ئایندەی ئیسلامی سیاسی لە ئەوروپا!

ئایندەی ئیسلامی سیاسی لە ئەوروپا!

جار بینراوە: (7)

پەرلەمانی سوید، دوێنی چوارشەمە، بە زۆرینەی دەنگ (٢٩٢ بەڵێ و ٥١ نەخێڕ) بڕیاری بە گۆڕینی چەند یاسای دەستووری دا.

دیارترین یاساکان بریتین لە یەکەم: یاسای لەباربردنی منداڵ، دووەم: یاسای سنووردارکردنی ئازادی رێکخراوە خۆبەخشەکان، سێیەم: یاسای ڕەگەزنامەی سویدی.

ئامانج لە گۆڕینی بەشێک لەو یاسا بنەڕەتیانە، بێجگە لە قەلاچۆکردنی تاوانکاری و بازرگانی مادە هۆشبەرەکان، بەشێک لە ریکخراوە ئیسلامییەکانە، بە بەشێک لە مزگەتەکانیشەوە، کە لە ژێر سێبەری دیموکراتی و مافە مەدەنییەکان، کاری ڕێکخراوەی ئیسلامی دەکەن، یان بە پەیڕەوکردنی یاسا ئاینییەکان، یاسای سویدی پێشێل دەکەن!

هەر لەم هەفتەیەدا ڕاپۆرتێکی کەناڵی ئێس ڤێ تی ی سویدی ئاشکرای کرد لە کۆی پازدە مەلای مزگەوت لەسوید، نۆ مەلایان ئامادە، یان هاوکاری فرەژنیان کردووە. ئەوەش ڕاستەوخۆ دژی یاساکانی سویدە.

ئەم جوڵە بنەڕەتییەی سوید، هاوکاتە لەگەڵ قەدەغەکردنی نیقاب لە چەند وڵات، هەمانکات قەدەغەکردنی حیجاب و هەموو جۆرە سیمبوڵە ئاینیەکان، لە چەندین وڵاتی ئەوروپی.

وا دەرەدەکەوێت ئەوروپییەکان هەر لە کیشوەرەکەی خۆیان کار بۆ لاوازکردنی ئیسلامی سیاسی ناکەن، بەڵكو چەند وڵاتی عەرەبیش لەو هەوڵانەدا بەشدارن.

هەر لەم هەفتەیەدا دادگای میسر ٣٥ ڕێکخراو و ٣٦ کەسی ئیسلامی خستە ناو لیستە ڕەشەکەوە، لە سەروی لیستەکەدا ڕێکخراوی ئەنجومەنی موسوڵمانانی ئەوروپای تێدایە.

بۆ ئەو هاورێ و هاوکارە ڕۆژنامەنووسانەی دەیانەوێت سەرچاوە بەکاربێنن، دەتوانن بگەرێنەوە بۆ (جریدە الوقائع المصریە)

لە ئێستادا چەندین هەوڵی ڕژد لە چەندین وڵاتی ئەوروپی، دژی ئیسلامی سیاسی، بە هەردوو باڵی ئیخوان موسلمین و ئاڵاڕەشەکان لە گەڕدایە. بەشێک لەو هەوڵانە پێویستیان بە گۆڕینی چەند یاسایەکی بنەرەتی دەستوورییەوە هەیە، بەشێکیان پێویستیان بە گۆڕینی چەند یاسای تایبەت بە پۆلیس و هەواڵگری و دەزگا ئەمنییەکانەوە هەیە، بەشێكیشیان پێوستیان بە لێسەندنەوەی ڕەگەزنامە و ناردنەوەی تاوانکاران و چالاکوانە ئیسلامییەکان و ئەو کەسانەوە هەیە کە ساڵانێکە زۆرە، لە کەناری کۆمەڵگا ئەوروپییەکاندا، بێ هۆکاری سەلمێندراو، لەسەر خەزێنەی دەوڵەتە ئەوروپییەکان دەژین.