لە چەکەوە بۆ سیاست؛ کورد لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدا
ڕاگەیاندنی کۆتایی بە بوونی «هێزەکانی سوریای دیموکرات» و گواستنەوەی هێز و دامەزراوەکانی بۆ ناو سیستەمی دەوڵەتی سوریا، تەنها بڕیارێکی سەربازی نییە؛ بەڵکو خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی سیاسیی کورد لە سوریا و لە هاوکێشەی هێزەکانی ناوچەکەدایە.
شایانی باسە، هەسەدە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بووە هێزی لە شەڕی دژی داعش و توانی لەگەڵ ئەوەی هێزێکی سەربازیی بەهێز دروست بکات، جۆرێک لە بەڕێوەبردنی خۆجێیی لە ڕۆژئاوای کوردستان و دواتریش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دامەزرێنێت. ئەم ئەزموونە، سەرەڕای هەموو کێشە و کەموکوڕییەکانی، یەکێک بوو لە کەم ئەزموونەکانی سوریا کە تیایدا کۆمەڵێک پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی بە شێوەیەکی هاوبەش لە بەڕێوەبردنی ناوچەکەدا بەشدار بوون.
بەڵام ئەم ئەزموونە لە ناو هاوکێشەیەکی ئاڵۆزی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا گیری خوارد. هەموو لایەنەکان سوریایان تەنها بە چاوی داهاتووی سوریا نەدەبینی؛ بەڵکو هەر یەکەیان سوریای بۆ بەرژەوەندیی ستراتیژیی خۆی دەویست. (ئەمەریکا، روسیا، ئێران، ئیسرائیل، تورکیا، هەروەها وڵاتانی عەرەبی) ئەو کارەکتەرانە بوون کە لە دوای شۆڕشی سوریا دەیانویست بۆ ئایندەی سوریا کاریگەریان هەبێت.
لێرەوە پرسیارێکی گرنگ سەرهەڵدەدات:
ئایا کۆتایی هاتنی هەسەدە وەک هێزێکی سەربازی، کۆتایی بە پڕۆژەی سیاسیی کورد لە سوریا دێنێت، یان تەنها شێوەی بەرەنگاربوونەوە دەگۆڕێت؟
وەک دەزانرێت، لە ساڵانی ڕابردوودا، هەسەدە لە یەک لایەنەوە هاوپەیمانی گرنگی ئەمریکا لە شەڕی داعش بوو، و لە لایەکی دیکەوە بووە یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی نیگەرانیی تورکیا.
ئەم دۆخە هەسەدەی خستە ناو هاوکێشەیەکی دژوار: ئەمریکا هەسەدەی بۆ شەڕی داعش پێویست بوو، بەڵام تورکیا بوونی هێزێکی کوردیی بەهێزی لەسەر سنوورەکانی بە مەترسی دەزانی.
لە کۆتاییدا، کاتێک بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی هێزە گەورەکان گۆڕان، هەسەدە بە تەنهایی نەیتوانی هاوکێشەکە بگۆڕێت. چونکە گۆڕینی هاوکێشەکە بەدەر بوو لە هێزی سیاسی و سەربازی و دبلۆماسی کورد، ئەوەی فاکتەری گۆڕانکاریەکان بوو بەرژەوەندی زلهێزەکان بوو.
ئەمەش وانەیەکی گرنگی بۆ کورد هەیە:
هیچ هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی هەتاهەتایی نییە؛ بەرژەوەندییەکان دەمێننەوە، بەڵام هاوپەیمانییەکان دەگۆڕێن.
ئەوەی ئەمڕۆ هاوپەیمانە، لەوانەیە سبەینێ تەنها لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت و بڕیارێک بدات کە چارەنووسی هاوپەیمانییەکەی پێشوو بگۆڕێت. ئەوەیان لە پاریس لە ڕێکەوتنی ئەحمەد شەرع و ئیسرائیل بە چاودێری تورکیا و ئاگاداری ئەمەریکا ڕوویدا.
تورکیا لە سەرەتای دامەزراندنی ئەزموونی بەڕێوەبردنی خۆجێیی لە ڕۆژئاواوە، بە گومان و نیگەرانییەوە لێی ڕوانیوە. هۆکاری ی ئەم نیگەرانییەش تەنها بوونی هێزی سەربازی نەبوو؛ بەڵکو ترسی دروستبوونی ئەزموونێکی سیاسیی کوردی لەسەر سنوورەکانی بوو.
بۆیە ئامانجی ئەنقەرە تەنها کەمکردنەوەی هێزی هەسەدە نەبوو؛ بەڵکو کۆتاییهێنان بە هەر شێوەیەک لە خۆبەڕێوەبردنی کوردی بوو.
بەڵام فشارەکانی ناوخۆی کورد لەسەر ئاستی پارچەکانی کوردستان و کوردانی دایاسپۆرا، نیگەرانییەکانی نێودەوڵەتی و یە نوێکانی ناوچەکە، تورکیای ناچار کرد لە هەندێک داواکاریی خۆی پاشەکشە بکات و بە چارەسەرێکی ناوەڕاست ڕازی بێت.
بۆیە ئەو ڕێککەوتنە نابێت بە سادەیی بە «شکستی کورد» یان «سەرکەوتنی تورکیا» لێک بدرێتەوە. هاوکێشەکە ئاڵۆزترە لەوە.
هەسەدە دەتوانێت وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ کۆتایی پێ بێت، بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک کۆتایی پرسی کورد لە سوریا نییە.
پرسی کورد لە چەکدا نییە؛ پرسی کورد لە ناسنامە، ماف، ئازادی، بەشداریی سیاسی و شوێنی کورد لە داهاتووی سوریادایە.
ئەگەر کورد ئەم گۆڕانە بە تێگەیشتن و یەکڕیزییەوە وەربگرێت، ئەوا پاشەکشەی سەربازیی دەتوانێت ببێتە دەستپێکی پێشکەوتنێکی سیاسی.
بەڵام ئەگەر کورد لەم قۆناغەدا دابەش و بێستراتیژی بمێنێتەوە، ئەوا مەترسییەکە تەنها لە لەدەستدانی هێزی سەربازی نییە؛ بەڵکو لە لەدەستدانی ئەو دەرفەتە مێژووییەیە کە بە زەحمەت و خوێن و خەبات بەدەست هاتووە.















Post Comment