ستەمی دەسەڵات و شکۆی ئازادی: خوێندنەوەیەک بۆ زیندانیکردنی ماندێلا و شێروان شێروانی

ستەمی دەسەڵات و شکۆی ئازادی: خوێندنەوەیەک بۆ زیندانیکردنی ماندێلا و شێروان شێروانی

جار بینراوە: (1.4K)

دانا محمد احمد – چالاکوان

ژووری زیندان، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، شوێنێکە بۆ سزادانی ئەو کەسانەی یاسایان بەزاندووە؛ بەڵام لە ژێر سێبەری دەسەڵاتە تۆتالیتار و دیکتاتۆرەکاندا، زیندان دەبێتە شوێنی کۆبوونەوەی ئازادیخوازان و ئەو دەنگانەی کە ئامادە نین لە بەرامبەر زۆرداریی کەڕ ببن. مێژووی سەربەستی، داستانێکی درێژە لە بەریەککەوتنی نێوان دەسەڵاتی سەرکوتکەر و ویستی ژیان لەسەر پایەی کەرامەت. لەم ڕێڕەوەدا، ناوەکانی وەک نێلسۆن ماندێلا و شێروان شێروانی، لە دوو سەردەم و چوارچێوەی جیاوازدا، ڕاستییەکی بەئازار بەبیر دێننەوە: ئەو باجەی کە مۆڕاڵی ئازادیخوازان دەیدات لە پێناو بەرگری لە مافی مرۆڤدا.

نێلسۆن ماندێلا لە باشووری ئەفریقا، کاتێک ڕووبەڕووی سیستەمی ئاپارتايد بووەوە، نەک تەنیا بۆ مافی ڕەشپێستەکان، بەڵکو بۆ چەمکی ی یەکسانی و کەرامەتی بێئەملاوئەولای مرۆڤ خەباتی کرد. دەسەڵاتی ڕەگەزپەرست، ماندێلای بۆ ماوەی ٢٧ ساڵ خستە پشت میڵەکانی زیندانەوە، بەو هیوایەی ئیرادەی بشکێنێت و دەنگی بپچڕێنێت. بەڵام ژوورە بچووکەکەی ڕۆبن ئایلاند نەبووە گۆڕستانی بیرۆکەکانی، بەڵکو بووە مینبەرێک کە بەهای ئازادی لێوە گواسترایەوە بۆ تەواوی جیهان. ماندێلا سەلماندی کە جەستە دەکرێت بەند بکرێت، بەڵام بیرکردنەوە لە ئازادی و دادپەروەری سنوور ناناسێت.

لە لایەکی ترەوە، لە هەرێمی کوردستان، شێروان شێروانی وەک ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێک لە هەناوی سیستەمێکدا سەری هەڵدا کە بانگەشەی دیموکراسی دەکات، بەڵام لە کرداردا بەرگەی ڕەخنەی سەربەخۆ و وشەی ئازاد ناگرێت. شێروانی بەهۆی فۆکۆسکردنی لەسەر مافەکانی مرۆڤ، داکۆکیکردن لە ئازادیی ڕا دەربڕین، و خستنەڕووی ڕاستییەکان، ڕووبەڕووی سزادان و زیندانیکردن بووەوە. داوکارییەکانی ئەو بۆ سەروەریی یاسا و مافی هاووڵاتیبوون، لەلایەن دەسەڵاتەوە وەک مەترسی سەیر کران، چونکە دەسەڵاتی نادادپەروەر هەمیشە لە ڕووناکی و ڕاستی ترساوە.

لێکچوونی لە نێوان ئەزموونی ماندێلا و شێروان شێروانیدا لەوەدا نییە کە ئاستی کاریگەری یان مێژووەکەیان وەک یەکە، بەڵکو لەوەدایە کە هەردووکیان قوربانیی هەمان لۆژیکی دەسەڵاتدارین. دەسەڵاتی دیکتاتۆر یان خۆسەپێن، لە هەر کات و شوێنێکدا بێت، هەمان میتۆد بەکار دەهێنێت: تۆمەتبارکردن، بێبەشکردن لە دادگایی دادپەروەرانە، و هەوڵدان بۆ بێدەنگکردنی چالاکوانان لە ڕێگەی دیوارەکانی زیندانەوە.

لە کۆتاییدا، مێژوو دەیسەلمێنێت کە زیندانیکردنی ئازادیخوازان ناتوانێت بیرۆکەی ئازادی لەناوببات. تا ئەو شوێنەی نادادپەروەری هەبێت، دەنگی ناڕەزایەتیش بەردەوام دەبێت. ماندێلا بووە سیمبولی سەرکەوتنی ئیرادە بەسەر زۆرداریدا، و تێکۆشانی ڕۆژنامەنووسانی وەک شێروان شێروانیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە خەبات بۆ مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕا دەربڕین پرۆسەیەکی بەردەوامە و بە دیواری زیندانەکان کۆتایی نایەت.

سیستەمی ئاپارتاپد ؛

سیستەمێکی فەرمی و جیاکاریی ڕەگەزی بوو لە ئەفریقای باشوور (١٩٤٨-١٩٩٤) کە تێیدا کەمینەی سپیپێست هەموو دەسەڵات، مافی دەنگدان، و سەروەت و سامانی وڵاتیان بۆ خۆیان قورخ کردبوو، لە کاتێکدا زۆرینەی ڕەشپێستیان لە مافە بنەڕەتییەکان بێبەش کردبوو و لە ناوچەی جیاکراوە و هەژاردا گۆشەگیریان کردبوون؛ تا ئەوکاتەی بە خەباتی نێلسۆن ماندێلا و گوشاری لە ساڵی ١٩٩٤دا ڕووخێنرا.

ڕۆبن ئایلاند ؛

دوورگەیەکی ناوداری زیندانە لە باشووری ئەفریقا کە نێلسۆن ماندێلا بۆ ماوەی ١٨ ساڵ لە ژوورێکی زۆر بچووکیدا بەند کرابوو؛ ئێستا کراوەتە مۆزەخانە و سیمبولی سەرکەوتنی ئازادییە بەسەر زۆرداریدا.

بابەتى تر


👤
Live: 127 Today: 1,893 📊 Click Here