قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان و هۆکارەکانی..!
شاهۆز جلال سدیق – چالاکوان
بەنزین یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی وزە کە ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان و جوڵەی ئابووری پێوە دەبەسترێتەوە، بۆیە هەر کاتێک قەیرانێک لە دابینکردنی بەنزین دروست دەبێت کاریگەرییەکەی تەنها لەسەر شۆفێران نابێت، بەڵکو لەسەر جوڵەی بازرگانی و کەرتی پیشەسازی و ژیانی گشتی خەڵکیش دەردەکەوێت.
قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان تەنها بەبۆنەی یەک هۆکارەوە نییە، بەڵکو دەرئەنجامی کۆمەڵێک هۆکاری ئابووری و سیاسی و تەکنیکییە، یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان ململانێی پاڵاوگەکانە کە سەربە لوتکەی دەسەڵاتی هەر دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارە گەندەڵەکەی هەرێمی کوردستانن، بەتایبەت ململانێی نێوان هەردوو کۆمپانیای کارو لانازی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی.
هەروەها کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی عێراق، لەگەڵ کەمبوونەوەی توانای پاڵاوگەکان یان وەستانی هەندێکیان بە بیانوی چاکسازی، کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر بڕی بەنزینی بەرهەمهاتوو هەیە، بەمەش نرخی بەنزین لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم گەیشتووە بە ٢٠٠٠ هەزار دینار بۆ هەر لیترێک، لە کاتێکدا لە تەواوی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقیدا ٤٥٠ دینارە بۆ هەر لیترێک، کە ئەمەش بێجگە لە دزی و گەندەڵییەکی ئاشکرا لەلایەن بەرپرسانی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی هیچ پێناسەیەکی دیکە هەڵناگرێت.
هەرچەندە هەرێمی کوردستان خۆی بەرهەمهێنەری نەوتە، بەڵام نرخ و کوالیتی بەنزین هێندە خراپە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان و کێشەی بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان جێهێشتووە لە کاتێکدا سەرەڕای ئەمەش هاوڵاتیان نزیکەی دە کاتژمێر لە نۆرەی وەرگرتنی بەنزیندا دەبن، کە ئەمەش بەڕاستی شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ بەرپرسانی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی کە بارودۆخی هاوڵاتیانیان گەیاندۆتەوە ئاستێکی بەم شێوەیە.
لەلایەکی دیکەشەوە بێباکی حکومەتی هەرێم لەئاست ئەم قەیرانەدا لە ئاستێکدایە کە توانای چارەسەری نیە و دەستەوەستانە، چارەسەری ئەم قەیرانەش پێویستی بە پلاندانانی درێژخایەن هەیە، وەک زیادکردنی توانای پاڵاوگە ناوخۆییەکان و باشترکردنی سیستەمی دابینکردنی بەنزین و ڕێکخستنی بازاڕ بە شێوەیەکی شەفاف، هەروەها بەهێزکردنی هاوکاری لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی دابینکردنی سووتەمەنی، بەڵام لە کۆتاییدا حکومەتی هەرێم مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانەکەی نیە چونکە حکومەتێکە لەلایەن هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانییەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەو دوو بنەماڵەیەش گوێ نادەن بە هیچ شتێک بێجگە لە سوودی خۆیان…















Post Comment