دیموکراسی لە ژێر سێبەری تفەنگەکاندا
سەلاح حسن محمد
لە یەکێک لە گەورەترین شانۆگەرییە کۆمیدییەکانی سەدەی بیست و یەکەمدا، سیاسییەکانی ئێمە بە جۆرێک باسی “کێبڕکێی دیموکراسی” و “هەڵبژاردنی ئازاد” دەکەن، وەک بڵێیت لە دڵی سویسرا یان وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا دەژین، لە کاتێکدا هەموو کوچە و کۆڵانێکی ئەم وڵاتە پڕە لە چەکداری دەمامکدار و میلیشیای دەرەوەی یاسا کە چاوەڕێی ئاماژەیەک دەکەن بۆ سڕینەوەی هەر دەنگێکی جیاواز . ئەوەی پێی دەوترێت کێشەی ئاسایش، لە ڕاستیدا گەورەترین گاڵتەجاڕییە بە چەمکی دیموکراسی؛ چونکە چۆن دەتوانیت باسی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکەیت کاتێک هاوڵاتییەک لەبەردەم سندوقی دەنگداندا دەبێت بیر لەوە بکاتەوە ئایا هەڵبژاردنی ئەم کاندیدە دەبێتە هۆی ڕفاندنی خۆی یان بڕینی نانی منداڵەکانی؟
دەسەڵاتداران بەوپەڕی بێشەرمییەوە داوا لە خەڵک دەکەن بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و “بە ئازادی” نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن، بەڵام لە ژێر مێزەکەوە هەمان ئەو سەرکردانە فەرمان بە هێزە چەکدارەکانیان دەدەن کە گەمارۆی گەڕەکەکان بدەن و ترس بخەنە دڵی دەنگدەرانەوە، کە ئەمەش وایکردووە سندوقی دەنگدان لەبری ئەوەی ئامرازێک بێت بۆ گۆڕانکاری و نوێبوونەوەی سیاسی، ببێتە تەنها ئامێرێکی شۆردنەوەی تاوان و پێدانی شەرعییەت بەو کەسانەی کە بە زەبری چەک شەقامەکانیان داگیرکردووە . کاتێک هەواڵەکانی وەک بی بی سی و سی ئێن ئێن شرۆڤەی ئەم دۆخە دەکەن، ڕاستەوخۆ دەست دەخەنە سەر ئەو برینە قووڵەی کە دەڵێت چەکی نایاسایی تەنها مەترسی نییە بۆ سەر ئاسایشی ڕۆژانە، بەڵکو بکوژی ی پرۆسەی سیاسییە؛ چونکە هیچ کاندیدێکی مەدەنی کە تەنها پێنووس و قەڵەمێکی پێیە، ناتوانێت کێبڕکێ لەگەڵ پاڵێوراوێکدا بکات کە خاوەنی کەتیبەیەک لە چەکدار و چەندین زریپۆشە.
کۆمەڵگایەک کە تێیدا تفەنگ بڕیار لەسەر کێشی دەنگەکان بدات، کۆمەڵگایەکە کە دیموکراسییەکەی تەنها بۆ ڕازاندنەوەی مانشێتی ڕۆژنامەکان و فێڵکردنە لە نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نەک بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییان؛ بۆیە تا ئەو کاتەی دەوڵەت نەتوانێت تاکە خاوەنی هێزی چەکدار بێت و ئەو فرۆشگایانەی ترس و تۆقاندن دابخات، هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردن تەنها وەهمێکی گەورە و سووکایەتیکردنێکی ڕاستەوخۆیە بە عەقڵ و ئیرادەی گەل.















Post Comment