کەیسی شێروانی دەمامکی دیموکراسیی حوکمی خێزانیی دڕاند
محمد ڕەمەزان عەلى
قەڵایەکی بریقەدار کە لە دەرەوە بە ڕەنگی سەقامگیری و گەشەسەندن بۆیاخ کراوە، بەڵام هەر کاتێک گوێ لە دیوارەکانی دەگریت، تەنها دەنگی زنجیر و هاواری قەڵەمە زیندانیکراوەکان دەبیستیت! لەم نیشتمانەدا، ئەوەی لەسەر شاشەکان پێی دەوترێت ئارامی و دیموکراسی، لە واقیعدا هیچ نییە جگە لە گۆڕستانێکی گەورە بۆ وشە و ئازادی! کاتێک سەرۆکی حکومەت باس لە سەروەریی یاسا دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامێری دروستکردنی کەلەپچە بۆ ڕۆژنامەنووسان بە خێرایی تیشک کار دەکات، ئیتر باسی دیموکراسی دەبێتە گاڵتەجاڕییەکی قێزەون و حەقیقەتێک کە تەنها ئەو کەسانە باوەڕی پێ دەکەن کە لەسەر مێزی تاڵانچییەکان پاشماوەی نانیان پێ دەدرێت!
کەیسی شێروان شێروانی و هاوڕێکانی، تەنها دۆسیەیەکی یاسایی نییە لەناو دادگاکانی کارتۆنی، بەڵکو دانپێدانانێکی فەرمیی ئەم دەسەڵاتەیە بە شکستی خۆی و ترسی گەورەی لە وشە. لەم ژینگەیەدا، هەر قەڵەمێک بیەوێت پرسیار لەسەر گیرفانی حیزب، ونبوونی خەزێنەی گشتی، یان قۆرخکاریی بازاڕ بکات، دەستبەجێ بە پەڕاوی دروستکراو و هەڕەشەی شاراوە وەڵام دەدرێتەوە. حوکمی خێزانی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی، پێویستی بە دروستکردنی ترسە لە دڵی هەر تاکێکدا؛ بۆیە تیرۆرکردنی خامە بووەتە ئەرکی یەکەمی ئەو دەزگا ئەمنییانەی کە لەبری پاراستنی نیشتمان، تەنها خەریکی سەرکوتکردنی مەدەنی و خنکاندنی دەنگە ناڕازییەکانن.
پێموایە کە : “لە کولتووری فاشیزمدا، هەر جیاوازییەک و ڕەخنەیەک بە خیانەتی نیشتمانی ئەژمار دەکرێت”! ئەم حەقیقەتە ڕێک هاوشێوەی دۆخی چیلییە لە سەردەمی پینۆشێت، کاتێک دیکتاتۆرەکە بە ناوی سەقامگیریی ئابوورییەوە وڵاتەکەی وێران کرد و یاریگاکانی پڕ کرد لە زیندانیانی ویژدان، و هەر کەسێکیش ڕەخنەی بگرتایە بە سیخوڕی دەرەکی تۆمەتبار دەکرا! ئەمڕۆ لە هەرێمی شدا، دەسەڵاتدارانی نوێ هەمان ئەو مۆدێلە ترسناکە پەیڕەو دەکەن؛ ئەوان دەیانەوێت بێدەنگیی گۆڕستانەکان بە ناوی سەقامگیرییەوە بەسەر خەڵکدا بفرۆشن، و هەر ڕۆژنامەنووسێکیش پەردە لەسەر دیموکراسییە ساختەکەیان هەڵبداتەوە، یەکسەر تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی دەخرێتە پاڵ!
ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانی، کە تێیدا دەسەڵاتی جێبەجێکار بە ئاشکرا فەرمان بەسەر دادوەرەکانی سێبەردا دەکات، نیشانەی داڕمانی تەواوەتیی متمانەیە. کاتێک ڕاگەیاندنی فەرمی و میدیای سێبەر شەو و ڕۆژ خەریکی وێناکردنی بەهەشتێکن بۆ هاوڵاتییان، بەڵام لە ژێرزەمینەکاندا لێکۆڵینەوەی نایاسایی و تیرۆری دەروونی دژی ڕەخنەگران بەڕێوە دەچێت، ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەم سیستەمە لەسەر شانی ترسی ئێمە وەستاوە. دیموکراسییەک کە لە فەیسبووک و قەڵەمێک دەترسێت، دیموکراسی نییە، بەڵکو کۆمپانیایەکی زەبەلاحی حیزبە کە بۆ پاراستنی تاڵانچییەکان دامەزراوە و هیچ نرخێک بۆ کەرامەتی مرۆڤەکان دانانێت.















Post Comment