وەبیر هێنانەوە و هۆشیارییەك بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم .
شیلان عزالدین
بێزەحمەت لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دا ئێوە لە کوێ بوون ؟
هەربەڕاست هەتا ئێستا بیرتان لەو بێشەرمی و بێویژدانییەتان کردۆتەوە لەبەرامبەری ئەو خەڵکا !؟
ئەو خەڵکەی بەگیانێکی کوردانەوە بۆ بەدەس هێنانی ئازادی دژی حیزبی بەعس شۆڕشێکی جەماوەری گەورەیان بەرپاکرد، گەڕەك دوای گەڕەك و شار دوای شاریان پاککردەوە و کۆتاییان بە دیکتاتۆرێکی وەکو سەدام حسێن و داموو دەزگا و یاسا و ڕێسا زاڵمانەکەی هێنا.
میللەت کە بەرگەی ئەو گرانێ گەورە یان گرت لە پێناوی ئازادی و سەلماندنی کورد و کوردستاندابوو ، من ئەم ڕوداوانەم نەبیستووە بەڵکو بینیومە و شایەت حاڵی ئەو گرانی و گەردەلوولەم، ئێستا کە دەسم خەریکی نوسینە زیهن و فکرم ی ڕوداوەکان ئەهێننەوە پێش چاوم !
بەڵام بەداخەوە هەرچۆن باسیکەم [ جەنابی ئێوەومانان ] هەست بە هیچ خۆشی و ناخۆشییەك ناکەن ، لەبەرئەوەی کەس نازانێ لە چ وڵاتێك خەریکی ڕابواردن و ژیانکردنی خۆتان بوون بەوپەڕی لامووبالی و بێ مەبدەئیتانەوە بۆ کورد و کوردستان !
جا لەبەرئەوە ئاگاداربن، ڕاپەڕینی ئەمجارە شۆڕشی برسێکانە شۆڕشی کەرامەت شکاوەوەکانە شۆڕشی ژیان داگیرکراوەکانە شۆڕشی مامۆستا شەق لێدراوەکانە شۆڕشی دەنگە ناڕازێ کپ کراوەکانە شۆڕشی کەس وکاری ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە کوژراو ، گیراو و ون بووەکانە شۆڕشی کەسوکاری نەخۆشە دەرمان دزراوەکانە شۆڕشی قوت دزراوەکانە لەژێر ناوی پاشەکەوتا شۆڕشی خاوەن پێداویستییە پەراوێز خراوەکانە شۆڕشی ژن و مناڵی بێنازکراوی شەهیدەکانە شۆڕشی خاوەنی شەهیدە خیانەت لێکراوەکانە شۆڕشی تەخەروجە دانەمەزراوەکانە شۆڕشی مناڵی ئەو باوکانەیە لەسەرەی خانەنشینییا مردن شۆڕشی کەس وکاری ئەو جەرگ سوتاوانەیە کە ڕۆڵەکانیان لە ترسی ئێوە و نەوەکانتان لە ئاوی ئیجا خنکان و بەدەیانیان لاشەکەشیان نەدۆزرایەوە، شۆڕشی ئەو هەموو گەنجەیە کە ناتوانن لەبەر بێ کاری بێ پارەیی ژیانی خێزانی دروستبکەن کە لەبەرامبەردا ئێوە چ کچێك جوانە و لە کوێیە لەگەڵی ڕائەبوێرن و ئەیانکەن بە خاوەنی کۆمپانیا و ڤێللا و جنسییە و ئاخر مۆدێل سەیارە ….. زۆری تریش هەن کە باسیان بکەم ؛
بەس من لەگەڵ ئەوەی ماندوو بووم لە نووسینیان هۆن هۆن بەناخی ئەرزا ئەچم لە خەجاڵەتی ئەو هەموو بێویژدانی و بێشەرمییەتان !
باشە [ ئێوە کەی هەست بەخەجاڵەتی ئەکەن ] !؟
ئۆو! بیرمکەوتەوە ئێوە لەکاتی هەڵبژاردنەکانا، بەسەدان وەعدی درۆی شاخدار بە خەڵك ئەیەن دوای پرۆسەکە ساحێبی قسەی خۆتان نین ئیتر بەڕاستی نازانم بڵێم چی! جا لەبەرئەوە ئەمجارەش وەبیرهێنانەوە و ئاگاداری تکایە پێش هەڵگیرسانی گەردەلولی ئەو شۆڕشە مەزنە بارگە و بنەتان بپێچنەوە و بڕۆنەوە بۆئەو شوێنەی کاتی ڕاپەڕینەکە بەترسەوە سەری خۆتان لێکزکردبوو بەخۆشی ژیانتان ئەکرد.















Post Comment