کورد لە نێوان جەبری جوگرافیا و دانایی سیاسییدا

کورد لە نێوان جەبری جوگرافیا و دانایی سیاسییدا

جار بینراوە: (1.4K)

ڕووداوەکانی دوو هەفتەی ڕابردووی سووریا، جارێکی دیکە کۆمەڵێک ڕاستی چەسپاو و بنەڕەتییان لە مێژووی سیاسیی ئێمەدا دەمەزەرد کردەوە، کە دەکرێت لە سێ ڕەهەندی یدا کورتیان بکەینەوە:

•دەرکەوت هاوپشتییەکی بەهێز لە نێوان ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورددا هەیە، کە وەک هێزێکی نەرمی کاریگەر لە تەنگانەدا پشتی پێ دەبەسرێت.

•سەرباری بێئەمانیی دنیای سیاسەت، بەڵام کورد لە جیهاندا و لەسەر هەردوو ئاستی فەرمی و میللی، دۆست و خەمخۆری باشی هەن؛ کە ئەگەر له بهدیهێنانی ماف و دەستکەوتیشدا كاریگهر نهبن، بەڵام ڕێگرن لە دووبارەبوونەوەی جینۆساید و قەڵاچۆکردنی کوردان.

•سەرەڕای هەموو سۆز و هاوپشتییەکان، دواجار ئەوەی سیاسەت هەڵدەسووڕێنێت “بەرژەوەندیی سیاسی و ئابوورییە” نەک “بەها و پڕەنسیپ”. ئەم ڕاستییە بەڵگەنەویست و سادەیە، بەردەوام و لە هەر ڕووداوێکدا دووبارە خۆی بەرجەستە دەکاتەوە.

لە سەرینی ئەو ڕاستیانەوە بەو دەرەنجامە دەگەین کە کورد ئێستا لە ئاستانەی جیهانێکدایە؛ ئەگەرچی ڕێگە نادات دووبارە ئەنفال بکرێتەوە، بەڵام جیهانێکە بۆ پشتیوانی لە بنمیچی بەرزی داخوازییە باڵاکانی کورد و گەیشتن بە ئاواتی مێژوویی، دەست نادات و پشتی پێ نابەسترێت.

ڕووداوەکانی سووریا جارێکی دیکە ئەو وانە ژیاری و ڕیالیزمە سیاسییەی بۆ دووپات کردینەوە کە: “باشترین ڕێگەچارە بۆ دۆزی کورد، دیالۆگ و لێکتێگەیشتنە لەگەڵ چوار پایتەختەکە و گەلانی هاوژین لە ناوچەکەدا”.

لە ڕاستیدا دەرکەوت نەک تەنها هەڵکەوتەی جوگرافیا قەدەرێکی سیاسیی نەگۆڕە، بەڵکو لە جیهان و له ناوچەیەکدا کە نەخشەی وڵاتەکانی قابلی دەستکاری نین، جوگرافیای سیاسییش (جیۆپۆلیتیک) بە هەمان شێوە قەدەر و جەبرێکی دیكهیه و دەبێ وەک واقیعێکی نەگۆڕ تەمەشای بکەین.

بەو پێودانگە، کورد لەم ناوچەیەی تێیدا دەژی، نەک هەر بە جەبری جوگرافیای سروشتی، هاوژینی عەرەب و تورک و فارسە، بەڵکو بە جەبری جوگرافیای سیاسییش لە چوارچێوەی چوار وڵاتدا پێکەوە لەگەڵیان دەژیت. بۆیە گرتنەبەری ڕێگەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو سێ نەتەوەیە، نەک هەر بژاردەیەکی واقیعبینانەیە، بەڵکو باڵاترین ئاستی ژیریی سیاسییە. سیاسەتیش گەر لە ژیری و واقیعبینی بەتاڵ کرایەوە، قومار و سەرکێشیکردنە بە بوون و ئایندەی میللەتانەوە.

جگە لە لۆژیکی جوگرافیا و جوگرافیای سیاسی، فاکتێکی دیکەش هاتۆتە ئاراوە و نابێت نادیدەی بگرین: بەرژەوەندیی زلهێزان ئەگەر تا دوێنێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، پشتیگیریی گەلانی بێدەوڵەت و هێزە شەڕکەرەکانی سەر زەمینی دەویست، ئەوا ئەمڕۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاریی نوێ، پشتیوانی لە وڵات و دەسەڵاتە مەرکەزییەکان دەخوازێت؛ ئەوەش هێندەی تر پیرۆزیی دەدات بە نەخشەی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی ناوچەکە و هەڵنەوەشانەوەیان.

لە ئاستانەی ئەو پێدراوانەدا، کورد دەبێ ژیرانە “هاوژێیانی” لەگەڵ (عەرەب و تورک و فارس) — کە لە بنەڕەتدا خەتابار نین لە بێبەشبوونی کورد لە مافی چارەی خۆنووسین — لە دروشمەوە بگۆڕێت بۆ ستراتیژ و بژاردەیەکی سیاسیی چەسپاو و بەرنامەیەکی فرەڕەهەند.

لە هەمان کاتدا و لەم دنیا بێئەمانهی سیاسەتدا، دەبێت دەست بە پاراستنی دەستکەوتە بەدەستهاتووەکانیەوە بگرێت و بە کەمیان نەزانێت؛ دەست بەو چەکە یاسایی و دەستوورییانەوە بگرێت کە هەیەتی. لە پێش هەمووشیانەوە ئەو پێگە دەستوورییەی کورد لە عێراقدا بەدەستی هێناوە، کە دەرکەوت نەک هەر بۆ کوردی عێراق، بەڵکو بۆ تێکڕای کوردان پشت و پەنا و قەڵغانێکی پارێزەرە.

لەو پێودانگەوە، جەختکردنەوەی سهرۆكی ههرێم و سیاسیی ژیر و واقیعبینی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لەسەر تەماشاکردنی “بەغدا” وەک قووڵاییەکی ستراتیژی کە ئەو هێز و شەرعییەتە بە کوردستان دەدات، گەورەترین نیشانەی پێگەییشتنی سیاسییە. بەغدا بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە، ئەو چوارچێوە شەرعییەیەیە کە ڕێگە بە کورد دەدات وەک کاراکتەرێکی دانپێدانراو لەگەڵ جیهان مامەڵە بکات و هەر لەوێشەوە ببێتە “ماڵە گەورە” و پشتیوان بۆ پارچەکانی تری کوردستان.

لهم قۆناغهدا دانایی ڕاستەقینەی کورد ئەوەیە کە بتوانێت کێشەکانی لەگەڵ هاوبەشەكانی، ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو چارەسەر بکات. پشتبەستن بە لێکتێگەیشتنی ناوخۆیی و گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگی هەمیشەیی، تاکە ڕێگەی بڕینی ئەم مەسیرە پڕ هەوراز و نشێوەیە.

لێکتێگەیشتنی کورد لەگەڵ گەلانی هاوژین، دۆزی کورد لە دڵەڕاوکێی پشتیوانیی دەرەکیی بێگەرەنتی و ئەگەری پشتتێکردن و دەستخەڕۆیی قورتار دەکات. ئەو ئۆقرەیی سیاسی و ئاسوودەیی و ئارامییە بەدی دێنێت، کە کوردییش وەک هەر میللەتێکی ئهم دونیایه، شایانییەتی.

👤
Live: 67 Today: 173 📊 Click Here