“ململانێی یەکێتی و پارتی؛ هەوڵەکان بۆ دابەشکردنی هەرێم سەروەریی خاک دەخاتە مەترسییەوە”
بەڵێن کەمال – چالاکوان
لە کاتێکدا ناکۆکی و ململانێی سیاسی و داراییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامە؛ کەمپەین و واژۆکۆکردنەوە بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی و هەڵەبجە و دروستکردنی هەرێمێکی سەربەخۆ گەیشتوونەتە قۆناغێکی هەستیار،
چاودێران و بەرەی ڕەخنەگر و چالاکوان جەخت دەکەنەوە کە ئەم دۆخە بەرهەمی ڕاستەوخۆی شکستی حوکمڕانی و ململانێی بەرژەوەندخوازانەی هەردوو لایەنی دەسەڵاتدارە و سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورە و جددییەوە.
– بەپێی خوێندنەوەی دۆخەکە، وەکوو چالاکوانێک ؛
دیارترین ڕەهەندەکانی ئەم پرسە لەم خاڵانەدا کۆدەبنەوە:
بەرهەمی ناکۆکیی یەکێتی و پارتی: هەوڵەکانی بەهەرێمکردنی سلێمانی و هەڵەبجە هەنگاوێکی لە ناکاو و خۆبەخۆ نییە، بەڵکو لێکەوتەی ململانێی بەردەوامی نێوان یەکێتی و پارتییە کە لەپێناو پاراستنی نفووز و دەستکەوتە حیزبی و بنەماڵەییەکانیاندا بەردەوام دەبن .
– کەمپەینەکانی واژۆکۆکردنەوە بۆ جیابوونەوە، بەبێ ڕەزامەندی و چرای سەوزی دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز ناتوانن جێگیر ببن و زیاتر وەک کارتی فشار بەرامبەر بە پارتی لە کاتی ململانێ و دانوستانەکاندا دەبینرێن.
– لەلایەن پارتی یەوە؛ قۆرخکردنی جومگەکانی بڕیار و دەسەڵات، لەگەڵ نەبوونی هاوسەنگی لە دابەشکردنی داهات و پڕۆژەکان، زەمینە و بیانووی بۆ داواکارییەکانی جیابوونەوە و جیاکردنەوەی ئیدارەکان ڕەخساندووە.
- دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ دوو هەرێم یان چەند ئیدارەیەکی لێکدابڕاو، سەروەریی خاک و یەکپارچەیی قەوارە دەستوورییەکەی دەخاتە مەترسییەوە و دووئیدارەیی زۆنی سەوز و زەرد دەکاتە واقعێکی چەسپاو.
– لاوازبوونی پێگەی کورد لە بەغدا ؛ پارچەکردنی قەوارەی هەرێم، پێگەی دانووستان و قورسایی سیاسی و دەستووریی کورد لەبەرامبەر حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لاواز تر دەکات.
– گۆڕینی دابەشکاریی جوگرافی و دروستکردنی هەرێمێکی نوێ بە هەمان مۆدێلی حوکمڕانیی ئێستا، کێشەکانی مووچە، گەندەڵی و کەمیی خزمەتگوزاری چارەسەر ناکات و تەنها قەوارەی هەرێم بچووکتر دەکاتەوە.
– لە کۆتاییدا، ئەوەی ئەمڕۆ لەسەر پرسی دابەشکردنی هەرێم دەگوزەرێت، ئەوە دەخاتە ڕوو کە سەروەریی خاک و قەوارەی هەرێمی کوردستان نابێت بکرێتە قوربانیی ململانێی حیزبی و بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران، چونکە بەرپرسیارێتیی یەکەمی دروستبوونی ئەم مەترسییە لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتییە؛ بۆ مانەوەی بنامەڵەی بارزانی و تاڵەبانی بۆ خۆیان بەکاردێن نەک بۆ سەروەریی کردنی هاونیشتمانی کوردستان.















Post Comment