حکومەتی ماوەبەسەرچوو و قەیرانی نوێکراوە
ئەندام کەیفی
میلەت وەکو بینەرێک لە هۆڵێکی سینەمای تاریک کە بە زۆر لەسەر کورسییەکان بەستراونەتەوە، و فیلمێکی پڕ لە کارەساتی بێمانا ساڵانێکە بێ وەستان دووبارە دەبێتەوە! لێرەدا کەس بۆی نییە بلیتەکەی بگەڕێنێتەوە، و هەرکەسێکیش داوای کردنەوەی دەرگاکان یان گۆڕینی فیلمەکە بکات، پاسەوانەکان دەستبەجێ قوفڵێکی گەورەتر لە دەرگاکە دەدەن! ئەمە ڕێک ئەو گاڵتەجاڕییەیە کە ئەمڕۆ بە ناوی حکومەتی هەرێمەوە بەسەر کۆمەڵگای ئێمەدا سەپێنراوە؛ دەسەڵاتێکی ماوەبەسەرچوو کە وەک گرێبەستێکی زۆرەملێ بە ملی هاوڵاتییانەوە ئاڵاوە، هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەش ناکات، بەڵام هەموو مانگێک باجی قورس و کەرامەتی خەڵک وەک کرێی مانەوەی خۆی وەردەگرێت!
لەم نیشتمانەدا، میلەکانی کاتژمێر وەستاون، بەڵام قەیرانەکان ڕۆژانە خۆیان نوێ دەکەنەوە. کاتێک حکومەتی ئیفلیجکراو شەرعییەتی یاسایی و متمانەی گەلی لەدەست دەدات، پەنا دەباتە بەر دواخستنی بێکۆتایی و دروستکردنی قەیرانی دروستکراو بۆ ئەوەی تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە. ئەوانەی لەسەر کورسییەکان دانیشتوون، چیتر نوێنەری گەل نین، بەڵکو پاسەوانی گیرفانی حیزب و کۆمپانیاکانی سێبەرن، کە داهاتی قاچاخی سنوور و نەوتی دزراو لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن، لەکاتێکدا هاوڵاتیی سادە دەبێت باجی ئەم مانەوە نایاساییەیان بە بێمووچەیی و برسێتی بدات!
پێموایە کە “بەهێزترین کەس هەرگیز هێندە بەهێز نییە کە بۆ هەمیشە گەورە بێت، مەگەر ئەوەی هێزەکەی بکاتە مافێکی یاسایی و گوێڕایەڵیی خەڵکیش بکاتە ئەرک”! ئەم حەقیقەتە ڕێک هاوشێوەی دۆخی میسڕە لە سەردەمی حوسنی موبارەک، کاتێک ڕژێم بۆ ماوەی سێ دەیە بە ناوی یاسای باری لەناکاوەوە تەمەنی خۆی درێژ دەکردەوە و دزینی وڵاتی کردبووە مافێکی ڕەوا و بێدەنگییشی کردبووە ئەرکی سەرشانی هاوڵاتییان! ئەمڕۆ لە شدا هەمان فێڵی مێژوویی پەیڕەو دەکرێت؛ دەسەڵاتی ماوەبەسەرچوو لە ڕێگەی پەرلەمانی بێدەنگکراوەوە تەمەنی خۆی درێژ دەکاتەوە و بێدەنگیی گەل وەک ڕازیبوون لێکدەداتەوە، تا درێژە بە قۆرخکاری بازاڕ و تاڵانکردنی خەزێنەی گشتی بدات!
مانەوەی ئەم سیستەمە، مانای درێژکردنەوەی قەیرانەکانە تا بێکۆتایی. دەسەڵاتێک کە لەسەر بنەمای داڕمانی یاسا و هەڵهاتن لە سندوقەکانی دەنگدان دەژی، ناتوانێت هیچ چارەسەرێک پێشکەش بکات. هەر ڕۆژێکی زیادە لە تەمەنی ئەم مافیا سیاسییانە، بزمارێکی نوێیە بە تابووتی داهاتووی نیشتمان. ئەوان دادگاکانی کارتۆنی و هێزە ئەمنییەکانیان تەنها بۆ ئەوە تەرخان کردووە کە هەر کەسێک بڵێت “کاتی ئێوە کۆتایی هاتووە”، دەستبەجێ بە پەڕاوی دروستکراو و زیندانە تاریکەکان وەڵامی بدەنەوە.
کاتی ئەوە هاتووە ئەم گرێبەستە ساختەیە هەڵبوەشێنینەوە و دەرگای ئەم هۆڵە تاریکە بشکێنین. ئەم دەسەڵاتە ترسنۆکە کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک ڕادەکات، لە یەکگرتوویی و بێزاریی ئێوە زۆر زیاتر دەترسێت تا لە هەر شتێکی تر، چونکە مێژوو سەلماندوویەتی کاتێک گەلێک بڕیاری کۆتاییهێنان بە ستەمکاری دەدات، هیچ درێژکردنەوەیەکی نایاسایی و هیچ دادگایەکی کارتۆنی ناتوانێت لەبەردەم گەردەلوولی تووڕەییدا خۆی بگرێت!















Post Comment