دادگا یان شانۆگەرییەک بۆ سزادانی حەقیقەت؟

دادگا یان شانۆگەرییەک بۆ سزادانی حەقیقەت؟

جار بینراوە: (251)

محمد عەبدوڵا عومەر

ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر بە((شێروان شێروانی))دەکرێت، پێش ئەوەی جێبەجێکردنی یاسا بێت، نمایشێکی سیاسیی قێزەونە بۆ چاوترسێنکردنی هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە کە بیەوێت لە دەرەوەی بازنەی “چەپڵە لێدان” بیر بکاتەوە. درێژکردنەوەی ماوەی سزاکەی و دۆزینەوەی پاساوی یاسایی بێ بنەما، تەنها یەک پەیام دەگەیەنێت لە سیستەمێکدا کە گەندەڵکارانی تێدا پارێزراون و دزانی سامانی گشتی بە سواری ئۆتۆمبێلە گوللەنەبڕەکانەوە بە ئازادی دەسوڕێنەوە، دەبێت ڕۆژنامەنووسێکی وەک شێروان لە پشتی گۆشەکانی زیندانەوە بێت. ئەمە نیشانەی هێزی دەسەڵات نییە، بەڵکو گەورەترین بەڵگەی شکستی ئەخلاقی و سیاسییە؛ چونکە تەنها ئەو دەسەڵاتانەی لە بنەڕەتەوە لەرزۆکن، لە وشە و لە قەڵەمی ئازاد دەترسن.
ئەو سزایانەی بەسەر شێرواندا دەسەپێندرێن، تەنها سزادانی کەسێک نییە، بەڵکو تیرۆرکردنی ئازادیی ڕادەربڕینە لە هەرێمێکدا کە ڕۆژانە بانگەشەی دیموکراسی دەکات. کاتێک دادگا دەبێتە ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی نەیارەکان، ئیتر چاوەڕێکردنی دادپەروەری لەو شوێنەدا، خۆخەڵەتاندنێکی گەورەیە.
شێروان شێروانی ئەمڕۆ باجی غیرەت، ویژدان و ئەو ڕاستیانە دەدات کە نەیویست وەک زۆرێک لە “ڕۆژنامەنووسە سێبەرەکان” بە پارە و پلە بیفرۆشێت. ئەو تەنها نییە؛ ئەو نوێنەرایەتی دەنگی هەموو ئەو بێدەنگانە دەکات کە لە جەوری دەسەڵات وەرس بوون. ئەگەرچی جەستەی لە زینداندایە، بەڵام بیروباوەڕ و ئیرادەی ئەو زۆر لەو دیوارانە گەورەترە کە دەیانەوێت تێیدا گۆشەگیری بکەن.
مێژوو سەلماندوویەتی کە زیندان دەبێتە قوتابخانەی ئازادی، بەڵام بۆ زۆرداران دەبێتە سەرەتای کۆتایی و ڕووڕەشی.
#ئازادی_بۆ_شێروان_شێروانی #قەڵەم_نابەزێت #دادپەروەری_بۆ_بادینان

بابەتى تر

👤
Live: 29 Today: 2,303 📊 Click Here