مەسعود بارزانی: ڕێگە نادەین هەرێمی کوردستان ببێتە پەناگەی گەندەڵکاران

مەسعود بارزانی: ڕێگە نادەین هەرێمی کوردستان ببێتە پەناگەی گەندەڵکاران

جار بینراوە: (22)

-

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بنبڕکردنی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکاران ئەرکێکی پیرۆزە و جەختدەکاتەوە کە لەم پڕۆسەیەدا هێڵی سوور لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، لە پیرمام مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە دکتۆر محەمەد عەلی ئەللامی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد، کە تێیدا سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمیش ئامادەی بوو.

بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق کورتەیەکی لەبارەی ڕێکارەکانی نەهێشتنی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسەیە خستە ڕوو، هاوکات داوای پشتیوانی لە مەسعود بارزانی کرد بۆ یارمەتیدانی عێراق لە بنبڕکردنی گەندەڵیدا و سوپاسی هەماهەنگییەکانی دامودەزگاکانی هەرێمی کرد.

لای خۆیەوە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵ دەربڕی و ڕایگەیاند: بنبڕکردنی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکاران ئەرکێکی پیرۆزە.

مەسعود بارزانی دووپاتیشی کردەوە: بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت هەرێمی کوردستان ببێتە پەناگەیەک بۆ گەندەڵکاران و لەو پڕۆسەیەدا هێڵی سوور لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، سەرگرتنی پڕۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پێویستی بە بەردەوامی هەیە و نابێت وەستانی تێبکەوێت، تاوەکو دادپەروەری بەتەواوی بەدیبێت.

بابەتى تر

👤
Live: 105 Today: 1,174 📊 Click Here