پاڵتۆ
دوای تەقەی چاخانەکە چیتر پێویست ناکا هەردوو خولە، یەکتری راونێن، چونکە ئەو کەسەی چارەنووسی رووداوەکانی ئەنووسییەوە قەڵەمەکەی بۆ یەکجارەکی لەکار کەوتو مەگەر (زەمەن) سمکۆ ناکامێکی تر بەرهەم بهێنێو پێمان بڵێ ڕاوڕاوێنی جەخماخەو چەخماخساز بەچی ئەگات…
چیتر تەلەبەکانیش ترسیان نەبێ لەوەی “قائمقام”ێکی تر بێو باخچەکەیان لێ داگیر بکاو “گوڵە مێخەک” یەک جار نووسراو نووسەرەکەشی دوا سەفەری کرد.. با چیتر “بەکر مەرگەوەڕەکان”ی شانۆی پێشڕەو خەریکی مقۆ مقۆو ڕاپۆرت نووسین نەبن ئەوکات بۆ “ئەمن”و ئێستا بۆ “پاراستن”، چونکە گێژاوی سەریان کە “سمکۆ” بوو، چیتر نابیننەوە…
زۆریان ووتو زۆریان کرد، گرەویان لەسەر دەیان قوماری دژ بە”سمکۆ” کرد، بەڵام دواجار “سمکۆ” ماراسۆنی دەقی شانۆیی کوردی بردەوەو ئەوانیش هەر خەریکی “گاگۆڵکێ”ن…
تەراتێنو فرۆشتنی هونەریان لەمەزادخانەی ویژدانا کردووە بەقاسەو ڤێلاو سمکۆش خاوەنی یەک مەتر ئەرزو یەک دیناری تەقاعودی نەبوو، “یونس” بەخۆڕایی نەیووت: وەرە لەم تەویلەیەیا بژی!!!
دیارە گەر سمکۆ لە”یوم المیلاد” بەخۆیو کەمانچەکەیەوە بەشانو باڵی سەرۆکا !!هەڵی بایە، ئەوا ئەمڕۆ سەندیکای بەناو “هونەرمەندان” هاوخەمییەکیان دەرئەبڕی، بەڵام خۆشبەختانە ئەوەیان نەکردووە، چونکە ئەوکات گومان ئەچووە سەر سمکۆ…!!
سیو یەک ساڵ لەمەوپێش “چێوار” ماڵئاوایی لە:سمکۆ” کردو بەم کۆچەیشو یەکگرتنەوەی هەردووکیان “بەیتی رێزانکێ” بەداڕشتنو داهێنانێکی تازەوە یەتە دی…
گەر سمکۆو چێوار هەر بۆ “نوکتەو قاقا” چەن ساڵێک “موستەشار” بونایە، ئێستا دوو مەکتەبیان بەناوەوە ئەبوو…
بەهای ئەستێرە لەبەرزییەکەیەتیو رووناکییەکەی بەهیچ تاریکیو عەبایەک ناشاردرێتەوە، سمکۆ لەنووسینا داهێنەرێکی بلیمەت بوو، داهێنانەکانیشی گەیانیە بەرزایی ئەستێرەو رووناکیەکەی کونو درزو ژوورە تاریکەکانی خستەڕوو، کەس ناتوانێ “پاڵتۆ”ی داهێنانەکانی بدزێ…















Post Comment