کوردستان هێشتا چاوەڕێی حکومەتە
مەبەست ساڵح ڕەوف
دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بە دەنگدان ئەرکی مەدەنیی خۆیان جێبەجێ کرد، بەڵام بۆشایی نێوان بەشداریی جەماوەری و بەرهەمی سیاسی ڕۆژ بە ڕۆژ فراوانتر دەبێت؛ چونکە بەرپرسیارێتیی ڕاستەقینەی دوای هەڵبژاردن ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ئەستۆی سەرکردە و پارتە باڵادەستەکان، کەچی لەبری جێبەجێکردنی بەڵێنەکان، وڵاتیان ڕووبەڕووی چەقبەستووییەکی تاقەتپڕووکێن و بێئاکام کردووەتەوە.
لە کاتی کەمپەینەکانی هەڵبژاردندا، دروشمی گەورە لەسەر چاکسازیی ئابووری، ڕێکخستنەوەی مووچە، فرەچەشنکردنی داهات، و دابینکردنی خزمەتگوزاریی شایستە بە خەڵک دەدرا، بەڵام کاتێک سەیری واقیعی ئەمڕۆ دەکەین، دەبینین کە قەیرانی مووچە هێشتا وەک مۆتەکەیەک بەسەر ژیانی فەرمانبەرانەوە ماوەتەوە و یە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا نەیانتوانیوە دڵنیایی بۆ ژیانی مووچەخۆران دروست بکەن.
لە کەرتی خزمەتگوزاریدا، بەڵێنە درەوشاوەکانی وەک چارەسەری یەکجاریی کارەبا و پڕۆژەی بیست و چوار کاتژمێری، لە واقیعدا گۆڕاون بۆ پچڕانی بەردەوام و سەپاندنی تێچووی قورس بەسەر گیرفانی هاوڵاتییاندا؛ لە کاتێکدا کەرتی پەروەردە و تەندروستی بەدەست کەمیی بودجە و نەبوونی دامەزراندنەوە دەناڵێنن و هەزاران دەرچووی زانکۆ لە چاوەڕوانیی هەلی کاردا بێهیوا کراون.
پەکخستنی درێژخایەنی دەرگای پەرلەمان و نەبوونی چاودێریی یاسایی بەسەر داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان، نیشانەی ئەوەیە کە دانوستانەکان تەنیا بۆ دابەشکردنی وەزارەتەکان و کورسییە داهاتسازەکانن، نەک بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی خزمەتگوزاری؛ کاتێک پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ مانگ لە دوای مانگ دوادەخرێت، ئیتر زەحمەتە بتوانرێت هاوڵاتی قەناعەت پێبهێنرێت کە هەڵبژاردن ئامرازێکە بۆ چاکسازی، بەڵکو دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە بێهیوایی کە تێیدا متمانەی گشتی بە دەوڵەتداری بەتەواوی دەپووکێتەوە.















Post Comment