وەزارەتی پەروەردە بڕیارێک لە زیانی مامۆستایانی وانەبێژی لادراو دەردەکات

- سازگار ئەحمەد
ئەمڕۆ دووشەممە 20ی نیسانی 2026، شاباز ناسر، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی لادراو لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەی راگەیاند، “وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داوە لەبارەی ئەو مامۆستا وانەبێژانەی لابراون کە ژمارەیان نزیکەی دوو هەزار مامۆستای وانەبێژ دەبێت، بەڵام بڕیارەکە لە زیانی ئەو مامۆستایانەیە”.
ئاماژەی بەوەکرد، “بەپێی بڕیارەکە بێت تەنیا کار بۆ گەڕانەوەی ئەو مامۆستایانە دەکرێت کە پسپۆڕن، بەڵام هیچ کارێک بۆ مامۆستا ناپسپۆڕەکان ناکرێت ئەوانەی کە دەرچووی بەشە پەروەردەییەکان نین”.
شاباز ناسر وتی، “بەم بڕیارە نزیکەی 600 بۆ 700 مامۆستا زیانیان پێدەگات و هەیانە خزمەتێکی زۆری هەیە، بەڵام بەم بڕیارە خزمەتەکەی لەناودەچێت و هیچ کارێکی بۆ ناکرێت”.
وتیشی، “پێشتر 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ کراون بە گرێ بەست بەبێ ئەوەی گوێ بە پسپۆڕی و ناپسپۆڕی بدرێت، بۆیە داواکارین ئەم بڕیارە هەڵوەشێتەوە”.















Post Comment