پاراستنی شکۆمەندیی جەستەیی و دەروونی لە سیستەمی یاسایی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا!

پاراستنی شکۆمەندیی جەستەیی و دەروونی لە سیستەمی یاسایی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا!

جار بینراوە: (24)

پاراستنی کەرامەت و سەلامەتیی جەستەیی و دەروونیی مرۆڤەکان، یەکێکە لە بنەما یەکانی مافەکانی مرۆڤ و کۆڵەکەی دادپەروەریە لە ھەر کۆمەڵگەیەکدا.

لە ڕوانگەی دەستورو یاسا ناوخۆییەکانی عێراق و کوردستان و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە، دەخوازم ئاماژە بە قەدەغەکردنی ڕەھای شێوازەکانی مامەڵەی دڕندانە و توندوتیژی لە کاتی لێکۆڵینەوە و دەستبەسەرکردندا بدەم.

یاسای عێراقی بە ڕوونی دژی ھەر جۆرە پێشێلکارییەک وەستاوەتەوە کە بەرامبەر بە دەستبەسەرکراوان ئەنجام دەدرێت

#دەستووری کۆماری عێراق (٢٠٠٥): بەپێی ماددەی ٣٧ بڕگەی یەکەم/ج؛ ھەموو جۆرە ئەشکەنجەدانێکی جەستەیی و دەروونی و مامەڵەی نامرۆڤانە قەدەغەیە.

ھەروەھا جەخت دەکاتەوە کە ئەو دانپێدانانەی لەژێر فشار و ھەڕەشەدا وەردەگیرێن، بەهای یاساییان نییە و ناتوانرێت وەک بەڵگە پشتیان پێ ببەسترێت.

“یاسای سزادانی عێراقی ، ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩” ماددەی ٣٣٣ی ئەم یاسایە؛ سزای توند دەسەپێنێت بەسەر هەر فەرمانبەر یان کارمەندێکی گشتیدا کە ئەشکەنجەی تۆمەتباران بدات یان فەرمانی پێ بکات بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانان.

“یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی” ژمارە ٢٣ی ساڵی ١٩٧١، ماددەی ١٢٧: بە ڕوونی بەکارهێنانی ھەر ڕێگەیەکی نایاسایی، وەک ماندووکردنی دەروونی، پێدانی ماددەی کحولی یان هۆشبەر، و بەکارهێنانی توندوتیژی بۆ ناچارکردنی تۆمەتبار بە قسەکردن قەدەغە دەکات.

ماددەی ١٢٣: لێکۆڵەر پابەند دەکات کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبار بکات، ئەمەش ڕێگرە لە هێشتنەوەی نایاسایی کە زۆرجار دەبێتە هۆی ئەشکەنجەدان.

ماددەی ١٢٤: ڕێگە بە تۆمەتبار دەدات داوای پشکنینی پزیشکی بکات ئەگەر ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەوە، بۆ ئەوەی شوێنەوارەکانی ئەشکەنجە بە فەرمی تۆمار بکرێن

“یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێ وشوێنی توندی هەیە، بەرامبەر بەم دیاردەیە و وەک تاوانێکی گەورە پۆلێنی دەکات:

جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ ساڵی ١٩٤٨، ماددەی ٥ بە ڕوونی دەڵێت:” نابێت هیچ کەسێک ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان یان مامەڵەی دڕندانە و ڕووشێنەری کەرامەت ببێتەوە”.

پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان ساڵی١٩٦٦: ماددەی ٧ جەخت لە قەدەغەکردنی ڕەھای ئەشکەنجە دەکاتەوە.

ئەم قەدەغەکردنە گشتییە و هیچ باری نائاسایی، وەک جەنگ یان ناسەقامگیری ئەمنی، ناتوانێت ببێتە پاساو بۆ پێشێلکردنی.

پەیماننامەی دژایەتیکردنی ئەشکەنجە (CAT – 1984): ئەم پەیماننامەیە دەوڵەتان پابەند دەکات بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویستی یاسایی، کارگێڕی و دادوەری بۆ ڕێگریگرتن لە هەر جۆرە توندوتیژییەک لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا.

ئەرکەکانی دەسەڵاتی دادوەری و لایەنە دارەکان بۆ زامنکردنی سەروەری یاسا، پێویستە دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە چاودێرییەکان لەکاتی هەر پێشێلکاریەکدا چەند هەنگاوێک بنێت؛

– لێکۆڵینەوەی دەستبەجێ: لە کاتی بوونی هەر گومان یان سکاڵایەک لەسەر بوونی مامەڵەی خراپ لە پشت دەرگا داخراوەکان، پێویستە بە پەلە لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە دەست پێ بکات.

– سزادانی سەرپێچیکاران: هۆشیارکردنەوە و سزادانی توندی ئەو کارمەندانەی یاسا پێشێل دەکەن و دەسەڵاتی خۆیان بۆ ئازاردانی هاووڵاتیان بەکارهێنن.

-پشتگوێخستنی بەڵگە نایاساییەکان: دادگاکان نابێت هیچ دانپێدانانێک وەک بنەمای حوکم وەرگرن ئەگەر سەلمێندرا لەژێر گوشاری جەستەیی یان دەروونیدا بووە.

بۆ گۆڕینی ئەم دەقە یاساییانە بۆ واقیعێکی بەرجەست، دەکرێت ئەم ڕێکارانە بگیردێنەبەر:

1. پێویستە سەرجەم ژوورەکانی لێکۆڵینەوە و دەستبەسەرکردن بە کامێرای دەنگی و ڕەنگی ٢٤ کاتژمێری لەژێر کامێرای چاودێریدابێت، هەروەها تۆمارەکان لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی دادوەریدا بن.

2. ڕێگە بە پارێزەری داکۆکیکار بدرێت لە یەکەم خولەکی دەستگیرکردن و لە کاتی سەرجەم دانیشتنەکانی لێکۆڵینەوەدا ئامادە بێت.

3. پێویستە سەرجەم گرتوخانەکان لەژێر چاودێری بەردەوامی تیمە پزیشکییە سەربەخۆکاندا بن، و ڕاپۆرتی تەندروستی دەستبەجێ بنێرن بۆ دادوەری گشتی.

4. ئەنجامدانی خولی ڕاهێنانی بەردەوام بۆ کارمەندانی لێکۆڵینەوە لەسەر “شێوازە نوێی و زانستییەکانی لێکۆڵینەوە” بەبێ بەکارهێنانی توندوتیژی.

5. کاراکردنی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێگەدان بە تیمی چاودێری نیشتمانی و نێودەوڵەتی بۆ سەردانی کتوپڕ و بێپێشوەختە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن.

دەرئەنجام دەمەوێت ئەوە بڵێم؛

ئەشکەنجەدان نەک هەر لادانە لە پرەنسیپەکانی دادپەروەری، بەڵکو پرۆسەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان تێکدەدات و متمانەی گشتی بە سیستەمی یاسایی لاواز دەکات. پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ ئەرکێکی مرۆیی و یاسایی ڕەهایە کە لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا سازشی لەسەر ناکرێت.

بابەتى تر

👤
Live: 80 Today: 1,748 📊 Click Here