سروە عەبدولواحید: بە دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارێک نیسابی 50+1 نەماوە

- بابان عومەر
لە نوێترین پێشهاتی پەیوەست بە ئاڵۆزییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا، سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگەی عێراق رایدەگەیەنێت کە بە دەستلەکارکێشانەوەی یەکێک لە پەرلەمانتاران، زۆرینەی پەرلەمانی لە پەرلەمانی کوردستان نەماوە و نیساب شکاوە، هاوکات کۆمەڵێک تۆمەتیش ئاراستەی رێکخەرانی دانیشتنەکە و پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات.
لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “عێراق 24″، سروە عەبدولواحید ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو پەرلەمانتارانەی بەشدارییان لە کاراکردنەوە و تەواوکردنی نیسابی دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستاندا کردبوو، لە هۆتێل دیڤان لە شاری هەولێر هێڵراونەتەوە و رێگرییان لێ کراوە بچنە دەرەوە، بە وتەی ئەو، ئەم هەنگاوە لەژێر پاساوی “پاراستنی سەلامەتییان” ئەنجام دراوە و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا هاوشێوەی قۆناغی کەرەنتینەی کۆرۆنا بووە.
وەزیری ژینگەی عێراق لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد کە فشاری توند و هەڕەشەی رفاندنی منداڵەکانیان لەو پەرلەمانتارانە کراوە تا ناچار بکرێن بەشداریی دانیشتنەکە بکەن، هەروەها باسی لە بوونی مامەڵەی دارایی کرد و بە وتەی ناوبراو، پەرلەمانتاران بەرامبەر بڕی یەک ملیۆن دۆلار دەنگی خۆیان داوە، ئاماژەی بەوەش دا کە لە رابردوودا پێشنیازی 3 بۆ 5 ملیۆن دۆلار خراوەتە روو بۆ بێدەنگکردنی پەرلەمانتاران لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە.
سروە عەبدولواحید لە جەختکردنەوەی لێدوانەکانیدا وتی: “ئەو پەرلەمانتارانە لە هۆتێل دەستبەسەر کران و هەڕەشەی رفاندنی منداڵەکانیان لێکرا تا نیساب تەواو بکەن؛ ئێستاش بە دەستلەکارکێشانەوەی ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، نیسابی 50+1 نەماوە و دانیشتنەکە بە پارە و فشار ئەنجام درابوو”. ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی ئێستا پارتی نیسابی 50+1ی بۆ کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان نییە، سەبارەت بە دۆسیەی دادگای فیدراڵیش دووپاتی کردەوە کە دادگاکە تەنها فەرمانسالاریی رەتکردووەتەوە و سکاڵا بنەڕەتییەکە وەک خۆی ماوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە لە رێکەوتی 4ی تشرینی دووەمی 2026، پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار کۆبووەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی هەڵبژارد، لە کاتێکدا فراکسیۆنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ بایکۆتی پرۆسەکەیان کردبوو، لە دوای کۆبوونەوەکەش هەردوو لایەنی بایکۆتکار، پارتی دیموکراتی ان تۆمەتبار کرد بەوەی لە رێگەی کڕینی دەنگ و فشاری ئەمنییەوە پەرلەمانتارانی لایەنەکانی دیکەی بۆ لای خۆی راکێشاوە، ئەو ئاڵۆزییانەش لە کۆتاییدا کشانەوەی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم و قووڵبوونەوەی زیاتری قەیرانی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە.















Post Comment