دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان: ئەندامییەتی دانا ئەحمەد مەجید لە بزووتنەوەی گۆڕان بە پشت بەستن بە وەکالەتنامەیەکی پووچەڵ کارێکی پووچەڵە

-
دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان لەبارەی سکاڵایەکی یاسین حەمە عەلی، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان “باڵی گردەکە” لەبارەی ئەندامێتی دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا.
بەپێی بڕیارەکە بێت دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان بڕیاری هەڵبژاردنی (دانا ئەحمەد مەجید)ی وەک رێکخەری گۆڕان هەڵوەشاندەوە و دەڵێت، “ئەندامییەتی دانا ئەحمەد مەجید لە بزووتنەوەی گۆڕان بە پشت بەستن بە وەکالەتنامەیەکی پووچەڵ کارێکی پووچەڵە”.
دەقی بڕیارەکە:
کۆماری عێراق
ئەنجومەنی باڵای دادوەری
دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان
ژمارە: ١٣/دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان/٢٠٢٦
بەروار: ٢٣ / ٤ / ٢٠٢٦
دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان لە بەرواری ٢٣ / ٤ / ٢٠٢٦ بە سەرۆکایەتی دادوەر بەڕێز حەسەن فوئاد و ئەندامییەتی دادوەران بەڕێزان ئەحمەد عەلی خەڵەف و جەلیل عەدنان خەڵەف کە ڕێپێدراون بە ناوی گەلەوە دادوەری بکەن، کۆبۆوە و ئەم بڕیارەی دەرکرد:
– تانەدەر: یاسین حەمە عەلی محەمەد ئەمین/ بریکاری بزووتنەوەی گۆڕان (تەغییر).
– بڕیاری تانەلێدراو: بڕیاری ئەنجومەنی کۆمیسیاران ژمارە (٢) بۆ کۆنووسی ئاسایی ژمارە (٩) لە بەرواری ٣١ / ٣ / ٢٠٢٦.
بڕیار
لە کاتی وردبینی و ڕاوێژکردندا، دەرکەوت کە تانەکە لە ماوەی یاسایی خۆیدا پێشکەش کراوە، بۆیە بڕیار درا بە وەرگرتنی لە ڕووی شێوەوە، سەبارەت بە ناوەڕۆکی تانەکە، دەرکەوت کە پێشتر فەرمانگەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەندامبوونی بەڕێز (دانا ئەحمەد مەجید) لە ئەندامییەتی بزووتنەوەی گۆڕان (تەغییر) لە ساڵی ٢٠٢٤، وە ئەنجومەنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە بڕیاری خۆی کە جێگەی تانەیە و هەڵگری ژمارە (٢)ی کۆنووسی ئاسایی (٩)یە لە بەرواری ٣١ / ٣ / ٢٠٢٦، ڕەزامەندی لەسەر ئەندامییەتی دەربڕیوە.
لە کاتێکدا جێگیر بووە بەپێی بەڵگەنامەکانی تانەکە، کە کردنی بەڕێز (دانا ئەحمەد مەجید) بە ئەندامییەتی بزووتنەوەی گۆڕانەوە لە ڕێگەی وەکالەتنامەیەکی فەرمییەوە بووە کە لەلایەن بریکاردار (نەوشیروان مستەفا ئەمین) صادر کراوە، کە کۆچی دوایی ناوبراو لە بەرواری ١٩ / ٥ / ٢٠١٧ چەسپاوە.
بەو پێیەی وەکالەتنامە بە مردنی بریکاردار کۆتایی دێت بەپێی ماددەی ٩٤٦ لە یاسای شارستانی ژمارە ٤٠ی ساڵی ١٩٥١ی هەموارکراو، ئەمەش وا دەکات کارەکانی بریکار (وەکیل) دوای مردنی بریکاردار (مووەکیل) پووچەڵ بن و هیچ کاریگەرییەکی یاساییان نەبێت، هەرچییەک لەسەر بنەمایەکی پووچەڵ بنیاد بنرێت، خۆشی پووچەڵە؛ بۆیە وەرگرتنی ئەندامییەتی (دانا ئەحمەد مەجید) لە بزووتنەوەی گۆڕان بە پشت بەستن بە وەکالەتنامەیەکی پووچەڵ، کارێکی پووچەڵە و هیچ ئەنجامێکی یاسایی لێ ناکەوێتەوە.
دەبوو لەسەر ئەنجومەنی کۆمیسیاران کە ڕەزامەندی لەسەر بڕیاری فەرمانگەی پارتەکان نەکات بۆ وەرگرتنی ئەندامییەتی ناوبراو لە بزووتنەوەکەدا بەهۆی ئەو هۆکارەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا. بەو پێیەی ئەنجومەنی کۆمیسیاران ئەمەی ڕەچاو نەکردووە لە بڕیارە تانەلێدراوەکەیدا، ئەمە وای لێدەکات پێچەوانەی بنەما و یاساکان بێت، بەتایبەت ماددەکانی ١٩ و ٢٠ لە یاسای کۆمیسیۆن ژمارە ٣١ی ساڵی ٢٠١٩ و ماددەی ٨ لە ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای پارتەکان ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٦.
بۆیە بڕیار درا بە هەڵوەشاندنەوەی (نقض) بڕیاری تانەلێدراو و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی کۆمیسیاران و فەرمانگەی پارتەکان بۆ پەیڕەوکردنی ئەوەی لەسەرەوە هاتوە. بڕیارێکی کۆتاییە و بە کۆدەنگی لە بەرواری ٢٣ / ٤ / ٢٠٢٦ دەرچووە.
ئیمزاکان:
* دادوەر: جەلیل عەدنان خەڵەف (ئەندام)
* دادوەر: ئەحمەد عەلی خەڵەف (ئەندام)
* دادوەر: حەسەن فوئاد (سەرۆکی دەستە)














Post Comment