گەندەڵی لە ترۆپکی دەسەڵاتەوە دەست پێدەکات، ئەنجامەکەشی دەکەوێتە سەر ژیانی هاووڵاتی.
فەلاح ئیسماعیل – چالاکوان
دوای ساڵانێکی زۆر لە حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، پرسیارێک هەروا بێ وەڵام ماوەتەوە: بۆچی هەرێمێک کە لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی ناوچەکەیە بە نەوت، گاز و سامانی سروشتی، خەڵکەکەی هێشتا لە ژێر باری گرانبونی ژیان، بێکاری، هەژاری و نائومێدی دەژی؟
کاتێک هاووڵاتی دەچێت بۆ بازاڕ، هەموو ڕۆژێک بە چاوەکانی خۆی دەبینێت کە نرخی شتومەک بەرز دەبێتەوە. کاتێک تانکی ئۆتۆمبێلەکەی پڕ دەکات، نرخی بەنزین و نەوتی ناوخۆی، کە دەبێت هەرزانترین بێت، بۆی دەبێتە بارێکی قورس. ئەمانە ڕووداوێکی ئاسایی نین، بەڵکو ئەنجامی سیستەمێکن کە نەیانتوانیوە ژیانی هاووڵاتی باشتر بکات.
چارەسەری هیچ کۆمەڵگەیەک بە دروست ناکرێت کاتێک یاسا تەنها بەسەر بێدەسەڵاتاندا جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەوانەی لە ناو دەسەڵاتدان خۆیان لە هەر لێپرسینەوەیەک بپارێزن. ئەگەر یاسا یەکسان نەبێت، متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکان نامێنێت، و ئەوەش بناغەی هەر دەوڵەتێک لاواز دەکات.
خەڵکی کوردستان مافی ئەوەیان هەیە بزانن داهاتەکانی نەوت بۆ کوێ دەڕوات، بۆچی هێشتا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان کێشەیان هەیە، بۆچی ژیانی هاووڵاتی لە ساڵ بە ساڵ قورستر دەبێت، و بۆچی زۆرێک لە گەنجان تەنها چارەسەریان لە کۆچ کردن دەبینن.
ڕەخنە لە حکومەت دوژمنایەتی نییە؛ بەڵکو داواکارییە بۆ باشترکردنی حوکمڕانی، جێبەجێکردنی یاسا، بەرپرسیارێتی و ڕوونی لە بەڕێوەبردنی سامانی گشتی.
کوردستان پێویستی بە حکومەتێک هەیە کە یاسا لەسەر هەمووان یەکسان بێت، گەندەڵی بەربەرەکانی بکرێت، سامانی گشتی بۆ گشتی خەرج بکرێت، و هاووڵاتی هەست بکات کە نیشتمانەکەی بۆ خزمەتکردنی ئەوە، نەک تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندی دەستەیەکی دیاریکراو.
تا ئەو کاتەی بەرپرسیارێتی، دادپەروەری و یاسا بەسەر هەموواندا یەکسان نەبێت، قەیرانەکان هەر دووبارە دەبنەوە، و باری قورسی ئەو قەیرانانە هەمیشە لەسەر شانی هاووڵاتی سادە دەکەوێت.















Post Comment