کاتێک سیاسەت دەبێتە بارگرانایی دەروونی و کاری بەکرێگیراو « مرتزقة » !
دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 و تائێستاش لە هەرێمی کوردستان
ژمارەیەکی زۆر لە ڕوخساری نوێ هاتنە ناو بواری گشتی و سیاسی ، کە ئەمە شتێکی سروشتیە
، چونکە بڵین و نەڵێین شوڕش و ڕاپەڕینەکان
دەرگا لەبەردەم نەوەی نوێ دەکاتەوە بۆ بەشدایکردن لە سیاسەت و کاری سیاسی ، سیاسەت
بریتی نیە لە هێنانەوەی قسەی ئەوانی تر و ، کۆمەڵێک دروشمی فەنتازیاش نیە کە دەستبدات
بۆ ئیستیهلاکردن لەسەر سۆشیالمیدیا ، سیاسەت هەڵوێست و باوەڕ و قەزیەیە ، سیاسەتمەداری
ڕاستەقینە ئەو کەسەیە نرخی هەڵوێستەکانی دەدات و لەناو خەڵک دەژیت و هەست بە ئازارەکانیان
دەکات و لە چارەسەکردنی گرفت و کێشەکانیان دەگەڕێت ، بەڵام کە خەڵکت پەڕاوێزخست ئەوە
ورە-یان دادەماڵی ، بۆیە مەترسیدارترین شت کە تووشی هەر کۆمەڵگەیەک دەبێت تووڕەیی
نیە و ناڕەزایش نیە ، بەڵکو ئەو ماندوبوونە نادیارەیە کە خواست لەسەر پرسیارکردن دەکوژێنێتەوە
و ، باوەڕ بە جەدوای بەشداریکردن لاواز دەکات ، و سیاسەت لە کرداری گشتیەوە دەگۆڕێت
بۆ بارگرانایی دەروونی و ، لێرەوە وڵاتان هەر بە شکست یان ئیفلاسبوون ناناڵێنن ، بەڵکو
هەندێک جار کۆمەڵگا ماندوو دەکات ، مەبەست لە ماندووبون لەڕووی جەستەوە نیە ، بەڵکو
لەڕووی دەروونی و ئەخلاقیە ، کاتێک سیاسەت بووە سەرچاوەی گرژی فەزای هیوا ووندەبێت
و ، ئەوکات ترسناکی بە بێدەگی دزە دەکات ، کە لە ڕۆتیندا خۆی دەشارێتەوە و ،
دواجار لە دەروونەکاندا جێگیر دەبێت تا دەبێتە شتێکی ئاشنا ، دەبێت سیاسی هەموو ئەمانە
بزانێت.
هەندێک سیاسی ناو حزبەکان و ئەوانەی
کە ئێستا سواری شەپۆلی بێزاری و ناڕەزایی خەڵک بوونە ، دێت چالاکی
وێنەیی و دروستکراو لە سۆشیالمیدیا
و ئامرازەکانی تری ڕاگەیاندن ڕێکدەخات بۆ
ئیستیهلاکی ئیعلامی بێئەوەی کاریگەریەکی ڕاستەقینە
لەسەر ژیانی خەڵکدا جێبهێڵیت ، ئەمە کرداری سیاسی نیە بەڵکە نمایشی سیاسی-یە
، بەداخەوە ئێمە ئێستا لەبەردەم دیاردەیەک
داین کە پێی دەڵێن بەکرێگیراوی سیاسەت ( مرتزقة السياسة ) نموونە لەسەر بەکرێگیراوی سیاسەت : هەندێک کەس
مامڵە لەگەڵ کاری گشتی دەکەن بە ئیعتیباری ئەوەی ئامرازێکە بۆ هێنانەدی بەرژەوەندی
کەسیی و ، دێن باسی هەژار و نەداران دەکەن خۆشیان لە ماڵێکدا دەژین کە لە هیچیان کەم
نیە ، ئەمە ئەوپەڕی ئیرتیزاقی سیاسیە کە نیشتیمانپەروەری بگۆڕیت بە نمایشی سیاسی ، هیچ گرفت نیە ئەو سیاسیانە لە خانوو و ژیانێکی خۆشدا بژین ، گرفتەکە لە پارە
نیە ، بەڵکو لە کەلێنی نێوان گوو مومارەسەیە و ، لە هەمووی ترسناکتر ئەوەیە کە
ئەو جۆرە مومارەسانە هەر تەنها زەرەر بە خاوەنەکەی ناگەیەنێت ، بەڵکو بە خودی سیاسەتیش دەگەیەنێت و سیاسەت لەبەرچاوی
هاوڵاتی سووک دەکات ، کاتێک هاوڵاتی دەبینێت
حزبێک یان سیاسیەک زۆر قسەدەکات و کرداریشی نیە بەمە متمانە لەدەست دەدات ، سیاسەتی ڕاستەقینە لە شەقامەوە دەستپێدەکات ،
بڕۆنە خوار کن خەڵک ، لەگەڵ جوتیار و کرێکار و فەرمانبەر و خاوەن پڕۆژەی بچووک دانیشن
، لە هاوڵاتی بپرسن : گیروگرفتەکە لەکوێیە
؟ لەبەرچی ڕوویداوە ؟ چارەسەر چیە ؟
بە پێشنیاری ڕاستەقینە نەک بە بیاننامە و لێدوان و ماستاو و نیفاق بڕۆنە کن لایەنە جێبەجێکارەکانی دەسەڵات…..حزب
دەبێت قوتابخانەیەکی سیاسی و خانووی هاوڵاتی بێت و سەکۆی خستنەڕووی گرفت و کێشەکان
و پردی ڕاستەقینەی نێوان شەقام و دامەزراوەکانی دەسەڵات بێت ، ئێمە پێویستمان بەوەیە کە سیاسەت مانا ڕاستەقینەکەی
بگەڕێنێتەوە و ، هاوڵاتی پێویستی بە موزایەدات نیە ، پێویستی بەوەیە لە پێناویدا
کار بکات ، سیاسی بێ هاوڵاتی دەبێتە دیکۆر وەک ئەوەی کە دەبینین هەندێکیان بونەتە
دیکۆر ، تەنها حکومەت و دەوڵەتە دەتوانێت متمانەی هاوڵاتی و مانا بۆ سیاسەت بگەڕێنێتەوە و ( ئەوە ) توانای سەقامگیری هەیە .















Post Comment