میراتی مەسرور بارزانی: فێرکردنی نەوەیەکی نوێ بۆ چۆنیەتی ژیانکردن بە ئومێدێکی کەمەوە!

میراتی مەسرور بارزانی: فێرکردنی نەوەیەکی نوێ بۆ چۆنیەتی ژیانکردن بە ئومێدێکی کەمەوە!

جار بینراوە: (20)

سامان ئیسماعیل

گەورەترین و دیارترین “میرات” کە کابینەکەی مەسرور بارزانی بۆ نەوەکانی داهاتووی ئەم هەرێمەی جێدەهێڵێت، بونیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری یان سیستەمێکی مۆدێرنی وزە نییە، بەڵکو بریتییە لە فێرکردنی نەوەیەکی تەواو لە گەنجان کە چۆن فێری ژیان ببن بە کەمترین ئومێد و نزمترین ئاستی چاوەڕوانییەوە . لە کاتێکدا سەرکردەکان لەسەر شاشەکانەوە بانگەشەی دروستکردنی “کوردستانێکی بەهێز” و بەدیجیتەڵکردنی دامەزراوەکان دەکەن، گەنجێکی دەرچووی زانکۆ لە ژوورە تاریکەکەیدا دانیشتووە و لەبری بیرکردنەوە لە داهێنان و خەونی گەورە، گەورەترین خەمی بووەتە ئەوەی کەی مۆەلیدەی گەڕەک کارەباکە دەداتەوە بۆ ئەوەی مۆبایلەکەی شەحن بکاتەوە . ئەم نەوە نوێیە کە لەناو قەیرانە یەک لە دوای یەکەکاندا چاوی کردووەتەوە، چیتر سیاسەت و دەسەڵات لە ڕێگەی ئەو بەڵێنە درۆینانە و قسە بریقەدارانەوە هەڵناسەنگێنێت کە ڕۆژانە پێی دەفرۆشرێت، بەڵکو پێوەرەکەیان تەنیا بریتییە لەو شکستە کەڵەکەبووانەی کە ژیانی ڕۆژانەیانی وێران کردووە .

بۆ ئەم گەنجانە، دروشمی پێشکەوتن هیچ مانایەکی نییە کاتێک دەبینن دوای سی و پێنج ساڵ لە حوکمڕانی و فرۆشتنی سامانی ژێر زەوی، هێشتا وڵاتەکەیان ناتوانێت سەرەتاییترین مافی وەک کارەبایەکی بەردەوام دابین بکات و حکومەت چارەنووسی خەڵکی ڕادەستی بازرگانانی غاز و خاوەن مۆەلیدەکان کردووە . گەورەترین کارەسات ئەوەیە کە دەسەڵات بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بەمەبەست کاری کردووە بۆ کوشتنی ئیرادە و خەونی گەنجان، بە جۆرێک کە ئێستا “سەرکەوتن” لەلای گەنجێکی کورد بریتی نییە لە دۆزینەوەی هەلی کاری گونجاو یان بەشداریکردن لە بونیاتنانی وڵات، بەڵکو سەرکەوتن تەنیا ئەوەیە کە بتوانێت لە کۆتایی مانگدا پارەی کرێی مۆەلیدە و ئاو پەیدا بکات و لەم شەڕی مانەوەیەدا نەکەوێت . ئەمەیە ئەو میراتە گاڵتەجاڕییەی کە تێیدا بێهیوایی کراوەتە کلتوور و چاوەڕوانییەکان هێندە نزم کراونەتەوە، کە ئەگەر حکومەت بۆ چەند ڕۆژێک کارەبای نیشتمانی نەبڕێت، خەڵک وەها هەست دەکات کە موعجیزەیەکی گەورە ڕوویداوە؛ لە کاتێکدا ئەمە مافێکی زۆر سەرەتایی و ئاسایی هەر مرۆڤێکە . ئیتر گەنجان باش تێگەیشتوون کە لە پشتی هەر پڕۆژەیەکی ڕاگەیەندراوی حکومەتەوە، شکستێک و گەندەڵییەکی نوێ خۆی مەڵاس داوە، بۆیە لەبری ئەوەی چاوەڕێی هاتنەدیی بەڵێنەکان بن، چاوەڕێی ئەوەن بزانن ئەمجارە کام قەیران یەخەیان دەگرێت، و ئەمەش ترسناکترین قۆناغی دابڕانی نێوان نەوەی نوێ و دەسەڵاتە کە هەرگیز بە ی حەماسی و کورتە ی پڕوپاگەندە چاک ناکرێتەوە .

بەداخەوە، بەرپرسانی حکومەت هێشتا لەناو بڵقی خەیاڵاتی خۆیاندا دەژین و پێیان وایە کە دەتوانن بە کردنەوەی چەند شەقامێک یان بڕینی شریتی پڕۆژەیەکی وەهمی، عەقڵی ئەم نەوە هۆشیارە چەواشە بکەن، بێئاگا لەوەی کە گەنجی ئەمڕۆ لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەرەوە دەبینێت و زۆر باش دەزانێت کە چۆن لە وڵاتانی تردا حکومەتەکان کار بۆ خۆشگوزەرانیی هاوڵاتییانیان دەکەن، لە کاتێکدا لێرە حکومەت تەنیا بووەتە ئامرازێک بۆ دروستکردنی قەیران و تاڵانکردنی گیرفانی خەڵک . ئەو نەوەیەی کە بڕیار بوو ببێتە بزوێنەری ئابووری و داهێنان، ئێستا بووەتە قوربانیی کۆمەڵێک بڕیاری هەڵە و سیاسەتێکی چەوتی حوکمڕانی کە تەنیا خزمەت بە مانەوەی نوخبەیەکی دیاریکراو دەکات . کاتێک وڵاتێک نەوەکانی فێر دەکات کە قبوڵکردنی نەهامەتی، ژیان لە تاریکی، و بێ خزمەتگوزاری بەشێکە لە چارەنووسیان و دەبێت شوکرانەبژێر بن بۆ کەمترین شت، ئەو وڵاتە نەک هەر وزە و ڕووناکی لەدەستداوە، بەڵکو داهاتوو و هێزی مانەوەشی بۆ هەمیشە وێران کردووە، و ئەمەش ئەو میراتە ڕاستەقینە و تاڵەیە کە بۆ مێژوو دەمێنێتەوە .

بابەتى تر


👤
Live: 68 Today: 1,463 📊 Click Here