سێ گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدرانەوە کە بەشێکیان رووفاتی پێشمەرگەیان تێدایە

سێ گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدرانەوە کە بەشێکیان رووفاتی پێشمەرگەیان تێدایە

جار بینراوە: (84)

-

سێ گۆڕی بەکۆمەڵ لە دەوروبەری موسڵ دۆزرانەوەو بەڵگە سەرەتاییەکان
ئاماژە بەوە دەدەن کە قوربانییەکان پێشمەرگە و هاوڵاتیی مەدەنی و کوردانی ئێزدی بن
کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کۆمەڵکوژ کراون
.

تیمەکانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە سنووری پارێزگای نەینەوا، دەستیان
بە دەرهێنانی رووفاتی ئەو کەسانە کردووە کە لە کاتی شەڕی داعشدا شەهید کراون
.

رۆژی 16ی نیسانی 2026، د.یاسین کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی پەیمانگای پزیشکیی
دادوەریی هەرێمی کوردستان، لە لیدوانێکدا رایگەیاند، “لە دوای ساڵی 2015ـەوە
بەدوای ئەم شوێنانەدا دەگەڕێین. بەپێی ئەو زانیاری و شاهیدانەی لەبەردەستمانن، لێرە
سێ گۆڕی بەکۆمەڵ هەن؛ دوو گۆڕیان هی پێشمەرگە و هاووڵاتیی مەدەنین، گۆڕی سێیەمیش کە
لە بەشی سەرەوەی ئەوانی دیکەیە، رووفاتی ئافرەت و منداڵی تێدایە
.”

جەختی لەوەش کردەوە کە بەپێی جلوبەرگەکان، بەتایبەت بوونی
“جامانەی سوور” و “قەمسەڵەی عەسکەری”، دڵنیان کە ژمارەیەک لەو
رووفاتانە پێشمەرگەن. پێشبینی دەکرێت لەو شوێنەدا رووفاتی 10 بۆ 15 پێشمەرگە هەبێت
کە پێشتر شوێنبزر بوون
.

دکتۆر یاسین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە شێوازی کۆمەڵکوژکردنی
قوربانییەکان کرد و گوتی: “هەموو قوربانییەکان چاویان بەستراوەتەوە و دەستیان
لە پشتەوە کۆت کراوە، پاشان بە فیشەکی دەمانچە یان کڵاشینکۆف لە سەریان دراوە؛ هەندێکیان
لە پشتەوە و هەندێکیان لە پێشەوە فیشەکیان پێوە نراوە
.”

سەبارەت بە ناسینەوەی ناسنامەی قوربانییەکان، دکتۆر یاسین رایگەیاند
کە رێکارەکان بە هەماهەنگی لە نێوان پزیشکی دادی بەغدا و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچن.
تا ئێستا نموونەی خوێن
(DNA) لە 150 خێزانی
پێشمەرگە وەرگیراوە بۆ ئەوەی دوای دەرهێنانی رووفاتەکان، پشکنینەکان هاوتا بکرێن و
بە فەرمی ناسنامەکانیان رابگەیەنرێت
.

تیمەکانی پزیشکی دادی ئێستا سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارچە و رووفاتەکانن
بۆ ئەوەی رەوانەی تاقیگە بکرێن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بە چاوەڕوانیی چەندین
ساڵەی کەسوکاری ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕی دژی داعشدا بێسەروشوێن بوون.

بابەتى تر

👤
Live: 83 Today: 1,925 📊 Click Here