جەلەمۆردترین بابە ڕوشە

جەلەمۆردترین بابە ڕوشە

جار بینراوە: (983)

ویستم بۆ ڕێزی كوڕم ئەوە بنووسم كە چۆن لە مانگی پێنجی ساڵی 1988دوا شوێنی یاری كردن بۆ مناڵانی گوندی جەلەمۆرد چەمی بابە ڕوشە بوو، دوا یاریگای ژیان نا ، دوا پەناگەی ژیان ، لەوێ بۆ یەكەم جار منداڵانی ئەو گوندانە كە هەندێكیان زۆر نزیك بوون لە یەكیشەوە یەكتریان بینی و چاو شاركێ و هەلوكێن و بە تۆپە پەڕۆینە تۆپێنیان كرد، ئەوان نەیاندەزانی لە گۆپتەپەو عەسكەر دوو گووندی ناوچەكە چی ڕویداوەو چۆن سەدان كەس ژاری كیمیاوی كوشتونی ، گۆرانیان دەگوت و دڵخۆش بوون بەوەی یەكتریان ناسیوە ، پێكەوە باسی ژیان و كارو بەرخ و گوێدرێژو جوانی گوندو دایبابیان بۆ یەكتر دەكرد .

ویستم بۆ ڕێز بنووسم ئەم چیرۆكە ڕاستیە ناو بنات دوا دڵۆپی پێكەنینی مرۆڤ ، وتم ڕەنگە مورگان پرسیاری ئەوەی لێبكات ئەنفال چۆن ڕویدا ئەو باسی ئەو خۆشیە كاتیەی مناڵانی بابە ڕوشەی بۆ بكات ، ترس لە ناخ و سیمای هەموو دایباب و گەورەكاندا بوو كەچی مناڵەكان یاریان دەكردو گۆرانیان دەگوت و هەڵدەبەزینەوە ، لەوێ سەدان مناڵ یەكتریان ناسی مناڵانی سەرچنارو سەر زێ و عەسكەرو گۆپتەپەو جەلەمۆردو بناری خاڵخاڵان ، ئەمانە ئەو گوندانە بوون كە لە ئەنفالی چوارەمدا بەعس و بارق و جاش دۆزەخیان بۆ دروستدەكردن.

گفت و گۆی مناڵەكان گەرم بوو ، خەونیان دەبینی ، یەكێك دەبوە پێشمەرگەو ئەو ناوچەیەی دەپاراست ، یەك دەبوە مامۆستا ، یەك پزیشك ، كیژێكی قژزەردی چاو كاڵ كە تازە ماسیەكانی سەر زێی جێهێشتبوو ماڵە باجێنەی دەكردو بە هاوڕێكەی دەگەوت دەبمە باشترین چێشت لێنەری دنیا ، هاوڕێكەی وەڵامی دەداوە ” ئەه برا دنیا هەمووی ” قشت و جوان دەخرینگانەوە، هەرچەندە جلو بەرگی بەر ئەو هەموو خەڵكەی بابە ڕوشەو مناڵەكانیش وەك جل و بەرگی ساڵی پاریان ئاڵ و واڵاو ڕەنگاو ڕەنگ نەبوو ، بەڵام لە دورەوە زۆرلە دورترەوە لە سەر خاڵخاڵانەوە بابە ڕوشە بەو هەموو ڕەنگەوە لە باخچەیەكی پڕ لە گوڵ دەچوو ، گوڵی هەمە چەشن باخچەیەكی كاتی ، باخچەیەك كە ڕەنگە یەك دوو ڕۆژی تر یان چەند كاتژمێرێكی دیكە بكرێت بە قەرەبروت،

گفت و گۆو قسەو باسی نێو بابە ڕوشە لە نێوان مناڵان و گەورەكاندا جیاواز بوو ، مناڵان هەر سەرگەرمی یاری و پێكەنین و ڕاكە ڕاك بوون ، گەورەكان بەتەمەنەكان لە خەمی گەنج و مناڵ و ژنەكاندا بوون ، گەنجەكان لە خەمی ئەوانی دیكەدا ، كیژو كاڵ و ژنگەلیش لە مەراقی ئەوەی چۆن ژەمێكی دیكەی خواردن بە ئاسودەیی بدەنە هاوسەرو مناڵەكانیان ، چوون لە بابە ڕوشە ژن زۆر كەمتر بیر لەوە دەكاتەوە خۆی چی بخوات ، یان هیچ نەخوات ، بەڵام ئەوانی تری بیرە.

چەند سات دواتر لە هەموو لایەكەوە پەلاماری بابە ڕوشەو ئەو خەڵكە درا ،هیچ بوارێك بۆ دەرباز بوون نەمایەوە ،دایبابی مناڵەكان هەركەسەو مناڵی خۆی پەنا داو ، بە زۆر مناڵًەكانیان لە یەكتر جیاكردەوەو كایەكەیان تێكدان ، ئەوانیش بەشێك بە گریانەوەو بەشێك بە توڕەیی و ڕقەوە لەو كارەی دایبابیان قەڵەسین، لە ئاسمانەوە كۆپتەرەكان دەیانگرماند ، مناڵانی گوند كە لە ئاسمان كۆپتەر دەبینن، هەڵدەبەزنەوە و دەڵێن :

عەلی كۆپتەر واوەرە

ئاشەكەمان ساوەرە

باوكم ناوی فڵانە

دایكم ناوی خاوەرە

یان هەر شتێكی لەو جۆرە ، هەموو مناڵانیش بێئەوەی بزانن ئەم فڕۆكەو كۆپتەرانە هەڵگری مەرگن سڵاویان بۆ دەكەن و دەستیان بۆ بەرز دەكەنەوە ، لەخوارەوە ڕیژی یەكەمی پەلامارەكە جاشەكان بوو، جاش بریتلا بوون لەو كوردە بە كرێگیراوانەی بەعس بە پارەو چەك هاوكاری دەكردن بۆ كوشتنی پێشمەرگەو خەڵكی سڤیل ، ئەوان هەمووشە پۆشتەو پەرداخ بوون ، جاشێتی و خیانەتیان بە پاشایەتی دەزانی و كەیفیان پێدەهات ، بۆیە دەیانگوت ” جاشایەتی و پاشایەتی” بەعس خاوەن پەروەردەیەكی زۆر مەترسیدار بوو ، ئەو بە جۆرێك تاوان و ستەم و زەبرو زەنگ و تاڵان و كوشتن و لە ناودانی لای كارەكتەرو بكەرەكانی خۆی خۆشەویست دەكردو وای لێدەكردن چێژ لە كوشت و بڕو بینینی ئازاری ئەوی تر ببیننن.

لەو ڕۆژەدا یاری و گەمەو قسەو باس هەموی بووبە زەناو ڕاكردن و هانا بۆ خوا بردن ، دوای جاش ڕیزی دوەم سوپاو دواتریش هێزی تایبەتی بەعس ئەمە بەشێك بوو لە دیمەنێكی ئەو ڕۆژی كۆتای دنیایەی كە زۆردیمەنی دیكەی ماوە بۆ باسكردن ، دوای چەند سەعاتێكی كەم ئیتر بابە ڕوشە بێدەنگترین و بێكەس ترین و كەساس ترین شوێنی دنیا بوو، لەوێ تەنها قاپ و قاچاغی جێماو سەرین و لبادو كوانوی ئامادەكراو بۆ چێشت و جلو بەرگی پرش و بڵاو مابوەوە كە پێشتر جاشەكان لە ناو هەموویاندا بۆ خشڵ و زێڕو پارەو شتی بە نرخ گەڕابوون .

👤
Live: 62 Today: 2,280 📊 Click Here