کابینەی مەسرور بارزانی مووەلیدەکانی کردە تاجی سەری نیشتمان و گیرفانى خاڵی کرد

کابینەی مەسرور بارزانی مووەلیدەکانی کردە تاجی سەری نیشتمان و گیرفانى خاڵی کرد

جار بینراوە: (7.9K)

لوقمان کەمال محمد

دوکانێکی گەورە کە لە دەرەوەیدا تابلۆیەکی بریقەداری لێ دراوە و بانگەشەی هەرزانی و خزمەت دەکات، بەڵام هەرکە کڕیارێک پێ دەنێتە ناوەوە، دەرگاکانی لەسەر کلیل دەدرێن و ناچار دەکرێت تەواوی پارەی گیرفانی بدات بەو شتانەی کە لە بنەڕەتدا موڵکی خۆی بوون! لێرەدا کڕیارەکە نەک هەر هیچ کاڵایەکی پێ نادرێت، بەڵکو باجی مانەوەشی لەناو دوکانە تاریکەکەدا لێ وەردەگیرێت! ئەمە ڕێک وێنەی ئەو دەوڵەتەیە کە ئەمڕۆ بە ناوی حکومەتی هەرێمەوە حوکمڕانیی ئێمە دەکات؛ کابینەیەک کە بەڵێنی چاکسازیی ئابووریی دا، بەڵام لە کۆتاییدا ئەنجامەکەی بووە پسووڵەی قورسی کارەبای مووەلیدە، چێشتخانەی خاڵی، و دزینی کەرامەتی ئەو هاوڵاتییانەی کە باجی سەرکەوتنی ئەم حوکمە خێزانییە دەدەن!

لە ژێر سایەی ئەم کابینە شکستخواردووەدا، قەیرانەکان نەک هەر چارەسەر نەکراون، بەڵکو بوونەتە سەرچاوەیەکی هەمیشەییی قازانج بۆ تاڵانچییەکان. کاتێک کارەبای نیشتمانی بە ئەنقەست دەکوژرێتەوە و تیرۆر دەکرێت، ئەوە بۆ ئەوەیە کە کۆمپانیاکانی حیزب بتوانن لە ڕێگەی مافیای مووەلیدەکانەوە مانگانە ملیۆنان دۆلار لە گیرفانی خەڵک ڕابکێشن. ئەمە قەیرانی تەکنیکی نییە، بەڵکو قۆرخکاریی بازاڕ و تاڵانییەکی ڕێکخراوە کە تێیدا ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتی بووەتە دیلی ئابوورییەکی سێبەر، و خەزێنەی گشتیش تەنها بۆ ئەوەیە کە گیرفانی ئەو چەند خێزانە پڕتر بکات کە بازرگانی بە ئازارەکانمانەوە دەکەن.

جۆن ستیوارت میل دەڵێت: “خراپەکاران پێویستیان بە هیچ شتێک نییە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، جگە لەوەی کە مرۆڤە باشەکان بێدەنگ ببن و هیچ نەکەن”! ئەم حەقیقەتە تاڵە ڕێک پێناسەی ئەو مۆدێلەیە کە لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیدا لە ئەوروپا ڕوویدا، کاتێک خاوەن کارگەکان و سەرمایەدارە دڕندەکان کرێکارەکانیان لەوپەڕی هەژاری و نەهامەتیدا دەهێشتەوە، لەکاتێکدا خۆیان کۆشکیان دروست دەکرد و دەیانگوت ئەمە باجی پێشکەوتنە! ئەمڕۆ لە شدا هەمان ئەو ستەمکارییە ئابوورییە پەیڕەو دەکرێت؛ دەسەڵاتداران مووچەی مامۆستا و فەرمانبەر دەبڕن و غاز و کارەبا قۆرخ دەکەن، دواتریش داوا لە هاوڵاتییان دەکەن لە پێناو “بەرژەوەندیی نیشتمانی” و پاراستنی قاچاخی سنوور بێدەنگ ببن!

ئەمە ئەو کابینەیەیە کە لەبری ئەوەی ژێرخان دروست بکات، قەیرانی دروستکراوی بەرهەم هێناوە بۆ ئەوەی خەڵک هێندە سەرقاڵی کڕینی پاروویەک نان و دابینکردنی غاز بێت، کە هیچ کاتێکی نەبێت پرسیار لەسەر سامانی ونبوو بکات. کاتێک دادگاکانی کارتۆنی تەنها بۆ سەرکوتکردنی مەدەنی و تیرۆری دەروونیی ڕەخنەگران کار دەکەن، ئیتر هیچ ئومێدێک بە چارەسەر لەناو ئەم سیستەمەدا نامێنێت، چونکە خودی سیستەمەکە بۆ ئەوە نەخشێنراوە کە ئازاری خەڵک کەم بکاتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کەرامەتیان بپلیشێنێتەوە.

👤
Live: 72 Today: 2,218 📊 Click Here