٦٤ ڕۆژ لە تاریکیدا، یەک ڕۆژ بۆ درۆی فەرمی

٦٤ ڕۆژ لە تاریکیدا، یەک ڕۆژ بۆ درۆی فەرمی

جار بینراوە: (2)

هاوکار ئیسماعیل حسێن

کوردستان وەکو ژوورێکی بێ پەنجەرە کە تێیدا دەنگەکان دەخنکێنرێن و پرسیارەکان دەسووتێنرێن، دواتر خاوەنی ژوورەکە دەرگاکە دەکاتەوە و بە جلوبەرگێکی خاوێنەوە دەڵێت: “خۆی ئاگری لە خۆی بەردا، من تەنیا سەیرم دەکرد.” ئەمە ڕێک وێنەی ئەو چیرۆکە قێزەونەیە کە دەزگا ئەمنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر دەیانەوێت بەسەر خەڵکدا بیسەپێنن سەبارەت بە چارەنووسی ئەو پێشمەرگەیەی ٦٤ ڕۆژ بێسەروشوێن کرا. هاووڵاتییان و کەسوکاری قوربانییەکە، دروشمی سیاسی و بەیاننامەی ئامادەکراوی پۆلیسیان ناوێت؛ ئەوان دەپرسن: ئەو ٦٤ ڕۆژە لە کوێ بوو؟ کێ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرد؟ لەسەر چ تاوانێک ڕفێندرا؟ کاتێک سیستەمێک ناتوانێت وەڵامێکی لۆژیکی و پشتڕاستکراوە بە بەڵگە بداتەوە، و تەنیا بە گێڕانەوەی سیناریۆی “خۆهەڵواسین لە زینداندا” کۆتایی بە دۆسیەکە دەهێنێت، ئەوە دانپێدانانێکی ڕوونە بەوەی کە دەسەڵات لە زیندانەکانیدا خەریکی کوشتنی ڕاستییەکانە، نەک جێبەجێکردنی یاسا.

ئەوەی لەم دۆسیەیەدا دەگوزەرێت، زۆر لە کێشەی تاکە کەسێک گەورەترە؛ ئەمە نیشاندەری داڕمانی تەواوەتیی متمانەیە بەو دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییانەی کە گوایە دەبێت ئاسایشی هاووڵاتی بپارێزن. چۆن دەکرێت دەزگایەک کە کۆنترۆڵی هەموو کامێرا و جوڵەیەکی ناو زیندانەکانی هەیە، نەتوانێت ڕێگری لە خۆکوشتن بکات (ئەگەر ڕاست بێت)؟ یان ئایا ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەو زیندانانە بۆ دادپەروەری دروست نەکراون، بەڵکو مەسلەخی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتی بنەماڵەن؟ کاتێک کەسێک بێ بڕیاری ئاشکرای دادگا دەڕفێنرێت و دواتر بە مردوویی دەگەڕێنرێتەوە، ئیتر هەر لێدوانێکی فەرمی کە بەبێ پشکنینی پزیشکیی دادوەریی بێلایەن و شەفاف بڵاو بێتەوە، تەنیا هەوڵێکە بۆ غەسلی تاوان، نەک جێبەجێکردنی یاسا. ئەم سیستەمە پێی وایە کەرامەتی مرۆڤ تەنیا کاغەزێکە و دەتوانرێت بە بەیاننامەیەک بدڕێنرێت.

“بەها و نرخی دەوڵەتێک، لە درێژخایەندا، یەکسانە بە بەهای ئەو تاکانەی کە پێکی دەهێنن” ئەمەش هەمان ئەو درزە بوو کە سیستەمی پۆلیسیی بەعس و ڕژێمە دیکتاتۆرییەکانی تری تێدا تێکشکا، کاتێک وایان دەزانی بە بێسەروشوێنکردنی تاکەکان و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە، دەتوانن دەوڵەتێکی بەهێز دروست بکەن. بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی هەولێر، لە جیاتی ئەوەی وانە لە مێژوو وەربگرن، هەمان میتۆدی زیندانە تاریکەکان بەکاردەهێننەوە. ئەوان ناتوانن قەبوڵی هیچ ڕەخنەیەک یان تەنانەت پرسیارێکی ئاسایی بکەن، بۆیە دادگای کارتۆنی و پۆلیسی حزبییان خستووەتە خزمەت داپۆشینی ئەو تاوانانەی کە لە ژێر ناوی پاراستنی ئاسایشدا ئەنجامی دەدەن. ئەوان نەک هەر لاوازان دەچەوسێننەوە، بەڵکو متمانەی کۆمەڵگاشیان بە تەواوی کاول کردووە.

بابەتى تر

👤
Live: 30 Today: 1,508 📊 Click Here