تەندروستی سلێمانی: پەتای سكچوون و رشانەوە لەناو منداڵاندا دەستی پێكردووە

تەندروستی سلێمانی: پەتای سكچوون و رشانەوە لەناو منداڵاندا دەستی پێكردووە

جار بینراوە: (284)

-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی حوزەیرانی 2026، دكتۆر كۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ راگەیانەکان، هۆشداریی دەداتە دایكان و باوكان لەبارەی دەسپێكردنی پەتای وەرزی و رایدەگەیەنێت كە حاڵەتەكانی سكچوون و رشانەوە زیادیان كردووە، بەڵام توند نین.

راشیگەیاند، “بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ كەشووهەوا لەپڕ گەرم نەبوو، ئەمە بووە هۆی دواكەوتنی بڵاوبوونەوەی پەتای سكچوون و رشانەوە كە لە وەرزە گەرمەكاندا باوە، بەڵام ئێستا نەخۆشییەكە دەستی پێكردووە و نەخۆش لە نەخۆشخانەكان داخڵ دەكرێن”، بەڵام ئاماژەی بەوە كرد، كە “ئەو حاڵەتانەی ئێستا هەن توند نین و هیچ گیانلەدەستدانێك تۆمار نەكراوە، بۆیە دۆخەكە بە تەواوی لەژێر كۆنترۆڵدایە”.

لەبارەی رێكارە خۆپارێزییەكانەوە، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان كۆمەڵێك رێنمایی ئاراستەی دایكان و باوكان كرد و وتی: “پێویستە دایكان و باوكان پاكوخاوێنی منداڵەكانیان رابگرن، بەتایبەت لە كاتی چوونیان بۆ مەلەوانگە، سەیرانگاكان و خواردنی دەرەوە”.

هەروەها جەختی لەسەر گرنگیی دەستشۆردنی بەردەوام كردەوە و رێنمایی ئەو دایكانەشی كرد كە شیری قوتوو دەدەن بە منداڵەكانیان، كە پێویستە بەردەوام مەمەی منداڵەكانیان تەعقیم بكەن بۆ رێگری لە گواستنەوەی هەر جۆرە ڤایرۆس و بەكتریایەك.

بابەتى تر

👤
Live: 68 Today: 1,583 📊 Click Here