میراتی خوێناوی و پاشەکشەی قەوارەى هەرێمى کوردستان
فواد حەمەتاڵیب
قردێلەی ئاشتی و یەکگرتوویی هێشتا بە تەواوی ڕەنگی نەچووبوو، کەچی نەوەی نوێی قۆرخکاران مەقەستەکانیان هێناوەتە دەرەوە بۆ پارچەپارچەکردنی نەخشەکە. دوای دەیان ساڵ لە شەڕی ناوخۆ و ڕژانی ڕووبارێک خوێن، باوکەکان بەڵێنی یەک حکومەتیان بەو خەڵکە ماندووە دا، بەڵام هەرکە کوڕەکان لەسەر کورسییە نەرمەکانی دەسەڵات جێگیر بوون و جڵەوی حوکمیان گرتە دەست، دەستبەجێ داوای گەڕانەوە بۆ سەردەمی تاریکی دوو ئیدارەیی دەکەن. ئەوان نیشتمانیان وەک پارچە زەوییەکی تاپۆکراو بۆ ماوەتەوە، بۆیە زۆر بە ئاسانی دەیانەوێت دیوار لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا دروست بکەنەوە، تەنها لەبەر ئەوەی ناتوانن لەسەر دابەشکردنی پارەی باج و تاڵانیی نەوتی خەڵک لە یەک ژووردا ڕێکبکەون.
ئیبن خەلدوون، بیرمەندی گەورەی کۆمەڵناسی، لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت: “نەوەی یەکەم بە زەحمەت و هاوپەیمانی دەوڵەت دروست دەکات، بەڵام نەوەکانی دواتر کە دەسەڵاتیان بە میرات بۆ دەمێنێتەوە، لە ناو خۆشگوزەرانیدا نقوم دەبن و بەهۆی ململانێی شەخسییەوە دەوڵەتەکە پارچەپارچە دەکەن و بەرەو ڕووخانی دەبەن.” ئەمە ڕێک مانیفێستی ئەو تراژیدیایەیە کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت. وەک چۆن لە سۆماڵ یان سودان سەرکردە میلیشیاییەکان دوای مردنی باوکەکانیان وڵاتیان کردە کانتۆنی بچووک بۆ قۆرخکردنی داهاتی دەروازەکان و سامانە سروشتییەکان، لێرەش نەوەی نوێی دەسەڵات لەبری بونیادنانی دامەزراوەی نیشتمانی، بە عەقڵیەتی موقەتەعاتی خێزانی بیر دەکەنەوە. ئەوان ئامادەن خەباتی نەتەوەیەک بکەنە قوربانیی قەڵەمڕەوی شەخسی، تەنها بۆ ئەوەی هەر یەکەیان لەسەر زۆنێکی دیاریکراودا بێ ڕکابەر حوکم بکات.
ئەم یاریکردنە بە چارەنووسی نیشتمان، گەورەترین سووکایەتییە بە ئارەقە و کەرامەتی ئەو میللەتەی کە هێشتا باجی شەڕەکانی پێشووی دەدات. ئەگەر خەونتان گەڕانەوەیە بۆ دوو ئیدارەیی و دابەشکردنی وڵاتە، ئەی بۆچی ئەو هەموو باج و سەرانەیە لە گیرفانی خەڵکی هەژار دەردەهێنن بە ناوی “حکومەتی هەرێمی کوردستان”ەوە؟ ئەو سوپا زەبەلاحە لە وەزیر، جێگر، و ڕاوێژکارە ملیۆنێرە کاریان چییە لە پایتەختێکدا کە ئێوە دەتانەوێت نیوەی دەسەڵاتەکەی لێ داماڵن؟ داهاتی نەوتی قاچاخ و خاڵە سنوورییەکان دەچێتە کام خەزێنەی شەخسییەوە، لە کاتێکدا نەخۆشخانەکان دەرمانیان تێدا نییە و قوتابخانەکان لەسەر سەری منداڵان دادەڕمێن؟ ئێوە نەک ناتوانن دەوڵەت بەڕێوەببەن، بەڵکو تەنانەت ناتوانن میراتە سیاسییەکەی باوکەکانیشتان بپارێزن؛ لەبری پێشکەوتن، تەنها دەتانەوێت وڵات بگەڕێننەوە بۆ سەردەمی بازگە حیزبییەکان تا بە ئاسانی دەنگی ئازاد و ڕکابەرەکانتان سەرکوت بکەن.
ئەی ئەو گەنجانەی خەونەکانتان لەم بازاڕە ڕەشەی سیاسەتدا هەڕاج کراون، و ئەی ئەو کارمەند و مامۆستایانەی کە بە گیرفانی بەتاڵەوە باجی ئەم یارییە منداڵانەیە دەدەن؛ ئیتر کاتیەتی باوەڕ بە درۆی “پڕۆژەی نیشتمانی” نەکەن. ئەو دەسەڵاتەی کە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستی خۆی هەڕەشەی پارچەپارچەکردنی وڵات دەکات، لە لوتکەی هێزدا نییە، بەڵکو دەسەڵاتێکی ترسنۆک و ئیفلیجە کە لە هۆشیاری و یەکگرتوویی ئێوە دەلەرزێت. ئەمە پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی نییە، بەڵکو گەورەترین خیانەتی مێژووییە کە تێیدا کوڕەکان لاشەی نیشتمانێک لەت دەکەن تەنها بۆ ئەوەی هەر یەکەیان لەسەر نیوە وێرانەیەک خۆی بە پاشا بزانێت!















Post Comment