کاتێک میلیشیا دەبێتە حاکم، کێ دادگایی بکوژەکان دەکات
بەهرۆز حەویز رەسوڵ
گورگەکان چیتر لە چیاکانەوە پەلامار نادەن، بەڵکو مێزی بڕیاردانیان هێناوەتە ناوەڕاستی گوندەکە و بە فەرمی یاسای سەربڕینی مەڕەکان واژۆ دەکەن. پاسەوانەکانیش کە ڕۆژێک بۆ پاراستنی ماڵەکان دامەزرابوون، ئێستا جلوبەرگی دادوەریان پۆشیوە و بە ناوی یاساوە دەرگای خەزێنەکان دەشکێنن. عێراق و ئەم هەرێمەی ئێمە، چیتر دەوڵەت نین کە خاوەنی دامەزراوەی مەدەنی بن، بەڵکو بوونەتە بارمتەی دەستی چەند گروپێکی چەکدار کە پەیکەری حکومەتیان کردووەتە قەڵغانێک بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیان.
کاتێک هێزی تاریکی و چەکی حیزبی دەبنە خاوەنی بڕیاری سیاسی، ئیتر جیاوازییەک نامێنێت لە نێوان دەسەڵاتی فەرمی و دەسەڵاتی میلیشیاییدا. ئەوانەی دوێنێ لە دەرەوەی یاسا بوون، ئەمڕۆ لە ڕێگەی سیستەمی پشک پشکێنە و دروستکردنی کۆمپانیا حزبییەکانەوە، چوونەتە ناو دڵی حکومەت و بڕیارە ئابووری و سیاسییەکان دەدەن. لەم دەوڵەتەدا کە یاسای جەنگەڵ تێیدا باڵادەستە، ئابووری سێبەر و سامانی ونبوو لەلایەن ئەو کەسانەوە بەڕێوە دەبرێت کە بە ڕۆژ لەسەر کورسییەکانی پەرلەمان باس لە نیشتمانپەروەری دەکەن و بە شەویش قاچاخچێتی سنوور دەکەن.
“ئازادی بۆ گورگەکان، زۆرجار بە واتای مەرگ دێت بۆ مەڕەکان” ئەمەش هەمان ئەو کارەساتەیە کە لە کۆماری ڤایماری ئەڵمانیادا ڕووی دا، کاتێک گروپە چەکدارەکان هێواش هێواش چوونە ناو کایەی سیاسییەوە و دواجار دەوڵەتیان قوتدا و فاشیزمیان بەرهەمهێنا. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێمە، زۆر لەوانە فێڵبازترن؛ ئەوان دەوڵەت بە فەرمی ناڕووخێنن، بەڵکو قەوارەکەی وەک پەردەیەک دەهێڵنەوە بۆ ئەوەی لە پشتییەوە غەسلی پارە بکەن و سەرکوتکردنی مەدەنی ئەنجام بدەن، بێ ئەوەی بەرپرسیارێتییەکانی حوکمڕانیش هەڵبگرن.















Post Comment