنی رۆژی سەرفرازی و
خۆشگوزەرانیدان و تەواو لەم دەسەڵاتە نا ئومێد بوون، ئاوەزە و خەیاڵیان لای ئەوەیە
ئەم گلەتە گۆڕانکاری و رووداوەکان لە بەختی ئەماندا چزوورە بدات و دەسەڵاتی کوردی
کەم ویژدان و ستەمکار نینۆک بکات و ئازادی ڕاستەقینەی بۆ فەراهەم بکات.

هەلومەرجی
نوێی ڕۆژگار بڕیاری خۆی داوە، ئەجندای سەردەمی نوێ راخەری بۆ گۆڕانکاری لە سەرجەم کایە
و مایەی ژیان راخستووە. من بۆخۆم لە هەر
سوچێکی ئەقڵەوە دەروانمە رێرەوی بەرەپێشچوونی کات، چۆن لە بنج و بنەوانەی
رووداوەکان دەگەڕیم و ڕادەمێنم، بە هەر چاویلکەیەک ئەجندا و خواستەکان دەخوێنمەوە،
دەرئەنجام گۆڕانکاریەکان لە بەخت و بەرژەوەندی دەسەڵاتی کوردیدا نیە و ناشکێتەوە. کەمترین
و لاوازترین سەرنج ئاماژەی ئەوە دەدەن بە دەستمانەوە، کە ئەم فۆرم و مۆدێل و
ئاوەزەیەی دەسەڵاتداری کوردەواری سەپاندوویەتی، لە هیج شوێنێکی ئەم گەردونەدا
ئەرزش و سەنگ و بۆنی نەماوە، ئەمە بەو واتایە نایەت، کە ئەجندای نەتەوەی و خەیاڵی
رزگاری ئێمە بەتال بوەتەوە، دەبێت خەڵکی زۆر لەوە دڵنیا بن، کە پڕسی ئازادی ئێمە
نە لە دەستی ئەم دەسەڵاتە کوردیەدایە و نە ئەمانیش توانای گۆرینی رێرەوی گۆڕانکاری
و رووداوەکانیان هەیە. لە باشترین هەلدا ڕۆڵی دەسەڵاتی کوردی بەرێوەبەرایرتکردنی
شارەوانی و خزمەتگوزاریە، لەمەیشدا تەواو شکستیان هێناوە. بە پێچەوانەوە ئاراستەی
گۆڕنکاریەکان ئاماژەی ئەوە پەخش دەکەن، ئەم گۆڕانکاری و بونیادنانەوانە دەرئەنجام
لە بەرژەوەندی پرسی نەتەوایەتی کوردا بشکێتەوە.

لە دوای شەڕەوە پێگە و سەنگی خۆبەستنەوە بە
بەرژەوەندی زلهێزەکانەوە بۆ دەسەڵاتی کوردی زۆر کزترو باریکتر دەبیتەوە. چیتر ئەم
دەسەڵاتە ناتوانیت لە پەنهانی زلهێزەکاندا شرین خۆر و گەرم پۆش بێت. چیتر کۆیلە و
پاڵدم پیس و پاشەڵ چڵکن و پاتاڵ فریای فەرمانرەوایەکی بەدفەر و بەدمجێز ناکەوێت.

هێز و گوڕ و تەوژمی گۆڕانکاریەکان نزیکە لەوەی
ئەم هاوینەتان بکاتە زمستانی نەهامەتی و بەهاری رزگاری خەڵک. نکۆڵی لەو ناکرێت تا
ئەو ساتەیش ئێوە لە خەیاڵگای خۆتانادا بێ ئاگا لەوەی هەڵچەرخانی چەرخ چی لە
کەشکۆڵەکەیدا هەڵگرتووە، خورپە نەکردنی دڵی ئێوە لە ئەقڵمەندیەوە نیە، بەڵکو
کاریگەری مەستی خۆشاوی ئەو ژیانەیە، کە بە ناهەق و نارەوا بۆ خۆتانتان بونیاد
ناوەتەوە. کاتیک کەتوار لە قوڵایدا لە چاخێکەوە پەل بۆ چاخێکیتر دەهاوێژیت، مەرگ و
کۆتای ئێوە نزیکتر دەبێتەوە، ئا لەم دەمەدا، کە ئێوە لە مەستاوی مۆزەمۆزی سیکسی و
ژیانی شاهانەدان، لە ناو کۆشک و تەلاری دۆلاراویتاندا لە کەشکەلانی فەلەکەوە لەهەشتی
نەزانیدان، مێژوو وەک نەهەنگێکی کات خۆر تەمەنی پڕ لە خۆشاوی ئێوە کورت دەکاتەوە،
لەم ساتە و سەرایەدا، زلهێزەکانی ئاغاتان بۆ ساتێکیش ئامادە نابن ساباتی ئەهانگی
دەستکەوتەکانیان جێبهێڵن، یان لایەک بکەنەوەو دۆزەخی سوتانی ئێوە ببینن.

پەنگخواردنەوەی ستەم، بەرز بوونەوەی لافاوی
تووڕەی خەڵک پێشرەو و پاشرەوتان پێکەوە ڕادەماڵیت. ئەورۆ لەم کوردستانەی ئێمە
نەویەکەی تێگەیشتوو پێگەیشتوو باڵک بوون، زۆر بە هێمنی و بە بێ دەنگ و ژاوەژاو، لە
مەیدانی ژیاندا نەخشەی ئایندە دەکێشن. لە کەتواردا ئێوە هەر ناخوێننەوە، لە زەینیاندا
زۆر بچوک و کاڵفامن، ئەمان وەک سۆڵۆکە لە گەورەبووندان، ئەوەی رۆژی ڕەش و ناهامەتییتان
هەڵدێنێت، ئەو هەقیقەتەیە، کە ئێوە ناتوانن ئەم مەتەڵە هەڵبێنن، چۆن و بۆچی بەم
دەردە چوون؟.

شەڕ
چی پێوتین

شەڕی ئەمەریکا و ئێران لە سەر ئاستی جیهان جۆرێک
لە دڵەراوکێ و دردۆنگی خوڵقاندوە، زۆرێک لە بیرمەندانی سیاسی پێیانوایە ئەم شەڕە
ئایندە و فۆرمی سیستمێکی نوێی سیاسی دیاری دەکات، بۆیە لە کەتواردا شەڕێکی ئاسی
نیە و هاوکات بە پراکتیکی و واقعی چەندین وڵات تێوەی گلاون. بەرپابوونی ئەم شەڕە لە
کۆتای چارەکەی یەکەمی سەدەی بیست و یەک و سەرەتای چارەکەی دووەم لە کەتواردا تەنیا
مۆدێل و فۆری نوێی شەڕی نیشان نەداین، تەنیا چەک و تەکنۆلۆژیای سەربازی سەردمی
دیجیتاڵی ئاشنا نەکردین، رۆڵ و کاریگەریەکانی ژیری دەستکرد و تەکنۆلۆژیای نانۆی
سەربازی، تەنیا سیما و رواڵەتی ئەم مەنزیلە نوێیەی ژیان نین، بەڵکو پێی وتین،
مرۆڤایەتی پێی نایە مەنزڵ و سەردەمێکی نوێی مێژووەوە، بارێکی زۆر هەستیار و جیاواز
بونیاد دەناتەوە. شەڕی بایۆلۆجی و تەکنۆڵۆژیای دیجیتاڵی کار لە سەر کۆنترۆڵکردن و
پاوەنکردنی ئەقڵی ئادەمیزاد دەکات.

شەڕیحەوای و ئەلکترۆنی و هاتنەپێشی سیستمێکی جیۆسیاسی نوێ و بەرجەستەبوونی
سیستمێکی دوو جەمسەری نوێ لە سەر ئاستی جیهان دوو جۆری جیاواز لە سیستمی
بیرکردنەوەو فەرمانرەوای و باوەر و دنیابینی گشتی بە سەر تەوای مرۆڤایەتیدا
دەسەپێنیت. بە پێی هەموو لێکدانەوەو پێوەر و هەڵسەنگاندنێک ئێوە لە دەرەوەی ئەم
دنیا نوێیەن و ناتوانن لە گەڵ گۆڕنکاریەکاندا هەڵکەن. دەرئەنجام ئێوە بەدەستی
خەڵکی ئەم وڵاتە ناروخێن و کۆتایتان نایەت، خەڵکی توانای لە ناودانی ئێوەی نەماوە،
بەڵام ئەو دەمەی پێتان لە دەسەڵات دەترازێ هەمان سیناریوی سیستمە ستەمکار و
دیکتاتۆریەکان دووبارە دەبێتەوە. لە ئەورۆ بە دواوە گەردوون بە ساز و ئاوازی
ستەمکاری کلاسیکی و دەسەڵاتی لۆکاڵی سەما ناکات، بژوێنی سیستمی نوێی جیهان
جۆرێکیتر لە ئاوازە و دنیابینی نمایش دەکات. لەم دۆخ و بارەدا هێز و پاساوانەکانی
ئێوە نەک هەر بەرگریان لە کوردستان بۆ ناکرێت، بەڵکو ئەستەمە توانای پارێزگاری لە
ئێوەو بەرژەوەندیەکانتانی بێت.

ئەشێ من هەڵە بم لە زیادەرۆیەکی کەم لە مەڕ
خستنەرووی هەڵقرچانی دەرونی و پێزاری و تووڕەی خەڵکی، بەڵام دڵنیا بن سازەکەی
گەردوون بۆ ئێوە خاسی ناژەنێ، سەردەمی درووستبوونی شا و خان و بەگ و کوێخا
بەسەرچوون. لە هەناوی زوڵم و ستەمی ئێوەوە خەون و خەیاڵی ئازادی و سەرفرازی خەڵک
چەقیلە دەدات سەوز هەڵدەگەرێت، ئاوەزەی گشتی چزوور دەدات و سەرەتای کۆتای ستەم
دیاری دەکات، لە ویژدان و سۆزیدا نیشانە و مۆرک و شەقڵی ئازادی چلورە دەبەستێت.

13/05/2026

ەکانی تری نوسەر

ئەستێرەکان

بابەتى تر

👤
Live: 186 Today: 1,664 📊 Click Here