میترۆ: ملكه‌چكردنی یاسا بۆ ململانێی سیاسی نێوان یه‌كێتی و پارتی، سه‌روه‌ری یاسا ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه

–
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له مافی رۆژنامه‌نووسان رایگه‌یاند كه ئه‌و داوا یاساییانه‌ی كه ره‌هه‌ندی سیاسی‌یان پێوه دیاره، په‌ره‌ده‌ستێنن و ملكه‌چی ململانێی سیاسی نێوان یه‌كێتی و پارتی ده‌كرێن، به‌مه‌ش، نه‌ك ته‌نها ئازادی كاری رۆژنامه‌گه‌ری، به‌ڵكو سه‌روه‌ری یاساش ده‌خه‌نه ژێر پرسیاره‌وه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه سه‌نته‌ری میترۆ له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه له ماوه‌ی دوو مانگی رابردوودا، زیاتر له (10) كه‌یسی تایبه‌ت به بڵاوكردنه‌وه‌ی پێ گه‌یشتووه، كه هه‌ریه‌كه‌یان ده‌بوو به پێی یاسای رۆژنامه‌گه‌ری مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت نه‌ك یاسایه‌كی تر، به‌ڵام، په‌نابراوه بۆ یاسای ژماره (6) ی ساڵی 2008 “یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی كردن”، كه سزاكه‌ی له شه‌ش مانگه‌وه تا پێنج ساڵ به‌ندكردنی تێدایه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه “ئه‌م یاسایه ئه‌وه‌ی تێپه‌ڕاندووه كه تایبه‌تمه‌ند بێت به كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كه ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن و ئه‌نته‌رنێت دروستی ده‌كه‌ن. به‌ڵكو، ده‌سته‌واژه‌ی وه‌ك، (بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی هه‌ڵبه‌ستراو، تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن له رێی ئه‌نته‌رنێته‌وه) له یاساكه‌دا بۆ مه‌به‌ستی جیاواز به‌كارده‌هێنرێت، به تایبه‌تیش دژ به ره‌خنه‌گران و رۆژنامه‌نووسان”.
متیرۆ ده‌ڵێت: “نوێترینیان، فه‌رمانی ده‌ستگیركردنه بۆ سه‌رۆكی بۆردی به‌ڕێوه‌بردنی كه‌ناڵ8، ئه‌حمه‌د نه‌جم، و رۆژنامه‌نووس بژار ده‌باغ، كه وه‌زیری ناوخۆ له 7ی ئایاری 2026، واژۆی كردووه، به‌هۆی شه‌ڕی میدیا به‌هه‌مان پاساو زه‌مینه ره‌خساوه یه‌كێتی دژی میدیاكارانی پارتی داوای یاسایی تۆمار بكات”.
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه “میترۆ زانیویه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، داوای له وه‌زیری ناوخۆ كردووه كه بڕیاری ده‌سگیركردنه‌كه ده‌رنه‌كات و ره‌چاوی بارودۆخه‌كه بكات تا ئاماده‌بوونی داواكراوان له‌به‌رده‌م دادگا، به‌ڵام دوای ئه‌م داوایه وه‌زیر فه‌رمانه‌كه‌ی ده‌ركردووه”.
له نووسراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆدا، به ژماره‌ی 13175، داوا له گشت هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ كراوه كه داواكراوان ده‌ستگیربكرێن و له دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ولێر ئاماده بكرێن.
سه‌نته‌ری میترۆ رایگه‌یاندووه كه دڵنیایه “هیچ بنكه‌یه‌كی پۆلیسی سنوری پارێزگای سلێمانی و ده‌وبه‌ری داواكه‌ی وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم جێبه‌جێ ناكه‌ن و به هۆی دابه‌شبوونی سیاسی، به وه‌زیری خۆیانی نازانن، ئه‌مه بۆ فه‌رمانه‌كانی سلێمانیش راسته”.
روونیشیكردووه‌ته‌وه كه “پارتی و یه‌كێتی به‌شێكی زۆری میدیایان بۆ شه‌ڕی سیاسی دامه‌زراندووه، بۆ شه‌ڕی شكاندنی ركابه‌ره‌كان، بۆ شه‌ڕی تۆخكردنی زۆنچێتی و كۆنه‌قین، شه‌ڕی شێواندنی راستی و تێكشاندنی رۆحی پێكه‌وه‌یی، هاوكات كه‌شێكی گییان ره‌خساند كه پرۆسه‌ی سیاسی تێیدا زه‌ره‌رمه‌ند بێت”.
سه‌نته‌ری میترۆ رایگه‌یاندووه كه “په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و داوا یاساییانه‌ی كه ره‌هه‌ندی سیاسی‌یان پێوه دیاره و ملكه‌چكردنی یاسا بۆ ململانێی سیاسی نێوان یه‌كێتی و پارتی، نه‌ك ئازادی كاری رۆژنامه‌گه‌ری، سه‌روه‌ری یاساش ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه. ئێمه ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه”.
راشیگه‌یاندووه كه په‌نابردن بۆ یاسای ژماره (6) ی ساڵی 2008 “یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی كردن”، له كه‌یسه‌كانی تایبه‌ت به رۆژنامه‌نووسان و ده‌زگاكانی راگه‌یاند، بێ نرخكردنی یاسای ژماره (35)ی ساڵی 2007 “یاسای رۆژنامه‌گه‌ری”ه له كوردستان و پێویستمان به‌كاری هه‌ره‌وه‌زی هه‌یه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی.













Post Comment