كێ دژی سلێمانییە و کێ بەرگری لێ دەکات؟

كێ دژی سلێمانییە و کێ بەرگری لێ دەکات؟

جار بینراوە: (6)

بەڵێ سلێمانی ئەتککرا. من لە نوسینێکدا وام نوسی. ئەم گوزارشتە بۆ خەڵکی سلێمانی نییە، بەڵکو بۆ ئەو دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و چالاکوان و پاتاڵانەیە کە بە دەنگی سلێمانی بوون بە خاوەنی سەروەت و سامان و ئیستاش ڕەخنە لە من دەگرن کە گوایە من هێرش دەکەمە سەر سلێمانی.

من لە ناو دڵی سلێمانیدام و ئەم شارەم جێ نەهێشتووە و بەتەماش نیم جییبهێڵم و بەردەوام بەرگری لە سلێمانی و کۆی شارەکانی تری کوردستان دەکەم. بەڵام با قسەیەک بکەین و بزانین کێ شاری ئەتککرد.

ئەوانەی سلێمانییان ئەتککرد ئەمانەبوون:

• یەکێتی نوێ و کوڕانی بنەماڵە، کە سەرخان و ژێرخانی ئەم شارەیان داگیرکردووە و شار دەکەنە سەربازگە و سزای زیندانییەکان دەدەن

• پارتی، کە بە بوغرایی و لوتبەرزییەوە سلێمانی پەراوێز خستووە و لە بۆسەدایە بۆ شکاندنی سلێمانی

• گۆڕان و نەوشیروان مستەفا، کە دوای خۆی سەدان دۆنم زەوی و کارگەی بۆ منداڵەکانی جێهێشت و هیچی لە دنیای ئێمە نەگۆڕی

• نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحید کە فێڵیان لە خەڵک کرد و خۆیان کردەوە بە ماڵە نوێیەکەی یەکێتیدا

• ئەو ئۆپۆزسیۆنە ساختەیەی بە ئاشکرا جاشی شیعەکانە و لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەرهەرێم ورتەیان لێوە نەهات

• ئەو حزبە ئیسلامییانەی کە شار وەک یەک پارچە لە ژن و پارە دەبینن و هەر یەکەیان ئەجێندای وڵاتێکن

• پارێزگاری سلێمانی کە ٢٥٠ هەزار دەنگی خەڵکی سلێمانی برد و ئیستاش ستایشی یەکێتی دەکات

• دەریایەک لە ڕۆژنامەنوسی دەربار و چاودێری ساختە و ڕۆشنبیری قەڵەمفرۆش کە ئەوەی بە تەنگیەوە نایەن سلێمانی و ناوبانگ و سومعەکەیەتی.

• ئەو قومارچی و موزیعانەی کە بە نەڕەنەڕ، دەیانوت دەیگۆڕین و بوونە پارلەمانتار و لە قومارخانەکاندا کەرامەتی خۆیان لە قوماردا دەدۆڕان ئیستا لە دەرەوەی وڵات پارەی خانەنشینی پارلەمان دەخۆن و دەیانەوێت لەسەر سلێمانی مافی پەنابەری وەربگرن. (دەبوو قەت بەم حەدە نەبوایە بۆ دنیا پەلەی مەخلوق).

من لەناو خەڵکی سلێمانیدام و ئەوە خەڵکی ئەم شارەیە پێم دەڵێن لە چەندین ئیحراجی و لە زیاد لە ویستگەیەکدا لەجیاتی هەمووان فریای ئەم شارە کەوتی. بۆیە من پرسیار لە خەڵکی سلێمانی دەکەم: ئەمانە بوون شاریان ئەتککرد یان ڕەخنەیەکی من لەم شارە؟

بەڵێ ئەم شارە بێدەنگە و دۆش داماوە بەدەست ئەم هەموو ساختەچییەوە. ئەم شارە دەبێت بەخۆیدا بچێتەوە و چیتر نەبێتە زیندەوەری تاقیگە و هەرکەسێک بێت و بەناوی ئۆپۆزسیۆن و چاودیر و ڕۆشنبیر و تەماحی پارلەمانتارییەوە فێڵی لێ بکات.

بە هیوای خاڵیبوونەوەی شار لە ساختەچییەکان

بابەتى تر

👤
Live: 95 Today: 1,471 📊 Click Here