شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: مژدەتان لێبێت جارێکیتر خۆری دادپەروەری دەرکەوتەوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: مژدەتان لێبێت جارێکیتر خۆری دادپەروەری دەرکەوتەوە

جار بینراوە: (11)

-

بەبۆنەى دەرچوونی بڕیارى
دادگای تاوانەکانی عیراق بۆ لەسێدارەدانی عەجاج، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامێکی بڵاوکردەوە
و دەنوسێت، “مژدەتان لێبێت جارێکیتر خۆری دادپەروەری دەرکەوتەوە “.

لە پەیامەکەدا هاتووە،
“پیرۆزبایی لە یەکە بە یەکەی خەڵکی دڵسۆز و کوردپەروەری کوردستان ئەکەم، بەتایبەت
لە کەسوکاری دڵ برینداری ئەنفالکراون و هەموو ئەو شاهیدحاڵانەی زیندانی نوگرە سەلمان
کە لەم کەیسەدا ئامادە بوون و شاهیدییان دا”.

دەقی پەیامەکە:

خوشک و برایانم، کەس و
کاری سەربەرزی ئەنفالکراوان

مژدەتان لێبێت جارێکیتر
خۆری دادپەروەری دەرکەوتەوە و ئەمڕۆ لە مێژووی نەتەوەکەماندا رۆژێکی مەزنە.

دوای دەرچوونی بڕیار بۆ لە سێدارەدانی سەدامی
تاوانبار و عەلی کیمیایی و سەرە تاوانکارەکانی بەعس،ئەمڕۆ بڕیاری لە سێدارەدان بۆ یەکێکیتر
لە دڵڕەقترین جەللادەکانی دژ بە کورد و تینوو بە خوێنی گەلە بێتاوانەکەمان لە کاتی
پڕۆسەی ئەنفالدا دەرچوو.

بڕیاری لە سێدارەدان بۆ
عەجاجی تاوانبار بە کوشتن و زیندە بەچاڵکردنی سەدان ژن و پیاو و منداڵی بێتاوانی
کوردستان لە زیندانە دورەدەستەکەی نوگرەسەلمان دەرچوو.

عەجاج وەک تاوانکارێکی
هەڵاتوو، چەندین ساڵ خۆی شاردەوە و بە ترسنۆکی لە سوچ و پەنایا ژیا، پێی وانەبوو هەرگیز
دەستی دادپەروەری ئەیگاتێ و بەرۆکی ئەگرێ و باجی تاوانە قێزەونەکانی پێئەدات.

سوپاس بۆ خوا بەر لەوەی
ئومێدی ئێمە و کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان بە دەستگیرکردنی ئەم تاوانبارە گەورەیە
کاڵ بێتەوە، لە پڕۆسەیەکی وورد و جوامێرانەدا دەستگیرکرا و خرایە بەردەم دادگا.

لەدوای دەستگیرکردنی،
چاودێری تەواوی پرۆسەی وەرگرتن و کۆکردنەوەی سکاڵاکان و گەیاندنیان بە دادگام کرد
و دواتریش لە پرۆسەی دادگایکردنەکەیدا سەرجەم لایەنەکانم ڕاسپارد کە ئامادەکاری تەواو
بۆ بەڕێوەچوونی دادگایی کردنەکە بکەن تا بە باشترین شێوە بەڕێوەبچێت.

پاش لێکۆڵینەوەی ورد و داننانی بە هەموو ئەو
تاوانانەی لە پڕۆسەی ئەنفالدا ئەنجامی داون، دوای ئەوەی داگای بەڕێز گوێی لە سکاڵای
شاهیدحاڵەکان گرت و هەموو بەڵگەکان لە دژی خرانەڕوو، سەرەنجام تاوانبارکرا و بڕیاری
لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو.

پیرۆزبایی لە یەکە بە یەکەی
خەڵکی دڵسۆز و کوردپەروەری کوردستان ئەکەم، بەتایبەت لە کەسوکاری دڵ برینداری ئەنفالکراون
و هەموو ئەو شاهیدحاڵانەی زیندانی نوگرە سەلمان کە لەم کەیسەدا ئامادە بوون و شاهیدییان
دا. پیرۆزبایی لە تێکڕای ئەو تیمە لەخۆبردووە ئەکەم کە هەر لە دەستگیرکردنەکەیەوە
تا کۆتایی هەموو پرۆسە ئیداری و یاساییەکە لەگەڵ ئێمە و کەس وکاری سەربەرزی ئەنفالکراواندا
بوون. ئەزانم چەند ماندوو بوون بۆیە دەستی ماندوونەبوونییان ئەگوشم و لە دڵەوە
سوپاسیان ئەکەم.

سوپاس بۆ دادگای بەڕێز
کە بە بێ کەمتەرخەمی و بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە کەیسی ئەم تاونبارەی بە ئەنجام گەیاند
و بڕیاری شایستەی بۆ عەجاجی تاوانبار دەرکرد.

بینیمان دوژمنەکانمان
لە کاتی دەسەڵاتیاندا چەندە دڵڕەق و بێبەزەیی بوون، ئەشبینین ئەو کاتەی چەرخی رۆژگار
لە دژیان ئەسوڕێ و لەبەردەم دادگا خۆیان ئەبیننەوە، چەندە زەبون و تێکشکاو و
رووخاون. ئەمەش وانەیەکی باشە بۆ هەموو ئەوانەی کە هێشتا ئەیانەوێ گەلی ئاشتیخواز و
بێدیفاعی ئێمە ئازار بدەن.

جارێکیتر و هەزار جاری
تر پیرۆزبایی لە خۆم و لە ئێوە و هەموو کەس وکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان و هەموو
ئازادیخوازانی جیهان و خاکی پیرۆزی کوردستان ئەکەم .

سوپاس بۆ خوا… سوپاس
بۆ دادپەروەری

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

بابەتى تر

👤
Live: 63 Today: 1,439 📊 Click Here